کورد لە سوریا بۆ وایکرد؟

  26/08/2026  |    752 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە سوریا سێ رووداو روویاندا، ئەم سێ رووداوە تا رادەیەک گرێدراوی یەکتریی یاخود پەیوەندییان بەیەکترییەوە ھەبوو، لەکاتێکدا بەرژوەندیی، حوکمی جوگرافیا و ترس لە داھاتوو پاڵنەری ھەرسێ رووداوەکە بوو.

لەکاتێکدا مەزڵوم عەبدی و شاندەکەی لە دیمەشق بوون بۆ راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق، سەرۆکی درووزەکان بە لێدوانەکانی ھێندەیتر درزی ناکۆکی نێوان دیمەشق و درووزەکانی قوڵتر کردەوە و ھەموو سێوەکانی خستە سەبەتەی ئیسرائیلەوە، ھاوکات وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش لەسەر جەبەل شێخەوە ھەڕەشەی لە دیمەشق کرد.

کورد بەرەو رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق دەڕوات، بەڵام درووز زیاتر لە سوریا یاخی دەبێت، ھەردوو ھەڵوێستەکەش پاڵنەری خۆی ھەیە، یاخود دەکرێت بڵێین لەئێستادا زەمینەی یاخیبوون بۆ درووز لەبارە.

ناوچەکانی درووز کەوتووەتە سەر سنوری ئیسرائیل و ئەم وڵاتە لەئێستادا پاڵپشتییان دەکات، لەناو سوپا و کۆمەڵگای ئیسرائیلی درووز ھەن و فشار دروست دەکەن بۆ پاڵپشتی لێکردنیان، ئەمە جگە لەوەی درووز ئاینەکەیان جیاوازترە لە سونە و جیاوازیی ئاینی ھەندێک پاڵپشتی بۆ دروستکردوون گەر کاتیش بێت.

پێناچێت ئیسرائیل بیەوێت درووز ببێتە دەوڵەت، بەڵام بۆ لاوازکردنی سوریا وەکو کارتی فشار بەکاریان دەھێنێت، درووزەکانیش سودیان لەم پاڵپشتییە وەرگرتووە بۆ یاخیبوون لە دیمەشق.

تەنانەت ئەوکاتەی دیمەشق تەنگی بە درووزەکان ھەڵچنی و پەلاماریدان، ئیسرائیل دیمەشقی بۆردومان کرد، بۆیە بەپێچەوانەی کورد، لەمکاتەدا دۆخەکە بۆ درووز لەبارترە تا مل بۆ دیمەشق نەدات.

ھێشتا روون نییە ئەم پاڵپشتییەی ئیسرائیل بۆ درووز تاکوێ و تاکەی بەردەوام دەبێت، یان ئەنجامەکەی بەچی دەگات، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە ئیسرائیل سوریایەکی بەھێز و یەکگرتووی ناوێت، تا پێیبکرێت ھەوڵ بۆ لاوازکردن و پارچە پارچە کردنی دەدات.

دۆخەکە بۆ کورد جیاوازترە

بارودۆخی سوریا بۆ کورد جیاوازترە، زەمینە لەبار نییە بۆ ئەوی ملەجەڕەی دیمەشق بکات، چونکە کورد لە گۆڕەپانەکەدا بە تەنھا ماوەتەوە، حوکمی جوگرافیاش لەبەرژەوەندیی نییە.

دوای رێککەوتنامەی پاریش ئیسرائیل پشتی لەکورد کرد و گوتاری گۆڕا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پاڵپشتی دیمەشق دەکات، تورکیاش وەکو یەک دۆسیە سەیری کێشەی رۆژئاوا و باکور دەکات و فشاری دروستکرد بۆ روودانی ئەمەی روویدا.

جوگرافیایی کوردی لە سوریا پشتی بە تورکیاوە داوە کە نەیاریەتی، سروشتی رۆژئاوا تەختە و شاخاویی نییە، لەشار و شارۆچکەکاندا کورد و عەرەب تێکەڵن و سەرھەڵدانی شەڕ، دەبێتە شەڕی گەڕەک بە گەڕەک و شەڕەکە دێتە ناو ماڵی کوردەوە.

لەپاڵ ھەموو ئەوانەشدا، تورکیا، دیمەشق و ئەمەریکا ھاوڕان لەسەر ھاوکێشەکانی ئێستا، بۆیە کورد کاتێک رێککەوتنی ھەڵبژارد تێگەیشت لە ھاوکێشە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ئەم بڕیارەیدا.

ھەڵەیەکی گەورە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ھەیە لەڕووی تێڕوانینەوە بۆ رێککەوتنەکە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە بەچاوی ھەرێمی کوردستانەوە لە دۆخی رۆژئاوا دەڕوانرێت، لەکاتێکدا دۆخەکە زۆر جیاوازترە.

ئەسڵەن مانەوەی ھەرێمی کوردستانیش بەندە بە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکاوە، گەر خراپی دۆخی عێراق و بوونی ئەو ھەموو ھێزە نەبووایە، ئەگەر دەوڵەتێکی ناوەندی بەھێز و خاوەن سەروەری ھەبووایە، ئیدارەی ترەمپ ھەرێمیشی دەکردە قوربانی.

بۆیە کورد لە سوریا خێرا لە ھاوکێشەکە تێگەیشت، نەیویست ببێتە کارتی گوشار بەدەست ئیسرائیل و ھیچ لایەکیترەوە، بەڵکو بە ئاراستەی رێکەوتن رۆیشت، چونکە ترسی ھەبوو لەوەی ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەدرێت، سبەی پێینەدرێت.

ئێمە تەجروبەی دۆخی ھاوشێوەی ئێستای کوردی سوریامان زۆرە، لە کۆتایی شەستەکاندا ئیسرائیل زۆر لەئێستادا زیاتری بەفەڵەستین دەدا، بەڵام فەڵەستین رازینەبوو.
کورد لە ناوەڕاستی ھەفتاکاندا لەگەڵ بەعس رێکنەکەوت و دواجار کرایە قوربانی و ئاشبەتاڵی بەدوادا ھات، تەنانەت مێژووی نزیک و بچووکترین نموونە، عێراق داوای ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ھەرێم دەکرد، ھەرێم نەیدەدا، دواتر ھەموو نەوتەکەی لێوەرگیرا.
بۆیە ئەو رێککەوتنەی لە سوریا ھاتووەتە ئاراوە، راستە لەگەڵ خواستی کورددا یەکناگرێتەوە، چونکە کورد زیاتری دەوێت، بەڵام لەژێر سێبەری دۆخی ناوچەکەدا، لەمە زیاتر ناکرێت.

زیاتر