ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای رونکردنەوە لە دادگای گەرمیان دەکات

  2020-10-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەندامێکی ئەنجومەن بە تەزویر نوسراوێکی ئاراستەی داداگای گەرمیان کردوە و داوای رونکردنەوە دەکات.

بەپێی نوسراوەکە، ئەنجومەنی پارێزگا داوایکردوە دادگای گەرمیان رونکردنەوەیان پێ بدەن لەسەر جۆری تۆمەت و ئەو سکاڵایەی لەسەر محەمەد وەهاب ئەندامی ئەنجومەنەکە کراوە.

هەروەها داواش دەکەن رونکردنەوەیان بدەنێ لەسەر هۆکاری رەچاونەکردنی خاڵی دووەم بڕگەی یەکەم لە ماددەی سێهەمی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم.

بەپێی ئەو ماددەیەی یاسای پارێزگاکان نابێت ئەندامی ئەنجومەن بەبێ رەزامەندی ئەنجومەن راوەدووبنرێ تەنیا لە حاڵەتی تاوانێک یان کەتنێکدا نەبێت کە پێوە دەگیرێ.

لەدوێنێوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەتەوە کە لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە پشکی گۆڕان دەرچووە بە تۆمەتی تەزویرکردنی وەسڵ لە مەرزی پەروێزخان، هەروەها پۆلیس چونەتە سەر ماڵەکەی بەڵام لەماڵ نەبووە.



ڕیکلام