بەهای ئەو گازەی توركیا دۆزیەوە بە 65 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت

  2020-08-22  | 
کەشتی دۆزەرەوەی گازی سروشتی لە دەریای رەشدا
فۆتۆ: AA
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قەبارەی ئەو گازەی توركیا لە دەریای رەشدا دۆزیویەتیەوە 320 ملیار مەتر سێجایە، وەزیری وزەی توركیا بەهاكەی بە 65 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.

فاتح دۆنماز، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا، رایگەیان ئەو گازە سروشتیەی دۆزراوەتەوە لە دەریای رەشدا بڕی 320 ملیار مەتر سێجا دەبێت. 

ئەو راشیگەیاند كارەكانی وڵاتەكەیان بۆ دۆزینەوەی ئەو گازە سروشتیە ماوەی 14 مانگ پێش ئێستا دەستی پێكردووە، بە قورسیشی زانی خەمڵاندن بۆ بەهاكەی بكەن. 

وەزیری وزەی توركیا ئەوەشی راگەیاند: نرخی گاز بەپێوەرە جیھانییەكان پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە. ئەگەر سەیری تێڕوانینی ماوەی 3 بۆ 5 ساڵی رابردوو بكەین، بەھای ئابووری ئەو گازەی دۆزراوەتەوە دەتوانین بڵێین 65 ملیار دۆلارە. 

ئەوەش دوای ئەوە هات كە دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: بە كەشتییەكانی یاڤوز و قانونییەوە چووینەتە ریزی ئەو وڵاتانەوە كە لە سەر ئاستی جیهان لە ریزی هەرە پێشەوەن. كەشتی پشكنینی فاتیح لە 20ی تەمووزی 2020 ەوە توانیوێتی كێلگەیەكی گازی سرووشتی كە 320 ملیار مەتری سێجا گازی سروشتی لەخۆی گرتووەبدۆزێتەوە.

سەرۆك كۆماری توركیا ئەوەشیوت، تەواوی ئەو ئۆپراسیۆنە لە رێی توانا ناوخۆییەكانەوە ئەنجامدراوە، ئامانجیانە لە ساڵی 2023دا خەڵكی وڵاتەكەیان غازی سروشتی دەریای رەش بەكار بهێنێت.