وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا کرد و پەیامێکی ناڕەزایی ڕادەستکرد

  2020-06-16  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیای کرد لە بەغدا و یاداشتێکی ناڕەزایی ڕادەستکرد، لە پای بۆرودمانەکانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لە ناو دانیشتوانی ناوچە بۆردومانکراوەکاندا.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، عەبدولکەریم هاشم بریکاری پێشکەوتووی وەزارەت بانگهێشتی فاتیح یەڵدز باڵێۆزی تورکیای کردووە لە بەغدا و پەیامێکی ناڕەزایەتی ڕادەستکردووە.

لە پەیامەکەدا وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق ئیدانەی بۆدومان و پێشێلکارییەکانی سەروەری و ئاسمانی عێراق دەکات، کە بووەتە هۆی تۆقاندنی دانیشتوان و دڵەڕاوکێ لە ناویاندا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکان پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و هاوسێیەتی و ڕێزگرتنی بەرامبەرە.

هاوکات لە یاداشتەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی تورکیای کردووە بۆ ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییە تاکلایەنەکانی و ئامادەیی حکومەتی عێراقیشی دەربڕیوە بۆ هاریکاری هاوبەش لە پاراستن و کۆنترۆڵکردنی سنور بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی هەردوولا بێت.

لە کۆتایی یاداشتەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە باڵیۆزی ئەنکەرە کردووە لەبەغدا یاداشتەکە ڕادەستی دەسەڵاتدارانی فەرمی تورکیا بکات بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ ئەو پێشێلکاریانە و دووبارە نەبوونەوەی لە داهاتوودا.

دوێنێش فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئیدانە پێشیلکردنی ئاسمانی عێراق دەکەین لەلایەن فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیاوە، کە لە ئاسمانی تورکیاوە بە ئاراستەی شنگال و مەخمور و گوێر و هەولێر بە قوڵایی ١٩٣ کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو ئاسمانی عێراقەوە و بۆمبارانی کامپێکی ئاوارەکانیان کردووە لە نزیک مەخمور و شنگال.

ئەو ناڕەزاییەی سوپای عێراق لە کاتێکدایە،  وەزارەتی بەرگری تورکیا بەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، فڕۆکەجەنگییەکانیان ٨١ ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستانیان وێرانکردووە، کە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی  "چنگی هەڵو"دا بەڕێوەدەچێت و لە دوێنێ ئێوارەوە دەستی پێکردووە .



ڕیکلام