تورکیا بۆ جوڵا؟

  18/06/2020  |    436 جار خوێندراوەتەوە
جوڵاندنی هێز بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە، دوای سەردانەکانی مەزڵوم کۆبانی و هاکان فیدانی ڕاوێژکاری دەزگای میت دێن بۆ بەغدا، هەروەها پاش بەرەوپێشچوونەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش دێت.

هەفتەی پێشوو، مەزڵوم کۆبانی سەردانی بەغدای کرد، سەردانەکەی هاوکات بوو، لەگەڵ گفتووگۆی نێوان عێراق و ئەمەریکا.

ئامانجی هاتنەکەی کۆبانی بۆ بەغدا، ئەوەبوو تا عێراق بە رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ رۆژائاوای کوردستان ڕازی بکات، واتە دەروازەیەکی بازرگانی بکرێتەوە لەنێوانیاندا.
کوت و پڕ، پاش گەڕانەوەی کۆبانی، هاکان فیدان ی ڕاوێژکاری میت ی تورک خۆی گەیاندە بەغدا، ئامانجەکەشی تێکدانی سەردانەکەی کۆبانی بوو.

لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشهاتەکان بۆ تورکیا مایەی نیگەرانین، بەتایبەت ڕێککەوتنی هێزە کوردیەکان و چوونی ئەنەکەسە بۆ نێو ڕێککەوتنەکە، تورکیای تەواو توڕە کردووە.

جاران ئەنەکەسە لەگەڵ پەیەدە لەکێشەدا بوو، مەیلان بوو بەلای تورکیا، بۆیە تورکیا ئەنەکەسەی وەک پاساو بەکاردەهێنا، بەبیانوی ئەوەی نوێنەری شەرعی کوردەکانی لەگەڵدایە کە ئەنەکەسەیە، دەشیتوانی هێرش بکات، ئێستا تورکیا پاساوی بەدەستەوە نەماوە، بۆیە ئەگەرێکی لاواز بۆ هێرشی سەر رۆژئاواش هەیە.

ئێستا ئەنەکەسە چەرخاوە بەلای پەیەدەدا، ئەمە وایکردووە پاساو بەدەست تورکیاوە نەمێنێ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی زیاتری ڕۆژئاوا بکەن، چونکە یەکدەنگی پشتیوانی بەدوادا دێت.

هەنگاونانی کوردەکانی ڕۆژئاوا بۆ یەکدەنگی، پشتگیری کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، جم و جۆڵەکانی مەزڵوم عەبدی، پاڵی بە تورکیاوە ناوە، هەندێ جوڵەی سەربازی بکات.

ئامانجی تورکیا لەم جوڵە سەربازیە، ئەوەیە کە پێیوایە فشارخستنە سەر قەندیل، یەکسانە بە فشارخستنە سەر ڕۆژئاوا و ناچارکردنی بەتەنازول، بۆیە هێزی هێناوە و پلانی هەیە.

پلانەکەی ئەوەیە، دەیەوێ هێزەکانی لەباشور جێگیر بکات، تا نزیک بن لە سنوری قەندیلەوە، بۆ ئەوەی هەرکات پلانی ئینزال جەوی و هێرشی بوو، هێزی لەبەردەستدا بێ.

پەکەکە لە جوڵەکانی تورکیا تێدەگات، دەزانێت هەوڵەکان بۆ لەقاڵبدانیەتی، بۆیە نایەوێ بچێتە ژێر باری فشارەکان، ڕەنگە چیشی پێبکرێ بەرامبەر هێزە هێنراوەکەی تورکیا بیکات.

زیاتر