ئەمەیە دەوڵەتدارییەکەی (براگەورە)؟

  14/06/2020  |    468 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی (برا گەورە و ئەزبەنی) بۆ هەر کارەساتێک پاساوێکیان پێیە و بۆ هەر نەگبەتییەک بەسەر ئەم میللەتەی دەهێنن هەوڵی پینە و پەڕۆی دەدەن. ئەمەیە دەوڵەتداری برا گەورە؟ ئەمەیە دەوڵەتداری کە بە دوو مانگ یەک مووچە دابەش بکەیت و خەڵک تۆمەتبار بکەیت بۆ ئەوەی کە لەسەر حەق و شایستە داراییەکانی خۆی دێتە دەنگ و ناوی بنێیت جاش؟ دەوڵەتداری هەر ئەوەندەیە کە هەرچی خەڵکی ئەمنی و دەزگا سیخوڕییەکانە بیخەیتە پۆستە باڵاکانی وڵات بۆ ئەوەی پەنجە لەخەڵک ڕابوەشێنن، و ڕۆژنامە نووس دەستگیر بکەن و سوکایەتی بکەن بە هاووڵاتییان. حوکمڕانی ئەوەیە کە دەستدرێژی بکرێتە سەر مندالێکی ٧ ساڵان و باوکی دەستگیر بکەی تا پێی تەنەزول بکەی لە وەرگرتنی مافی کچە بەش خوراوەکەی و پاراستنی شەرەفی کچەکەی؟

چاکسازی هەر ئاڵوگۆڕی نێوان کۆمپانیاکانی کار و سەڵاحەدین و لاناز و بانقەکانی کوردستان بۆ ئاڕ تی بوو؟ چاکسازی ئەوەبوو کە دەروازە گومرگییەکان ڕادەستی کۆمپانیا حزبییەکان بکرێت و ڕۆژانە بە ناوی جیاوازەوە ملیۆنان دۆلار وەکو سەرانە لە هاووڵاتییان بسەندرێت؟ چاکسازی هەر ئەوە بوو، کە هەزاران دۆلاری نایاسایی لە بارهەڵگر وەربگیرێت و ئاودیوی ئێران بکرێت لە درەنگانی شەو و بە ئامادەبوونی ئاسایش لە کاتی سەختی دۆخی کۆرۆنادا؟

دەوڵەتدارییەکەتان ئەوەندەبوو کە %٧٠ی گومرگی برایم خەلیل لای خۆتانەوە چاپ بکرێت و تەنانەت وەزیری دارای و تەواوی حکومەتیش لێی بێ ئاگابن؟ دەوڵەتداری ئەوەبوو هەزاران دۆنم زەوی لەسەر کۆمپانیای کۆریدۆر لە ناو پایتەختی هەرێم تاپۆ بکەیت و هەزاران گەنجیش بە ئاواتی لانەیەکەوە سەربنێنەوە؟ دەوڵەتداری ئەوەیە کە خاوەنی چەندان ڤێلا و کۆشک و تەلار بیت و گەنجەکانیشمان، لە بێ نانی و بێ بەرگی ڕێگەی هەندەران بگرن؟

بەڵێ

ئیتر هاووڵاتییان مافی خۆیانە بپرسن، کوا ٤٠٠ ملیارەکە، بپرسن داهاتی نەوت لەکوێیە؟ بپرسن کوا داهاتی خاڵە گومرگییەکان؟ بپرسن کوا مووچەی مووچەخۆران؟ بپرسن کوا چاکسازی؟ بپرسن کوا دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان؟ بپرسن کوا سەربەستی و سەربەخۆیی دادگاکان و داواکاری گشتی؟ بپرسن کوا پارە و ماڵی ئەم میللەتە و چۆن ئیدارە دەدرێت؟

بەسە ئیتر ڕۆژێک بەناوی ئابووری سەربەخۆ نیوەی میللەت برسی دەکەن؛ بەسە ئیتر، ڕۆژێک پەرلەمان پەک دەخەن، و ڕۆژێکیتر بێڕێزی بەرامبەر بە هاووڵاتییان. بەسە ئیتر، بێڕێزیکردن بە هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکومڕانی.

ئایا ئەمە چاکسازی و دەوڵەتداری و دابینکردنی ژیانی هاووڵاتییانە؟

زیاتر