لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە زۆری مردنی تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی پێكهێنرا

  2020-10-07  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەندروستی سلێمانی بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی زۆری رێژەی مردنی تووشبووانی كۆرۆنا لیژنەیەكی پێكهێناوە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیش دەڵێت بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بە گونجاو نازانن.


هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، لە دیدارێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند "قەدەغەی هاتووچۆ هیچ لەبارودۆخی كۆرۆنا و تەشەنەسەندنی كۆرۆنا ناگۆڕێت بگرە ئەوەی كە زۆر گرنگ بێت داخستنی هەندێك شوێنە لەوانە كافتریاكان، ئەگەر بابەتی كۆرۆنا زیاتر تەشەنەی سەند پێویستە ئەو شوێنانە ڕێ و شوێنیان لەگەڵ بكرێت هەندێك شوێن دابخرێت و هەندێك شوێنیش لەژێر چاودێری چڕی خۆپارێزیدا بن".

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، ئەوان لە ئێستادا بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بە گونجاو نازانن ڕایگەیاند: سلێمانی لەڕووی تووشبوونەوە تائەم ساتەش خۆی لەپارێزگاكانی هەرێم كەمترینە ئێستا بەڵام ئەوەی كەجێگەی نیگەرانییە ئەوەیە كە لەسلێمانی ڕێژەی مردن تێیدا بەبەراورد بەهەولێر و دهۆك و زۆربەی پارێزگاكانی عێراق زۆرترین ژمارەی مردوو بەر سلێمانی كەوتووە، ئێمە تائێستا نازانیین هۆكارەكان چییە، پێویستی بەدیراسەكردن هەیە هەر لەسەر زیادبوونی ژمارەی مردن. 

ئەو روونیكردەوە كە لیژنەیەكیان بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی زۆری رێژەی مردن لە سلێمانی پێكهێناوە و دەشڵێت "پێشبینیەكانی ئێمە بۆ پایز دۆخێكی سەختر دەبێت لەوەی ئێستا هەیە، لەبەر ئەوە ئێمە لە ئێستاوە ڕێكاری تەواومان داناوە بۆ ئەوەی بتوانیین كۆنتڕۆڵی ئەو بارودۆخە بكەین یان لانی كەم بتوانین بارودۆخی كۆرۆنا بەسەقامگیری یاخود لەوە زیاتر تەشەنە نەسەنێت بیهێڵینەوە تا نەگەینە تەنگژەی سەخت و دژوار".


ڕیکلام