ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی: عێراق ترسی لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمریکا و ئێران ھەیە

  2020-12-04  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی (لو ئورێنت)ی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، عێراق ترسی کۆتایی ئەمساڵ وەک سەرەتاکەی بێت و دووبارە سیناریۆی روبەروبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێبکاتەوە، دوای تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە، زانای ئەتۆمی ئێران .

ڕۆژنامە فەرەنسییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، لە تایبەت ترشی ئەوەش لە ئارادایە گەمارۆکانی ئەمریکا بگەنە ئەوپەڕی توندی، بەر لەوەی جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا پۆستەکەی وەربگرێت لە ٢٠ی مانگی داھاتوودا .

ڕۆژنامەکە ھۆشداری ئەوەشی داوە لە ئەگەری تیرۆرکردنی کەسایەتی سیاسی و سەربازی ئێرانی لە عێراق یان ھاوپەیمانەکانی تاران لە عێراقییەکان، بە تایبەت دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیوەی دیپلۆماتکارەکانی خۆی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کشاندەوە .

ڕۆژنامە پێی وایە کشاندەوەی نیوەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە عێراق، ئەو وڵاتەی خستووەتە نێوان ھەژموونی ئەو گروپانەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کە کۆنترۆڵی سەنتەرەکانی بڕیاریان کردووە لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە لایەکی ترەوە کە چارەسەری قەیرانی ئابوری لەدەستدایە .

لە کۆتاییدا ڕۆژنامەکە ئەگەری رودانی سێ سیناریۆی ئەمریکای خستووەتە ڕوو، یەکەمیان توندکردنەوەی سزا و گەمارۆکان لەسەر گروپە عێراقییەکان، دووەم بۆردومانکردنی بنکە و بارەگا و بە تایبەت کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانی ئەو گروپانە، سێھەمیان کردنە ئامانجی سەرکردەی ئەو گروپانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ .

لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین جار گروچە چەکدارەکانی ناوخۆیی عێراق، کە واشنتۆن بە نزیک لە تاران لە قەڵەمیان دەدات، ھێرشیان کردە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئەو بنکە سەربازییانەی کە ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی تیان جێگیر کراوە لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراق، ئەوەش نیگەرانی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە و چەندین جار ڕایگەیاندووە، نایەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی وڵاتان بە تایبەت لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا .



ڕیکلام