کڕینی کارەبا لە تورکیا زۆر مەترسیدارە !

  01/01/2021  |    3525 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە بڕی (٢٠٠) مێگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕن، لە کاتێکدا ئەم بڕیارە مەترسیدارە و دەبێت بوەستێندرێت .

حکومەتی هەرێم، بۆ هەر کیلۆواتێک (٧) سەنتی لەسەر دەکەوێت، و هەر مێگاواتێکیش (١٠٠٠) کیلۆواتە، واتا حکومەتی هەرێم نزیکەی (٢٠٠،٠٠٠) دووسەد هەزار کیلۆوات دەکڕێت لە بەرامبەر (١٤،٠٠٠) چواردە هەزار دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک؛ ئەم بڕە دەکاتە، (٣٣٦،٠٠٠) هەزار دۆلار لە ڕژێکدا و نزیکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و بیست ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا. بۆ سێ ساڵ ئەم پارەیە دەکاتە نزیکەی (٣٦٥) ملیۆن دۆلار .

کەواتە، حکومەتی هەرێم بۆ کڕینی کارەبا نزیکەی (٣٦٠) ملیۆن دۆلاری پێویستە، لە کاتێکدا دەتوانێت بەو بڕە پارەیە سێ هەنگاوی خۆماڵی بنێت و بەشێکی کێشەی کارەباشی پێ چارەسەربکات .

یەکەم: کڕینی کارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبووەکان وەکو (تاقەی شەمسی) وزەی خۆر، هەمان بڕی کارەبا بۆ ماوەی (٣٠) ساڵ بکڕێت .

دووەم: دەتوانێت پاوەرپلانتێکی نوێ دروستبکات و لە ماوەی ٣-٤ ساڵ بڕی ٤٠٠-٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت .

سێیەم: یانیش دەتوانێت بە هەمان بڕ لە ڕێگەی گازی سروشتی هەمان بڕ و بگرە زیاتریش بەرهەم بهێنێت! کەواتە، هۆکاری کڕنی کارەبا لە تورکیا چییە !

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی وێستگە کارەباییەکانی نزیک بووەتەوە لە (٧٠٠٠) مێگاوات، و بە کۆی گشتی نزیکەی (٣٥٠٠-٣٨٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنێت بە گوێرەی کات. لە هەمان کاتدا، کێشەی کارەبا بەردەوامە و دەکرێت بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە سود لە وزە نوێبووەوەکان وەربگیرێت، بەڵام لە هەموو بارێک دەبێت کڕینی کارەبا لە تورکیا ڕەتبکرێتەوە و ڕابگیرێت .

ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و زیانێکی گەورە بە حکومەتی هەرێم و هاووڵاتییان دەگەیێنێت و کێشەی کارەباش وەکو خۆی بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە؛ ئەم هەنگاوە مەترسیدارە و پێویستە لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕابگیرێت .


زیاتر