مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییە مەزنەکان و تاوانە تایبەتەکان.
کازمی لە وتەیەکدا بەبۆنەی ساڵیادی عاشوراوە ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سوکایەتیکردن بە خۆپیشاندەرانی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو کۆتایی هاتووە و دەستکراوە بە سەرژمێریکردنی بریندار و قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکان، بۆ ئەوەی مافی خۆیان وەربگرنەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە، هیچ نەرمییەک نانوێنن لەجێبەجێکردنی یاسا لەدژی ئەو کەسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ماڵ و سامانی گشتی و تایبەت، بە توندی ڕووبەڕووی ئەو دەستدرێژی و سوکایەتییانە دەبنەوە کە دەکرێتە سەر ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان و کارمەندانی تەندروستی و توندترین سزای ئەنجامدەرانی دەدەن.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا کازمی وتی "ڕێگە نادەین بە هیچ کەس و لایەنێک ڕامانکێشێت بۆ نەبوونی دەوڵەت، هەڵبژاردنی پێشوەختەش پابەندبوونی جێگیری ئەوانە لەبەردەم گەلی عێراقدا".
لە کۆتایی وتەکانیدا کازمی جەختیکردەوە، چەکی کۆنترۆڵنەکراو و تاوانی ڕێکخراو و تیرۆر و فڕاندن، خەنجەرێکە لەدژی نیشتیمان هەموو عێراقییەک دراوە.