رێكاری تایبەتی بۆ دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان گیراوەتەبەر

  2020-10-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ دووشەممە، كاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بەڕێوەدەچێت، ئامادەكاریەكی تایبەتی بۆ كراوە.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد بوو، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی تاوتوێ دەكرێت.

هەرچەندە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ بابەتی پرساندن نیە بەڵكو سەرۆكی حكومەت خۆی داوای ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كردووە، بەڵام رێوشوێنێكی تایبەت لە پەرلەمانی كوردستان گیراوەتە بەر و سەرچەم رۆژنامەوانان و ئەو كەسانەی روویان لە پەرلەمان كردووە پشكنینیان بۆ كراوە. 

هەرچەندە 23 پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن لە یاداشتێكدا داوایان كرد بۆ پرساندن هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بچنە پەرلەمان، بەڵام پێش جێبەجێكردنی ئەو یاداشتە سەرۆكی حكومە تداوای دانیشتنی پەرلەمانی كرد. 

بە گوێرەی وتەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنی ئەمڕۆ و دانیشتنی لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت جیاوازن و بە دوو شێوەی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەكرد كە داخوازی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن حكومەتەوە بە مەبەستی پوچەڵكردنەوەی پرساندنەكەیە كە ئۆپۆزسیۆن داوایكردووە. 

 دانیشتنەكەدا بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی موچە و دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ و بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.

پەرلەمانی كوردستان لە دوێنێوە چەند ئامادەكاریەكی تایبەتی دەستپێكردووە بۆ دانیشتنەكەی ئەمڕۆ و رێكاری ئەمنی توندیش گیراوەتەبەر كە پێشتر ئەمنیەتی پەرلەمان بەوشێوەیە نەبووە. 


ڕیکلام