فراکسیۆنی گۆڕان: پارتی و یەکێتی خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوون

  2020-10-17  | 
سلێمانی
لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی و یەکێتی لەبری بیرکردنەوە بۆ داهاتویەکی گەش و ژیانێکی شەرەفمەندانە و خێراکردن لە ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەری نەبونی موچە و یەکخستن و بە نیشتیمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و دانانی بناغەیەکی پتەوی ئابوری نیشتیمانی، خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوون.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا کە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەرێت، میللەتەکەمان لەبەردەم قەیرانێکی قوڵی دارایی و خەمی موچە و نەبونی کار و خزمەتگوزاری شایستەدایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە جیاتی چارەسەری ئەو سەختییانە و چاککردنی ژیانی خەڵک ، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ھەردوو تیمیان لە حکومەتی ھەرێم لەبری بیرکردنەوە بۆ داهاتویەکی گەش و ژیانێکی شەرەفمەندانە و خێراکردن لە ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەری نەبونی موچە و یەکخستن و بە نیشتیمانیکردنی هێزە چەکدارەکان و دانانی بناغەیەکی پتەوی ئابوری نیشتیمانی، خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوون".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە کاتێکدا ئەرکی ھەردوو هێزەکە و تەواوی هێزەکانی کوردستان پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی میلەتەکەمانە، ئەرکی ھەردوو تیمی حکومەتیشیان خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنوریەکانە، نەک تێوەگلان بە کێشە سیاسیەکان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان جەخت دەکەینەوە کە دەبێت بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردو بدەینەوە کە ئەزمونی لێوەرگرین بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو، هەڵە و خراپی و کەموکورتیەکان دوبارەنەکەینەوە تا ئاڵای کوردستان و خاک و نەوەکانی ئێستا و داهاتومان پارێزراو بن.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، "بە ھیچ جۆرێک لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردووەوە بەڕێوەدەبرێن" .



ڕیکلام