وەزارەتی دارایی عێراق دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی رابردووی سەرجەم وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی راگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەند كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەتی دارایی سەرجەم فەرمانگە و بانكەكانی سەر بەوەزارەتی راسپاردووە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە، دەستبكەن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی رابردووی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دارایی عێراق هەردوو فەرمانگەی ژمێریاری و بودجەی راسپاردووە بۆ دەستپێكردنی رێكارەكانی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی تشرینی یەكەم.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم بانكەكان كردووە كار بكەن بۆ دەستەبەركردنی پارەی پێویست و بەهێزكردنی بانكەكانی سەر بەوەزارەت لەسەرجەم پارێزگاكان بەمەبەستی خەرجكردنی مووچە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی١١ی٢٠٢٠، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كورد، دەنگی بەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كرد و پەسەندی كرد.