لە ستایشی کولتووری مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەورامان، شارەزوور و هەڵەبجەدا..
24/06/2026
|
482 جار خوێندراوەتەوە
مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی سەربەرزی ھەورامان، شارەزوور و ھەڵەبجە، بووەتە وانەیەکی گرنگی تەبایی و ئاشتەوایی و بەتەنگەوەبوونی یەکتر لە کاتی ناخۆشی و تەنگانەدا. ئەمە ئەو ئەزموونە ڕیشەدارەی مێژووی سەرزەمینی ھەورامان و دەڤەرەکەیە بە گشتیی، کە پێمان دەڵێت لە ژیار و شارستانییەتی ئێمەدا گەنجینەیەکی لە بن نەھاتووی چاکەکاری، بەخشندەیی، لێبوردن، ئاشتەوایی و پێکەوەژیان ھەیە، کە دەبێت خزمەتی زیاتری بکرێت بۆ درەوشانەوە و دەرکەوتن و وەبەرھێنانیی زۆرتر بکەین بۆ پیشاندانی ئەو دیوە جوانەی کولتوورەکەمان، ئەمەش ئەرکی زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەند و دامەزراوە کولتووری و مەدەنی و حکومەتییەکانمانە.
خەڵکی بەشمەینەت، بریندار، کیمیاییبارانکراو و ڕاگوێزراوی ھەورامان، شارەزوور و ھەڵەبجە، وێڕای ئەو دڵڕەقییەی شۆڤینیە ئایینی و نەتەوەییەکان دەرھەقیان دەریانبڕی، بەڵام ئەوان دیوە ڕاستەقینەکەی ژیار و کولتووری دێرین و ڕەسەنی خۆیان پیشاندا و ئەو ڕاستییەیان سەلماندەوە، کە ھیچ کام لە دڵڕەقی و تاوان و ڕەفتارە دڕندانەکانی بەعس نەیانتوانیوە بەھا باڵاکانی ژیار و شارستانییەتی ھەورامان و خەڵکی ھەڵەبجە بگۆڕن.
پەرۆشی خەڵکی ھەڵەبجە، ھەورامان و شارەزوور بۆ کارەساتیی خنکان و ونبوونی کیژۆڵەیەکی یازدە ساڵان، بەڵگەی وابەستەیی خەڵکی دەڤەرەکەیە بە ڕەسەنایەتی و بەھا باڵاکانی کولتووری مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و ئایین و نەتەوە و نیشتمانەوە.
ئەوەی خەڵک خۆڕسکانە کردی و ئەو وێنا جوانەی پیشانی دا و ئەو ھاوسۆزییە مرۆڤانەیەی لە ھەڵمەتەکانی گەڕان و دۆزینەوە و بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیەدا بەرجەستە کرا، دەمێک ساڵە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کار بۆ نەھێشتن و لەناوبردنی دەکەن، خۆمانیش چەندین ساڵە سەرەڕای بوونی دەیان دامەزراوە و بەھەدەردانی ملیۆنان دۆلار لە کڕینی وەلائو ھاوسۆزی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق نەمانتوانیوە ئەو وێنا جوانەی خەڵکی کوردستان پیشانی ڕایگشتی عێراق بدەین.
بەداخەوە لێرە و لەوێ ھەندێک دەنگی نەشاز و دەرچوو لە کۆدەنگی میللیانەی خەڵکی کوردستان ھەن، دژ بە بەھاباڵاکانی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی دەوەستنەوە. بەرچاوتەنگانە و لە ڕقێکی شۆڤینیانە یاخود لە بڕوایەکی پەڕگیرانە و دەمارگیرانەی ئایدۆلۆژییەوە دەڕواننە ڕووداوەکان.
ئەو جۆرە کەسانە کە لە ژێر چاویلکەی ڕەشەوە دەڕواننە ژیان و ژیار و کولتووری خەڵک و دەیانەوێت ئاراستەی ژیان بە مەیلی خۆیان بگۆڕن، بێ ئاگان لەوە، کە ئەوەی دوێنێ بۆ ڕوقیە لە ھەورامان و ھەڵەبجە کرا، کولتوور و ڕووحیەتی پاکی خەڵکی دەڤەرەکەیە. ئەوەی کرا شانۆ و سیناریۆی ئامادەکراو نەبوو، بەڵکو ڕێک کرۆکی بەھا و ئەخلاق و کولتوور و ڕەسەنایەتی و فەرھەنگی مرۆڤدۆستی خەڵکی ناوچەکە بوو.
ئەوانەی پاساو بۆ دژایەتی ئەو کولتوورە جوانە دەھێننەوە، پاساوەکانیان بێ بەھان، ئەوانەی بەراورد دەکەن، بەراوردەکەیان لە جێی خۆیدا نیە، تێکەڵکردنی پرسی کچە شەھیدی ڕۆژھەڵات غەزەل مەولان، لەگەڵ ھاوسۆزی کۆمەڵگە بۆ ڕوقیەی یازدە ساڵان جێی بەراورد نیە. شەھید لە کولتووری کوردستاندا، ھەمیشە جێی ڕێز و خۆشەویستیی بووە.
پەلاماردان و تانەدان لە کاردانەوە و ھاوسۆزی خەڵک بۆ دۆسییەکی مرۆڤانەی خنکانی کچێکی یازدە ساڵان و لۆمەکردنی خەڵک تەنیا لەبەر ئەوەی سۆزی دەروونی دەربڕیوە، نیشانەی بێ ئاگایی و نەشارەزاییە لە ڕووحیەتی کوردستانیانەی خەڵک و بەھای ئەو کولتوورە خۆماڵییەی ھەزاران ساڵە خەڵک پارێزگاری لێکردووە.
ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکە کردی، سەرمایەیەکی مەعنەوی مەزنە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان و ھەوڵێکی مەزنە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو وێنایەی کەسانێک بە گیانی ڕق و تۆڵەسەندنەوە ماوەی چەندین ساڵە کار بۆ دروستکردنی دەکەن. وێنای ڕقاوی و شۆڤینیانە وێنای ڕاستەقینەی کولتووری کوردستانی نیە، بەڵکو ئەوەی خەڵکی ھەورامان، ھەڵەبجە و شارەزوور کردیان ڕووە ڕاستەقینەکەی کولتووری کوردستانە.
لێرەوە جارێکی دیکە پێزانین و سوپاسگوزاری خۆم ئاراستەی خەڵکی خۆشەویستی سەرزەمینی ھەورامان و تەواوی دانیشتوانی ھەڵەبجە و شارەزوور دەکەم. ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکەمان کردی، بەرجەستەکردنی گیانی لێبوردەیی و خۆشەویستی و ژیاندۆستی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن بوو، کە ھەزاران ساڵە ڕەگی داکوتاوە و بووەتە کولتوورێکی جوانی خەڵک.
ھەروەھا سوپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی گەڕان و یەکە و دامەزراوە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکانی دەڤەرەکە دەکەم، بە تایبەت جەنابی پارێزگاری ھەڵەبجە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندانی دەڤەرەکە، کە بە ڕۆڵی پێشەنگانەیان نموونەیەکی بەرز و باڵای کولتووری کوردەواریان وێنا کردەوە.
بە پێویستیشی دەزانم داوا لە ڕۆشنبیر و ھونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و مامۆستایانی ئایینی و کاریگەرەکانی سۆشیالمیدیا بکەم، کە با ھەموومان خزمەتی ئەو دیوە جوانەی کولتووری کوردستان بکەین و ئەو وێنا جوانەی کولتووری ھەورامان، شارەزوور و ھەڵەبجە لە چوارچێوەی ئایینی و ھونەری و ئەدەبیدا بەرجەستە بکەینەوە و بە نەمری بیھێڵینەوە، بۆ ئەوەی ھەموو لایەک وانەی نوێی لێ فێر بێت و ڕێگە نەدەین ھەندێک دەنگی نەشاز و یاخی لە کولتووری دێرینی کوردەواری، بە بیانووی بێ کاکڵ ئەو وێنا جوانەی شارستانییەتی مرۆڤدۆستانەی دەڤەرەکەمان و وڵاتەکەمان بشێوێنن.
|