مەسروور بارزانی بڕیاردەدات و محمد سعید سەحافیش دەیگەیێنێت…
27/04/2023
|
1347 جار خوێندراوەتەوە
کابینەی (٩) کابینەیەکی ئەمنی پارانۆیدە، و پڕیەتی لە زهنی سیخوڕیکردن و تۆقاندن و زەمینە سازی بۆ دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن و کوشتن و بڕین؛ ئەم هەموو ڕووداوی کوشتن و لێدان و ئەتککردنەش، مسۆگەر دەرهاویشتەی زھنیەتی ئیدارەدانی کابینەکەیە.
ئەم کابینەیە هەر لە ئیدارەدانەوە بگرە تا دەربڕین بە خراپترین شێوە فەشەلی هێناوە. زمانی ئێستای حکومەت و نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و وتەبێژەکەی لە هەر کاردانەوەیەک، زمانێکی ئاستنزمی ڕێزمانی و دەربڕینێکی جاهلیانەی سەردەمی شەڕی ناوخۆییە؛ ئەگەر ئەمە زمانی سەرۆکی حکومەت لە هەڕەمەی هەرە سەرەوری ئیدارەدانبێت، بێشک هیوایەک نامێنێ بۆ گەشەسەندن و بەرەو پێشبردنی وڵات؛ بە پێچەوانەوە، هەموو چاوەکان لەسەر دوا بزماری تابووتی ئەم جەهالەتە و جەهەننەمە دروستکراوە دەبن!
سەرباری نادادی، گەندەڵی، بیرۆکراسیەت، ژێرپێخستنی یاسا، ناشەفافیەت، تاڵانی، و تۆقاندن و سیاسەتی برسیکردن، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و جومگەکانی حکومڕانی دووچاری شەلەل و داڕمان بوون. وێڕای ڕێزم بۆ هەر کەسێکی دڵسۆز، بەڵام سەرجەم بەرپرسانی شوێنە ئاماژە بۆکراوەکانیش، تەنها دەوری فەرمانبەر و تێپەڕاندنی ڕۆتینی ڕۆژانە دەبینن، نە زیاتر.
بەزمانێکی دیکە، لەم کابینەیە، مسرور بارزانی بڕیار دەدات و ئومێد سەباح دەینوسێت و ڕێبەر ئەحمەد جێبەجێی دەکات و جوتیار عادل (محمد سعید سەحاف) دەیگەیێنێت.
کاروان گەزنەیی
|