ئەوەی کە لە پەسەندکردنی یاسای قەرز ڕوویدا لە پەرلەمانی عێڕاق، دوو ڕەهەندی زۆر سەرەکی هەیە:
یەکەم، سەرباری ویستی سزادانی کوردستان لەلایەن هێزە عێڕاقییەکان، سەرکردایەتی کوردی و حکومەتی هەرێم سەرکەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوسراو و لۆژیکی لەسەر بنەمای دەستوور، کە لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەک دووچاری شکست نەبێتەوە؛ هاوکات دزی و گەندەڵی و ناشەفافیەت و عینادی سیاسی هۆکاری ئەساسی بوون بۆ ئەم پشتگوێخستنەی کوردستان.
دووەم: ئەمە زەنگێکە بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕێکی بەهێزتر لە دوای مانگێکی تر و لە پەسەند کردنی بودجەی ٢٠٢١ی حکومەتی عێڕاقدا.
لێرەوە، ئەگەر وەکو دەبینین، هەندێک کەس مەبەستیان بێت کە ئەم هەڵە سیاسییانەی کراون، بە ڕاکێشانی سۆزی هاووڵاتییان قەرەبووی بکەنەوە، ئەمە سیاسەت کردن نیە و دووبارە هەڵەکردنێکی مەترسیدارە. دەبێت دووربکەوینەوە لەو هەستبزواندنە و چەند ڕێگە چارەیەکی خێرا و کرداری بگرینەبەر:
یەکەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی تەفاوزی لە ژێر هێزی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢، و لە ژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە دەستوورییەکانمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی؛
دووەم: خۆڕێکخستنەوە و وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە تاوانبار کردن و ناوزڕاندن و هێرشکردن، بەڵکو لەبری ئەوە بیر لە ڕێگەچارەی سەرکەوتن بکرێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا؛
سێیەم: دەستهەڵگرتن لە دزین و بە تاڵان بردنی ماڵ و موڵکی دەوڵەت و گێڕانەوەی پارەکانی دەوڵەت لە خاڵە سنوورییەکان، باج و گومرگ و ڕسومات بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک کۆمپانیا و کەس و چەند بەرپرسێک؛
چوارەم: وازهێنانی حکومەتی هەرێم لە لوتبەرزی و عینادی سیاسی، و دەستکردن بە دانوستان کردن و بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕاستگۆیی لە بەڵێن و بەجێگەیاندنی ڕێککەوتنەکان؛
پێنجەم وکۆتای: لە هەمووی گرنگتر، پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و ئاشکردنی داهاتی نەوتی؛ ڕێکخستنەوەی تێچووی پڕۆسەی دەرهێنان و پاراستن و گواستنەوەی نەوت و مافی کۆمپانیاکان، کە پێکەوە چەندان ملیار دۆلارن. سەدان جار ئەمەمان وتووە، و ئێستا تەنانەت لای هاووڵاتییانیش ڕوونە کە ئەم پڕۆسەیە چۆن دەکرێت- بەمەش دەتوانین بەشی گەورەی کێشەکانمان هەم لە ناوخۆ و هەم لەگەڵ عێڕاق چارەسەر بکەین.
تێبینی: خوشک و براکانمان لە بەغدا دەورێکی زۆر کاریگەر و شۆڕشگێڕانەیان بینی و یەکهەلوێست بوون؛ ئێستاش کاتی کردارە لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم. لەسەر هەمان بنەما ئێمە ٢٦ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوامان کردووە کە بەپەلە دانیشتنێکی پەرلەمان لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدرێت بۆ تاوتوێکردن و دەرکردنی بڕیاری پێویست لە پەرلەمانی کوردستانەوە.