دانوستانی ئەمجارە.. لە چ دۆخێکدا دەکرێ؟

مەلا بەختیار

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی
  23/12/2020  |    1667 جار خوێندراوەتەوە

دانوستان.. ئەرکێکی چارەنوسسازی هێزە سیاسیەکان و دەوڵەتەکانە .

دانوستان.. بە پێی دۆخی سیاسی و سەنگی هێزەکان، بەرنامەکەی دیاری دەکرێ و ئاکامەکەی دەردەکەوێ هێزی بەهێزی دەوڵەتان و لایەنە سیاسییەکان، مەرجەکانی هێزی لاوازتر لە خۆیان لە دانوستاندا، قبوڵ ناکەن. ئەمە سەرەتای تێگەیشتنە لە بنەماکانی دانوستان .

دەوڵەتی عێراق لە دامەزراندنییەوە (١٩٢١) وەکو دەوڵەتێکی باڵادەستی ئابوری، سیاسی، عەسکەری و دیبلۆماسی، دانوستانی لەگەڵ ڕاپەڕینە چەکدارەکانی بەرزانیەکان، شێخ مەحمود، شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێدا کردووە. بۆیە هیچیان سەرینەگرتوە

لە ساڵی (١٩٢١-١٩٩١) حەفتا ساڵ، هەرگیز دەوڵەتی عێراق، بە ئەندازەی تێکشکاندنی لە شەڕی کوێتدا، لاواز نەبوو. لە کوردستاندا ڕاپەڕین هەبوو. عێراق لە جەنگی هاوپەیمانان بەزی. هەلێکی باش بوو، کورد بتوانێ مەرجەکانی لەو دۆخەدا بسەپێنێ. بەڵام لەبەر چوار هۆ، بەرەی کوردستانی دانوستانێکی سەرکەوتوی نەکرد

یەکەم: لە جەنگەکەدا، هاوپەیمانان ئاگربەستیان قبوڵ کردو لە دانوستانی چادری سەفواندا، ئەمریکا ڕێگەیدا، سوپای عێراق هێرش بکات و کۆپتەریش بەکار بهێنێ .

دوەم: شیعەکان هەڵەیەکی گەورەیان کرد، پێش ئەوەی هاوپەیمانان سەدام بڕوخێنن، شیعەگەریان سەپاندە سەر راپەڕینی ناوەڕاست و خواروی عێراق .

سێیەم: ستراتیژێکی سیاسی-عەسکەری- ئیداری تۆکمە لە نێوان هێزەکانی بەرەی کوردستانی دا نەبوو. بۆیە لە یەکەم هێرشی سوپای عێراقدا، هێزی پێشمەرگە لە کەرکوك و هەولێر و سلێمانی و دهۆك تێك شکان. تەنها لە شەڕی کۆڕێ و ئەزمەڕ، بەرەنگاریان کرد، سەرکەوتن .

چوارەم: هێزەکان و زۆربەی بەرپرسەکانی بەرەی کوردستانی، تاڵانێکی بێڕادەیان کرد. هەر هێزێکیش تاڵانی بکات، گیانی قوربانیدانی لاواز دەبێت .

لەو دوخەدا، کە وەفدی بەرەی کوردستانی سەردانی بەغدادیان کرد. سەدام لەوپەڕی لاوازیدا، کەچی ئامادە نەبوو لە دانوستاندا، ڕێکەوتنێکی باشتر لە ١١/ی ئازاریش بکات .

لە دوای ئەو دۆخەوە، تەنها لە دوای روخاندنی سەدام، دەروازەیەکی بێوێنە بۆ دانوستان و دابین کردنی مافی کورد، کرایەوە. لەم دۆخەشدا (٢٠٠٣) ئەمریکا و بەریتانیا، پشت ئەستور بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیان سەپاند. رێگەیان نەدا، دانوستانەکانی کورد جگە لە چارەسەری ناوخۆیی عێراق، چارەسەری دیکە باس بکرێ. تەنانەت دژی ئەوەش بوون، کە کەرکوك و خانەقین و ناوچە کێشە لە سەرەکان بخرێنەوە سەر هەرێم. مام جەلال و مەسعود بەرزانیش، ناچار بوون بچنە بەغداد و لە چوارچێوەی عێراقدا دانوستان بکەن .

سەیرە.. عێراق سوپای نەبوو، دەزگا ئەمنییەکانی نەمابوو، ئەمریکا وەکو ئینتیداب بەڕێوەی دەبرد. کەچی شیعەکان کە دۆستی کوردیش بوون، لە دانوستان و نوسینی دەستوردا، گیر بوون، بە هەزار حاڵ رازی بوون، بە زمانی کوردی لەسەر پاسپۆرتی عێراق و تابلۆکانی پەرلەماندا.. بنوسرێ. هەڵبەتە چەسپاندنی فیدڕاڵ لە دەستوردا.. هاوکات مادەی 140 لە دانوستاندا، سەرکەوتنی گەورەتر لە بەیاننامەی ١١/ی ئازار بەدی هات .

لە دوای نوسینی دەستور، ئێستا (١٥) ساڵ تێ پەڕیوە. جارێکی تر کورد و بەغداد لە دانوستانێکی گەلێ هەستیاردان. هەستیار، نەك لە بارەی سیاسی و یاساییەوە، بەڵکو سەبارەت بە بودجەو موچەوە، بۆ؟ چونکە سیاسەتی ئابوری هەرێمی کوردستان، شکستی خواردووە. راستە شکستەکە، هاوکاتی قەیرانی ئابوری و داشکاندنی نرخی نەوتە، بەڵام ئەم راستییە، هەرگیز ئەو راستیەمان بیر ناباتەوە، کە لە دوای راپەڕینەوە (١٩٩١) هەر لە تاڵانییەکەی بەرەی کوردستانییەوە، تاڵانی داهات و ئامیری کوردستان، هەتا تاڵانی نەوت و سنورەکانی گومرگەکانی ئێستا، بەردەوامە .

کوردستان (٢٩) ساڵ تاڵانی بکرێ، تائێستا (٢٩) کەس، کە دەکاتە ساڵی یەك تاڵانکەر، نەدرابێتە دادگا، وڵاتی وا، چۆن دەتوانێ ژێرخانی ئابوری بەهێزی هەبێ. کە بەرگەی قەیران ، هیچ نەبێ بۆ موچەخۆران بگرێ !

وەفدی دانوستانی ئێستا، لەبەر چەندین هۆکار لە دۆخێکی نەشیاوی کوردستانی و عێراقدا، سێ هەفتەیە لە بەغداد، سەرقاڵی دانوستانە :

-عێراق، باری ئابوری داڕزاوە و دۆخی سیاسیشی داتەپیوە و حوکمرانیشی.. وەکو یەمەنە !

- کوردستان، باری ئابوری خراپترە لە عێراق، نارەزایی خەڵکەکەی لەوپەڕیدایە، حکومەتی هەرێمیش قەیرانە ئابوریەکەی پێ چارەسەر ناکرێ .

- زەمینەی متمانەی رێکەوتنێکی نوێی نێوان بەغداد و هەرێم، لاواز بووە .

جگە لە هەرێم، لە بەغداد (١٥) پەرلەمانتاری کورد، پێچەوانەی سیاسەتی

هەرێم هەڵوێستیان وەرگرتووە، کورتیەکەی: حکومەتی عێراق، ئەوەی لە کوردستاندا، گوزەراوە و دەگوزەرێ، ئاگادارە .

لە دۆخێکی ئاوای هەرێمدا، کە ئابورییەکەی نابوتە، پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی لەبنبەستە، دەوڵەتانی ئیقلیمی لەگەڵ عێراقن، زلهێزەکان، لە دوا ئاکامدا، عێراق هەڵدەبژێرن (ریفراندۆم بەڵگەیە !) .. خەڵکەکەی پڕن لە ناڕەزایی.. وەفدی حکومەتی هەرێم سێ هەفتەیە، لە دانوستانێکی پشوو درێژدایە .

سەرەنجامی هەوڵەکان، لەسەر بودجە (٦٧.١٢ %) پشکی هەرێم رێكەوتون. دیارە ئەم وەفدەش نەبوایە، ئەم رێژە پشکە هەر دابین دەکرا. چونکە یاساییە و دەستورییە .

سەرەڕای هەموو ئەو بۆچونانە، پێم وایە، وەفدی دانوستانکار، لە خراپترین دۆخدا، پشووی دانوستانیان درێژ بوو. ئەتەکیەتی گفتوگۆیان شیاو بوو. پەرۆشیان مایەی رێزە.. بەڵام، سەرخستنی دانوستان، هاوسەنگی هێز و سەرکەوتنی حکومڕانی و شەفافیەتی دارایی، دەستەبەری دەکات. کە بەداخەوە، کوردستان، لەبەر نەبونی ئەو بنەمایانەی دانوستان، لەوپەڕی لاوازی عێراقدا، بەلاوازی دانوستانی ئەمجارەی کرد. خەتاکەشی ناخەمە سەر ئەم وەفدی دانوستانە. بەڵکو ئۆباڵەکەی لەسەر کۆی حکومەتەکانی کوردستانە.. لەدوای راپەڕینەوە، کە نەیانتوانی ژێرخانێکی ئابوری تۆکمە بونیات بنێت. بۆیە، حکومەتی بەغدادیش... لەمە لاوازتر نابێ، کەچی بەرامبەر وەفدی کوردستان، لەژێر فشاری ئەقڵیەتی تایفەگەری زۆرینەی پەرلەماندا، خۆی نێر پیشان دەدات !!

زیاتر