ئەو هەڵبژاردنەی یەکێتی دەیەوێت بکرێت
14/03/2023
|
1268 جار خوێندراوەتەوە
یەکێتی هێزێکی گەشەسەندووی قۆناغە جیاوازەکانە، هەر بۆیە لە سەرەتای دروست بوونیەوە جیاواز لە هێزەکانی تر هاتە ناو خەباتی سیاسی و فکری و چەکداری، هەمیشە بۆ هەلومەرج و بارودۆخ و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێشبینی و خوێندنەوەی پێویستی هەبووە، بە ئاراستەیەک یەکانگیر بێت لەگەڵ ئامانج و ئاڕاستەی سیاسی حزبەکە و ویستی خەڵکی کوردستان، هەڵبژاردن و بەمەدەنیکردنی کۆمەڵگە و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری پێویست، لەتەک پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان لە گرینگترین پلان و ستراتیژی ئامانجگیری یەکێتین.
توندی و سازش نەکردنی ئەمجارەی یەکێتی وەک هەموو قۆناغەکانی پێشوو لەمەڕ پێداگری گەیشتنە ئەنجامی ویستراودا، هەڕەمەکی نەبووە. ئەگەرچی لە ماوەی ڕابردوو بە ئێستاشەوە هەندێ لایەن هەن بۆ بابەتێکی دیاریکراو یان ئەجێندایەکی هەرێمی سەپێندراو کە خزمەتێکی سنورداری مەرامی تەسکی حزبی و لەناو حزبیشدا خزمەت بە تاکە کەسێک دەکات، بۆ تامی چێژی هەوای عینادی و جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی توند بوونە و سازشیان نەکردووە. هەڵبژاردن ویستی هاوڵاتیانە، پێویستییەکی گرینگی نوێکردنەوەی گرێبەستی حوکمڕانییە. سەرکردایەتی یەکێتی و سەرۆکەکەی بە ڕوونی و بە شانازییەوە بانگەشەی بۆ دەکات و داوای شەفافیەتی تەواوەتی دەکات لە پرۆسەکە.
جەماوەری یەکێتی بەتایبەتی و هاوڵاتیان بە گشتی، بەهۆی سازشکردنی یەکێتیەوە بەزۆر شێواز، وە لە چەند قۆناغێک سزای یەکێتییانداوە، تەنانەت تانە لێدان و لۆمە کردنی یەکێتی هەموو لایەک پێی دەزانێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا یەکێتی هێزێکی کاریگەری خاوەن مێژووە، خاوەن ستراتیژی خزمەت کردنە بە داهاتووی خاک و گەلەکەی. هەر بۆیە کاتێک پرسێکی گرینگی وەک هەڵبژاردن دێتە پێش جوامێرانە بە ڕوونی لە پەیامی سەرکردایەتییەکەی و خودی سەرۆکی حزبەکەوە داوا و پێداگری هەڵبژاردنێکی پاک دەکات کە تیایدا مافی دەنگدەر و لایەنەکان و کۆتاکان پارێزراو بێت.
پاکی تۆماری دەنگدەران، سیستم و شێوازی پرۆسەی هەڵبژاردن هاوشێوەی عیراق، کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، پێداچونەوە بە ژمارەی کورسی کۆتاکان، خاڵی گرینگ و شایان بە پێداگری تەواوی یەکێتی بوونە، دواجار ئەوەی بەهۆی ساختەکاری و تەڵە و تاکتیکی سیاسی و ڕاوێژ بە هێزە دەرەکییە داگیرکەرەکان و بەکارهێنانی لایەن و کورسی کۆتاکان ببێتە حکومڕان، گومانی تێدا نیە حکومڕانییەکی ساختە و بێ ناوەڕۆکی هاوڵاتیان و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەکات.
بۆیە ئەرکی هێزە نیشتمانی و مەدەنیخوازەکانە لەپاڵ یەکێتی بن و ببنە پشتیوانی ویستی یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونکە ئەو هەڵبژاردنەی یەکێتی لەماوەی ڕابردوو تا ئێستا شەڕی سیاسی لەسەر دەکات هەر خزمەت نیە بە هێزێکی دیموکراتخوازی وەک یەکێتی، بەڵکو خزمەتە بە هەموو دەنگدەران و زۆربەی لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسی.
خودی شەڕە سیاسییەکەی ئەمجارەی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و ڕاست، دەرخەری ئەوەیە کە بەڵێ یەکێتی هێزی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێک کە لە ئاست ویستی دەنگدەر بێت لە ڕووی پاکییەوە، وە لە ئاست ویستی سیاسی هێزە دیموکراتخواز و مەدەنییەکان بێت، لە پێناو گەیشتن بە ئەنجامێکی وەها کە هاوڵاتیان لەسایەی بحەسێنەوە
|