هاتنی مەکگۆرگ و پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی!

  16/01/2023  |    807 جار خوێندراوەتەوە


هاتنی مەکگۆرگ

برێت مەکگۆرگ بۆ سێ مەبەست سەردانی هەرێم و ناوچەکە دەکات، یەکێک لەو مەسەلانەی بۆی دێت، خراپی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی یە، چونکە ئەمەریکا وایدەبینێت ئاڵۆزی و بارگرژییەکان لەبەرژەوەندی ئێراندایە، چونکە باڵادەست تری دەکات.

مەکگۆرگ دەیەوێ بارگرژی نێوان پارتی و یەکێتی خاو بکاتەوە، بێگومان مەسەلەی رێخستنەوەی ھێز و گرفتەکانی تری گرێدراو بە هەرێم کراونەتە یەک پاکێج.

ئامانجێکی تری مەکگۆرگ لە هاتنی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گرفتی نێوان تورکیا و رۆژاڤایە، ئەمەریکا بە ڕوونی پاڵپشتی لە رۆژاڤا دەکات.

مەسەلەی بردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراق و گرتنەبەری رێوشوێنی بەهێزتر لەلایەن عێراقەوە، یەکێکی ترە لە ئامانجەکانی مەکگۆرگ، هەوڵدەدات عێراق لەو رێککەوتنە پاشگەز بکاتەوە کە لەگەڵ ئێران دا ئەنجامیداوە، بەوەی لە ژێر ناوی گرێبەستی دەرمان و ئەندازیاریدا، چوار ملیۆن دۆلار بداتە ئەو وڵاتە.

نێوان یەکێتی و پارتی !

کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتووەتە دوا قۆناغی ئاڵۆزی، دانیان لەیەک سپی بووەتەوە و پێکەوە کارکردنیان قورس بووە، بەڵام دابڕانیشیان لەیەک قورسە، ئەمەریکا فشاریان لێدەکات ناکۆکییەکان وەلا نێن. 

لە سەردەمی کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی دا، ١٦ ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا، نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتە ئاستی جنێودان بە ڕێبەرەکانی یەکتر، بەڵام ئەم ناکۆکییانە کەمتر رەنگدانەوەیان لەسەر حکومەت هەبوو.

لەم کابینەیەدا دۆخەکە جیاوازترە، حکومەت خۆی بووەتە خاڵی ئینتڵاقی کێشەکان، ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی سەرچاوەی لە ناکۆکییەکانی نێو حکومەتەوە گرتووە.

ئەسڵی کێشەکەش ئەوەیە، پارتی پێیوایە سەردەمی فیفتی بە فیفتی تێپەڕیووەو هەوڵی قوتدانی یەکێتی دەدات، یەکێتیش نایەوێ بڕوا بە خۆی بهێنێت کە دۆخەکە گۆڕاوە.

 ئەسڵی کێشەکە ئەوەیە ئەم دوو هێزە متمانەیان بەیەکتری نییە و هەمیشە لە کەمیندان بۆ یەکتری، نایەناوێ قەناعەت بەخۆیان بهێنن، پێکەوە کاربکەن و کەسیان ناتوانن ئەویتریان قوت بدات.

پارتی بەو پێیەی شادەماری ئابووری هەرێمی لە ژێرکۆنرۆڵدایە،  تەنگی بەیەکێتی هەڵچنیووە، بەڵام دۆخەکە تا سەر وا درێژە ناکێشێت، کارتی گەڕانەوە بۆ بەغدا و ڕێککەتن لەگەڵی لەسەر غاز، ئەو کارتەیە یەکێتی چاوی لەسەریەتی. 

هێشتا دۆخی بەغدا بۆ یەکێتی لەبار نییە بۆ رێککەوتن لەسەر غاز، بەڵام گەر ناکۆکییەکان درێژە بکێشن، دوور نییە بەکارھێنانی ئەم کارتە بە نێوەنگیری ئێران ببێتە ڕاستی، گەرچی ئەمەریکا نایەوێ ئەمە ڕووبدات.

ناوخۆی یەکێتی

پەرت بکە و زاڵبە، یەکێکە لەو کارتانەی هەمیشە پارتی لەبەرانبەر یەکێتی بەکاری هێناوە. ئەوەی قورستترین زیانی بەیەکێتی گەیاندووە، ناکۆکییە نێوخۆییەکانیەتی، کە هەمیشە لەبەرژەوەندی پارتی شکاوەتەوە، چونکە حیزب گەر ناوخۆی خۆی خراپ بێ، نایپەرژێتە سەر ململانێی رکابەرەکەی.

ڕوونە هەر بەرپرسێک لە یەکێتی ناڕازی بێت، پارتی هەوڵدەدات دەعمی بکات،  چونکە پارتی تێگەشتووە لەوەی گەر یەکێتی گرفتی ناوخۆیی نەبێ و ببێتە یەک سەر و یەک دەنووک، ئەو توشی سەرئێشە دەبێ و ناتوانێ خواستەکانی جێبەجێ بکات.

لەم ڕۆژانەدا دەنگۆی دروستکردنی هێز و لۆگۆی دووپشک لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە میدیاکانی تەنی، بەڵام لە راستیدا شتەکە زیاد لە قەبارەی خۆی گەوەرە کرایەوە.

ئەو گرتە ڤیدۆیانەی کاردانەوەیان لێکەوتەوە، هەر ئەو هێزەی لاھور شێخ جەنگییە کە پێشتریش هەیبووە بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی، رەنگە تەنها رەنگی جلەکانیان و لۆگۆی دوو پشکەکە تازەبێ.

لاهور شێخ جەنگی لە ناو سیاسەت دا کاریکردووە، تێدەگات لەوەی قوڵایی کارکردنی ئەو سلێمانی یە، دڵنیایە لەوەش کارتی ھێز لەبەرژەوەندی نییە، بۆیە زەحمەتە دەست ببات بۆ کارتێکی لەمجۆرە.


زیاتر