لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر زانکۆی کابولی پایتەختی ئەفغانستان، ١٩ کەس کوژران و ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی١١ی٢٠٢٠، ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتاوەتەسەر زانکۆی کابول و لە ئەنجامی هێرشەکە ١٩ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە کاتی هێرشەکەدا بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆکە لەناو پۆڵدا بوون و بەشێکی دیکەشیان لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکە لە خەودابوون.
میدیاکانی ئێرانیش ئاشکرایانکردووە کە لە کاتی هێرشەکەدا، بەهادۆر ئەمینیان باڵیۆزی ئێران لە ئەفغانستان لە زانکۆی کابول بووە بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی کتێبی ئێران و ئەفغانستان، بەڵام لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ زیانێک بە باڵیۆزی ئێران و بەشداربووە ئێرانییەکان نەگەیشتووە.
بەرپرسانی ئەمنیی ئەفغانستانیش رایانگەیاندووە، سێ چەکدار هێرشەکەیان ئەنجامداوە کە هەر سێکیان لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە و رێکخراوی تالیبانیش رایگەیاندووە کە هیچ رۆڵێکیان لە هێرشەکەدا نەبووە.