دوو هەفتەی دیکە، دوو ساڵی تەواو تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی هەرێم و تائێستا حکومەت دروستنەکراوە. هەولێرو سلێمانی لەرووی ئیداریی و داراییەوە پەیوەندییان لاوازبووەو لەسلێمانی بڕیاری بەشێک لەوەزیرو کاربەدەستانی حکومەت لە هەولێر جێبەجێناکرێت.
گرفتی نێوان هەردوولا لەدابەشکردنی پۆستەکانەوە دەستیپێکرد، ئێستا زۆر لەوە واوەترە، پارتی ترسی لەکشانەوەی ئەمریکاو کاردانەوەی ئێران هەیە، یەکێتیی بێدەنگەو پەلەی پێکهێنانی حکومەتی نییە!
بەر لەچەند رۆژێک، لەبەغدا بۆنەیەک بۆ ٩ یەمین ساڵی کۆچی دوایی مامجەلال رێکخرا، سەرباری بانگهێشتکردنی پارتی، بەڵام هیچ بەرپرسێکیان لەوبۆنەیە ئامادەنەبوون! ئەمەش نیشانەی ساردی پەیوەندییەکانی هەردوولایە.
بەر لەماوەیەک کۆبونەوەیەکی دوو بەدوو لەنێوان بڕیاربەدەستانی پارتی و یەکێتیی کرا، ئەو کۆبونەوەیە قسەو باسی زۆری لەسەرکرا، میدیای پارتی کردیە بابەتێکی راگەیاندن و بەشێک لەبەرپرسانیان مژدەی پێکهێنانی حکومەتیان راگەیاند.
پێدەچوو بۆ پێکهێنانی حکومەت پارتی پێشنیاری نوێی بۆ یەکێتیی کردبێت و دەستبەرداری بەشێک لەدەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران ببێت، بەڵام دوای چەند رۆژێک لەکۆبونەوە دووقۆڵیەکە، وەفدێکی یەکێتیی سەردانی تارانی کرد.
دوای گەڕانەوەی وەفدەکە، یەکێتیی ھەموو ھەواڵێکی پێکھێنانی حکومەتی رەتکردەوەو بەروونی رایگەیاند ھیچ رێککەوتنێک نییەو ھیچ وادەیەکیش بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی نییە! ئەم راگەیاندنەی یەکێتیی، پرسی پێکھێنانی حکومەتی خستە گۆشەیەکی تەنگ و ھیچ ئاسۆیەکیش بۆ پێکھێنانی حکومەت دیار نییە! لەدوای ئەو سەردانە، لەبن زمانی یەکێتیی وادەخوێندرێتەوە کە ئەوەندە پەلەی پێکھێنانی حکومەتیان نییە، بۆیە کڕو بێدەنگن، بەڵام ئەم بێدەنگییە شتی دیکەی لێ دەخوێندرێتەوە.
ماوەیەکیشە ئیدارەی سلێمانیی و گەرمیان پەیوەندیی ئیداریی و داراییان بەئەنجومەنی وەزیران و بڕیارەکانی حکومەت لەھەولێرەوە لاوازتر دەکەن، یان روونتر بڵێین بەشێک لەبڕیارەکانی حکومەت بەتایبەتیش وەزیرەکانی گۆڕان و پارتی لەحکومەت جێبەجێناکەن! ئەمەش دابڕانێکی گەورەی دروستکردووەو بۆن و بەرامەی دوو ئیدارە کۆنەکەی ھەولێرو سلێمانیی بەشێوەیەکی کردارەکی ھەستی پێدەکرێت.
لەدوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، تەنگەتاویی و جۆرێک لەترس لەلێدوانی بەرپرسانی پارتی ھەستی پێدەکرێت. گۆڕانێکی خێرا لەھەڵوێست و جۆری دەربڕینەکان و بەکارھێنانی دەستەواژەکان بەلێدوانی بەرپرسانی پارتیەوە دیارە.
دەیانەوێ بەزمانێکی نەرم بەغدا بدوێنن، تەنانەت کاک نێچیرڤان بارزانیی لەرۆژی سەروەریی عیراق ئاڵای عیراقی لەسنگیدا! ئەو ترسەی پارتی، بەقسەی خۆیان لەکشانەوەی ئەمریکایە، بەڵام پێدەچێت تەنھا کشانەوەی ئەمریکا نەبێت، بەڵکو بەشێوەیەکی سەرەکیی ترس بێت لەتۆڵەسەندنەوەو کاردانەوەی ئێران لەدوای کشانەوەی ئەمریکا، کە ئەگەرێکی کراوەو پێشبینیکراوە.
بیریشمان نەچێت ئەو سکاڵایەی ئێستا لەدادگای فیدراڵە لەبارەی شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم کە بۆ ٢٦ ئەم مانگە دواخراوە، پێدەچێت کارتێکی بەھێز بێت بەدەست بەغداو ئێران، دەکرێت لەو رێگەیەوە ریسەکە بکەنەوە خوری! ھەرچەند پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیاردان لەسەر ئەو سکاڵایە بۆ کۆتایی ئەمساڵ دوابخرێت، بەڵام پرسێکی جددیەو بڕواناکەم ترسی لای کاربەدەستانی پارتی دروستنەکردبێت.
بەپێی خوێندنەوەو شیکاریی لێدوانە جیاوازەکانی ناو پارتی، کاک مەسرور بارزانیی پەلەی پێکھێنانی حکومەتی بێت بەوپێیەی خۆی کاندیدی سەرۆک وەزیرانە، بەپێی دوایین لێدوانەکانی ھەست بەدڕدۆنگی ناوبراو دەکرێت، بەپێچەوانەی کاک نێچیرڤان بارزانیی، ھەرچەندە ناوبراو دووبارە کاندیدی پارتییە بۆ سەرۆکی ھەرێم لەکابینەی نوێ بەڵام پێناچێت پەلەی پێکھێنانی حکومەتی بێت! ئەمەش بۆخۆی جێگەی رامانە، بۆچی ئەو پەلەی پێکھێنانی کابینەی نوێی نییە!.
ھەرچۆنێک بێت رێگاکانی دروستکردنی حکومەتێکی نوێ زۆر سەخت بووەو، پرسی کۆبونەوەی پەرلەمان زۆر زەحمەتتر بووە، بگرە ھیچ ئاسۆیەک نییە.
ناکۆکیی نێوان یەکێتیی و پارتی لەسەرەتادا لەسەر پرسی دابەشکردنی وەزارەتەکان و رێکخستنەوەو دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و جومگە جیاوازەکان بوو، نەیانتوانی رێککەون! لەدوای بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن کاندیدی یەکێتیی بەبێ رێککەوتن لەگەڵ پارتی، یەکێتیی سەقفی داواکارییەکانی بەرزکردەوە.
دوای ئیمزاکردنی رێککەوتن لەگەڵ حزبی (نەوەی نوێ) یەکێتیی ھێشتا سەقفەکەی بەرزتر کردەوەو داوای یەکێک لەدوو پۆستە تەنفیزییە باڵاکەی ھەرێمی کرد، واتە (سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی ھەرێم). دوای کشانەوەی ئەمریکاو ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکە، من پێموایە گرفتی نێوان پارتی و یەکێتیی لە دابەشکردنی پۆست و جومگەکانی حکومڕانی واوەتر دەبێت، بەدوور نازانرێت ناکۆکی گەورەتر بێتە پێشەوە کە ئەویش مەسەلەی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بێت کە ئەمە بۆخۆی گرێ و گرفتێکی گەورەیە! بۆ پارتی ئەم پرسە زۆر ھەستیارەو زۆر زەحمەتە سازشی لەسەربکات.
بەپێی ھەموو ئەو پێشبینیانەی دەکرێت ئەگەر فشارو نێوانگری دەرەکی نەبێت، زۆر زەحمەتە ئەم دوو ساڵەی ماوە کابینەی نوێی ھەرێم دروستبکرێت، ئەم خولە پەرلەمان بەداخراوی دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر ھەڵبژاردنیش دووبارە بکرێتەوە، گۆڕانێکی ئەوتۆ لەبیرکردنەوەو تێگەیشتنی پارتی و یەکێتیی بۆ حوکمڕانی دروستنابێت، رەنگە ژمارەی کورسیەکانی ھەردوولا لەپەرلەمان بگۆڕێت، بەڵام واقعەکە ناگۆڕێت!
لەدوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، پێشبینیمان کرد حکومەتی ھەرێم بەئاسانی دروستنەبێت و بکەوێتە دوای ھەڵبژاردنی عیراق کە لەکۆتایی ٢٠٢٥ کرا، بەوپێیەی پرسی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم و بەغدا لەنێوان پارتی و یەکێتیی یەک بوخچەو پاکێج بوون، بۆیە مەنتقیە دوابکەوێت بۆ دوای ھەڵبژاردنی عیراق.
لەدوای ھەڵبژاردنی عیراق پێشبینیمان کرد کە ئەگەر پارتی و یەکێتیی لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار رێککەون ئەوا گرێیەکانی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم دەبنەوەو ئاسان حکومەتی ھەرێم دروستدەبێت، بەڵام ئەگەر رێکنەکەون بەپێچەوانەوە زۆر ئاڵۆز دەبێت.
گوتمان ئەگەر پارتی بەبێ یەکێتیی سەرۆک کۆمار بەدەستبھێنێت، ئەوا دۆخی سیاسی و حوکمڕانیی ھەرێم زۆر ئاڵۆز دەبێت، بەڵام ئەگەر یەکێتیی بەبێ رێککەوتن لەگەڵ پارتی سەرۆک کۆمار بەدەستبھێنێت، ئەوا سەقفی داواکارییەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم بەرزدەکاتەوە! لەماوەی رابردوو بینیمان سەقفی داواکارییەکانی بەرزکردەوە، بەتایبەت لەدوای رێککەوتنی لەگەڵ حزبی (نەوەی نوێ) داوای ٥٠% بە ٥٠%ی حکومەتی دەکرد.
ئێستاش دوای کشانەوەی ئەمریکا لەھەرێم و یەکلانەبوونەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا کە ھەندێک گرەویان لەسەر دەکرد، گرێی پێکھێنانی حکومەت کوێرتر ببێت و بەدوور نازانرێت پرسی کاندید بۆ سەرۆکی وەزیرانی داھاتووی ھەرێم ببێتە یەکێک لەگرفتە سەرەکییەکانی نێوان ھەردوولا، بۆیە دەبینین بەشێک لەلێپرسراوانی پارتی، دەیانەوێ ھەرچۆنێک بێت حکومەت زوو دروستبکرێت چیتر دوانەکەوێت، چونکە دواتر ئاڵۆزتر دەبێت.