کازمی جەختیکردەوە لە گرنگی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی شنگال

  2020-11-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی پێشوازیکردن لە شاندێکی دانیشتوانی شنگال ڕایگەیاند، حکومەت سورە لەسەرە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی دانیشتوانەکەی و گێڕانەوەی ئارامی بۆ قەزاکە و بە بایەخەوە دەڕوانێتە گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی کازمی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک وەزیران گوێبیستی کێشە و داخوازییەکانی دانیشتوانی شنگال بوو، بە تایبەت بەهێزکردنی ئارامی ناو قەزاکە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووە لەوەی حکومەت سورە لەسەر بایەخ پێدانی دۆخی گشتی شنگال و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانەی کە دانیشتوانەکەی گیرۆدەی بوون.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە، پیویستە چارەسەرەکان ناوخۆیی بن، نەک بە هۆکاری دەرەکی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کازمی جەختیکردەوە لەسەر گرنگی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی شنگال و پێویستە دانیشتوانەکەی پەیوەست بن بە ناسنامەی نیشتیمانی خۆیانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد یاسا دڵنیایی داوە لە بنیاتنانی بنەماکانی دەوڵەتێکی بەهێز، بەشێوەیەک کە هاوڵاتی هەست بە هاوڵاتی بوونی خۆی بکات و جیاوازی ئاینی و ڕەگەزایەتی لەبەرچاو بگرێت، چونکە وەک سامانێکی هەمیشەیی بۆ عێراق، بەیەکێک لە هۆکارو پشتیوانەکانی هێز دادەنرێت نەک لاوازی.



ڕیکلام