پێکهێنانی حکومەت زۆر ئاڵۆزبووەو ئێستا نێوانگریش لەنێوان پارتی و یەکێتیی زەحمەت بووە. پارتی جگە لەوەی ژمارەیەک پۆست و پلە هەیە ئامادەنییە بیاندات بەیەکێتیی، هاوکات رەتیدەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ ٣٩ کورسیەکەی یەکێتیی و نەوەی نوێدا بکات.
یەکێتیش جگە لەوەی بەروونی داوای نیوەی حکومەت و سەرۆکایەتیەکان دەکات، وەک سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی..تد ) هاوکات داوای دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەت و جومگەکانی حوکمڕانیی دەکات.
پارتی و یەکێتیی بەدوای پلانی دیکەدا دەگەڕێن بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئەویدیکە. پارتی تائێستا سەرکەوتوو نەبووە بەبێ یەکێتیی هەنگاوەکانی دروستکردنی کابینەی نوێ بگرێتەبەر.
ئێستا دەگوترێت داوا دەکات پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتیش بێت کارا بکرێتەوە تا لەگەڵ یەکێتیی دەگەنە چارەسەر، بەڵام ھەم سەرۆکی کاتی پەرلەمان لای نەوەی نوێیەو ھەمیش لەرووی مەنتقی سیاسی و یاساییەوە ھەڵبژاردنی دەستەیەکی کاتی بۆ پەرلەمان ناکرێت و نەبووە. حزبەکانیش ئامادەنین ببنە لایەنگری ھیچ کام لەو دوو حزبەو پێیان گوتوون شەڕی خۆتانەو پەیوەندی بەئێمەوە نییە. ھاوکات پێکھاتەی پەرلەمان وەک خولەکانی پێشووش نییە پارتی سود لە ١١ کورسیەکەی کۆتا وەرگرێت، بۆیە دۆخی سیاسی تەواو چەقبەستوو بووە.
ئێستا زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی حکومەت و حوکمڕانی لای پارتییە، بۆیە رەنگە زۆر پەلەی پێکھێنانی حکومەتی نەبووبێت، بەڵام ماوەیەکە ترسی لەپلانی یەکێتیی ھەیە بۆیە چەند رۆژێکە باسی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات.
یەکێتیی بەنیازە لەبەغدا دەرگای دادگای فیدراڵ لەحکومەت و پەرلەمانی کوردستان بگرێت و سکاڵا تۆماربکات. سکاڵاکەی یەکێتیی ئەگەر بکرێت، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکات چونکە لەسەر ھەموو ئەگەرەکان دەکاتەوە، لەوانە؛ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو بڕیارەکانی حکومەتی ھەرێم و پەرلەمان کە لەدوای ماوەبەسەرچوونیان دەریانکردووەو لەدەسەڵاتیاندا نەبووە تا دەگاتە رێکاری دیکە بۆنمونە لەبەغداوە پارە بۆ ھەرێم خەرج نەکرێت تاوەکو حکومەتی ھەرێم بودجەی نەبێت؟! بودجەش بەبێ بوونی حکومەتێکی شەرعیی تەواو دەسەڵات و پەرلەمانێکی کارا نابێت!
بەپێی ئەو زانیاریانەی ھەن، تا کۆتایی مانگی داھاتوو ئەگەر پارتی و یەکێتیی رێکنەکەون، ھەواڵی نوێ و گۆڕانی نوێ لەململانێی نێوان پارتی و یەکێتیی دەبیستین، بەڵام دیار نییە چی دەبێت.
بڕیارە ھەفتەی داھاتوو یەکێتیی و نەوەی نوێ رێککەوتننامەکەی نێوانیان ئیمزابکەن و رایبگەینن. یەکێک لەپێشنیارەکانی ناو نەوەی نوێ ئەوەیە، نەوەی نوێ وەک حزب بەشداری لەحکومەتدا نەکات، بەڵکو وەک ھاوپەیمانێک لەپاڵ یەکێتیی دەنگ بەحکومەت بدات بەمەرجێک ئەجێنداکانی لەکارنامەی حکومەت بەروونی جێگیربکرێت و رابگەینەرێت، بەڵام ھێشتا بەتەواوی پشتڕاستنەکراوەتەوە، رەنگە سبەی لەپەیامی ئەو حزبە کە بڕیارە ئەمڕۆ سبەی رایبگەینن، ئاشکرا ببێت.
یەکێکی دیکە لەپلانەکانی یەکێتیی و نەوەی نوێ ئەوەیە لەبودجەی نوێی عیراق کە ئێستا حکومەتی بەغدا خەریکی ئامادەکردنیەتی و بۆمانگی ١٠ ئامادە دەبێت ئەوەیە، ھەردوولا ھەوڵبدەند چەند بڕگەیەک لەبودجەکە زیادبکەن بەجۆرێک حکومەتی عیراق جگە لەموچە، بودجەی پەرەپێدان و وەبەرھێنانی ئەو ناوچانە بەجیا بنێرێت!
ئەم ھەنگاوە ئەگەرچی دیار نییەو رەنگە لەرووی یاساییەوە زەحمەت بێت، بەڵام ھەنگاوێکە بەئاراستەی لێکترازانی زیاتری ھەرێمی کوردستان و ھاتنەپێشی واقعێکی تاڵی سیاسی.
خولاسەی کەلام؛ بارودۆخی ھەرێم گەیشتۆتە لێوارێکی دڕدۆنگ و مەترسیدار. جگە لەوەی رێککەوتن نییەو دامەزراوەکانی حوکمڕانی لەھەرێم ھیچ پێناسەیەکیان لەدەستورو یاساکانی ھەرێم نییە، لەبەرامبەردا پلان و ئەگەرەکان زۆر مەترسیدارن. خواستی حزبی و شەخسیی، رێگرێکی گەورەی پێشکەوتنە لەھەرێم و ھیوادارین خراپتر نەبێت