کازمی لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد

  2020-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان کۆبووەتەوە وجەختیکردووەتەوە لەوەی، حکومەت چەند ئەرکێکی دیاریکراوی پێ سپێردراوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و وادەی بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکردووە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق قەوارە سیاسییەکان کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری دارایی و پلاندانانیش ئامادەی بوون، گفتوگۆ کراوە لەسەر کارنامە سپیەکەی حکومەت، تایبەت بە تیپەڕاندنی ئەو بەربەستە ئابوریانەی کە وڵاتەکەی پێدا تێپەر دەبێت، بە تایبەت ئەو بەشەی پەیوەندیی هەیە بە لایەنی داراییەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە کازمی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی کردووە بە قەبارەی ئەو بەربەست و ڕێگرییانەی کە روبەڕوی عێراق بووەتەوە، لەسەر ئاستی تەندروستی و کاریگەرییەکانی کۆرۆنا، هەروەها لەسەر ئاستی ئابوری ئەو قەیرانە قورسە داراییە کە لەئارادایە، یاخود لەسەر ئاستی ڕێگرییە ئەمنییەکان، لەوڕوانەوە جەختیکردووەتەوە لەوەی، سەرباری ئەوەی حکومەت روبەڕوی فشار و ڕێرگری زۆر بووەتەوە، بەڵام سورە لەسەر کارکردن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە.

کازمی ڕوونیکردووەتەوە، حکومەت ڕاسپێردرا بە چەند ئەرکێکی دیاریکراو بە تایبەت هەڵبژاردنی پێشوەختە، دیارە وادەی ئەنجامدانی دیاریکر، هەروەها یاسای هەڵبژاردنەکان کۆتایی پێ هات، کارکردنیش لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندارەکان بەردەوامە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، ئەوەش بە مانای ئەوەیە ئەوان وەڵامی داخوازی گەلی خۆیان و مەرجەعیەتیان داوەتەوە.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی چارەسەرکردنی بەربەستە ئابورییەکان کارێکی ئاسان نییە، قەیرانی ئێستاش پەیوەندیی نییە بە حکومەتی ئیستا و ڕێوشوێنەکانییەوە، کە دیارە دۆخەکە پێویستی بە چاکسازی ڕاستەقینە و یلانی درێژخایەن هەیە بۆ تێپەڕاندنی، جەختیشیکردەوە لە پێویستی هەماهەنگی و کارکردن لە نێوان دەسەڵاتەکان، بە ئامانجی وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی کە دەیانەوێت.

وەک لە بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمی ئاماژەی پێکراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق کارنامەی چاکسازی حکومەتی خستووەتەڕوو، ڕوونیشیکردووەتەوە ئەوەی هەیە کارنامەیەکی سەرەتاییەو پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەکە بۆ گەشەپێدان و سود وەرگرتن لەو شارەزاییەی کە لەبەردەستدایە، ئەویش بە ئامانجی بەرجەستەکردنی واقیعی کاری بەردەوام و درێژ خایەن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا کازمی جەختیکردووەتەوە لەوەی، کارنامەی سپی حکومەت سەرەتایەکە بۆ چاکسازی ئابوری، سەرباری ئەوەی دوورو درێژە و هەندێک ڕێوشوێن لەخۆ دەگرێت، بەڵام بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت لە گەشەپێدانی تێڕوانینی داهاتووی وڵاتەکە، هیواشی خواست پەرلەمان گفتوگۆ بکات لەسەر کارنامەی چاکسازییەکە و پەسەندی بکات، بۆ ئەوەی ببێتە چوارچێوەی کارکردنی ڕاستەقینە و ببێتە هۆی زیندووکردنەوەی ئابوری عێراق.



ڕیکلام