تورکیا لە حەلەب!

  09/01/2026  |    136 جار خوێندراوەتەوە
هەفتەی ڕابردوو، شاندی «هەسەدە» و حکومەتی سوریا لە شام ڕێککەوتن. بەهۆی سەربەخۆنەبوونی ئیرادەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، ڕێککەوتنەکە بۆ ڕایگشتی بڵاونەکرایەوە. تورکیا و هاکان فیدان، نیگەران بوون لە ڕێککەوتنەکە و دەستبەجێ بۆ جوڵەی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی خۆیان ئامادەکرد. ئەحمەد شەرعیان ڕاسپارد بۆ هێرشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کە تورکیا بە کەرکوکی ناو سوریا ناوی دەبات و جێگەی بایەخیەتی. چەکدارانی سەر بە شەرع، لە هێرشی زەمینیدا شکستیان خوارد و بە درێژبوونەوەی شەڕەکە تووشی بێئومێدی هاتن!. بۆیە تورکیا دەستیکرد بە جوڵەی سەربازی و دوو ڕۆژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکەنجی، هەم بۆ چاودێری و هەمیش بۆ هێرش لە ئاسمانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا دەسوڕێنێتەوە. 
دوو ڕۆژ بەر لە ئێستاش، هۆزێکی عەرەب کە ئاسایشی بەشێکی گەڕەکی «ئەشرەفیە»یان لەدەستدابوو و سەر بە هەسەدە بوون، لەلایەن تورکیاوە هەڵخەڵەتێندران و خیانەتیان کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەم هێزەی ئاسایش، بەشێکی گەڕەکەکە تەسلیمی چەکدارەکانی ئەحمەد شەرع بکات و هەسەدە جڵەوی بەشێکی گەڕەکەکەی لەدەستدا نەمێنێت.!
تورکیا و ئەحمەد شەرع، دەیانەوێت بڵێن ئێمە کێشەمان لەگەڵ کورددا نیە و کێشەی ئێمە هەسەدەیە. بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی ڕۆڵپێدان بەهەندێک سەرکردەی کورد و هێزی چەکداری کوردی پرۆکسییەوە، بەدیلێکی ساختە بۆ هەسەدە دروستبکەن. 
هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، هەڵوێستێکی هەواییە و چاوەڕێ دەکەن بزانن، بازووی سەربازی ئەو هێزانە بەرامبەر بە یەک چۆنە و بەرژەوەندییان بە پێی هێزی سەردەست و براوەی شەڕ بگونجێنن.
گەلی ڕۆژئاڤا، شەڕڤانان و هەسەدە بەرامبەر بە حکومەتی بێ ئیرادەی سوریا، دەوڵەتی پاوانخوازی تورکیا و هێزی کڕدراوی خائینان، بەرخۆدانێکی مێژوویی بەڕێوەدەبەن. ئەم بەرگریکردن و خۆپارێزییە بە هەر بارێکدابکەوێت، سەرکەوتنی ئیرادەی ژنان و پیاوانی ڕۆژئاڤایە بەرامبەر دوو دەوڵەتی داگیرکەر و دەیان گروپۆچکەی بێ ئیرادەی کڕدراو.
زیاتر