موشەکەکانی ئێران و کاردانەوەی ئێمە

  21/01/2024  |    1048 جار خوێندراوەتەوە

كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ چه‌ند بیانوویه‌كی نابه‌جێ چه‌ند پێگه‌یه‌كی هه‌ولێری كرده‌ ئامانج،ئه‌م هێرشه‌ی ئێران پێچه‌وانه‌ی هێرشه‌كانی رابردووه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی توندی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی لێكه‌وته‌وه‌،ئه‌مه‌ش به‌هۆی جۆری هێرشه‌كه‌ و شوێنه‌كه‌ و ئه‌نجامدانی له‌لایه‌ن خودی سوپای پاسدارانه‌وه‌ بوو،به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج بوو،كاردانه‌وه‌  فه‌رمییه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی هه‌رێم  بوو كه‌ ده‌كرێت هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین و بزانین تا چه‌ند گشتگیر و واقعی بوو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كان ده‌گونجا.

له‌ په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیدا چه‌مكێك هه‌یه‌ به‌ ناوی " مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌"،واته‌ كاردانه‌وه‌كان ده‌كرێت هاوشێوه‌ی وڵاتی به‌رامبه‌ر بێت،به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێم ده‌وڵه‌ت نیه‌ و خاوه‌ن هێزی ئابوری و سه‌ربازی نیه‌ هاوشێوه‌ی وڵاتێكی وه‌ك پاكستان  نیه‌ كه‌ به‌ توندی و به‌ هاوشێوه‌ وه‌ڵامی ئێرانی دایه‌وه‌،ئه‌وه‌ هه‌رێم ناتوانێت ئه‌م چه‌مكه‌ به‌كاربهێنێت، بۆیه‌ كاردانه‌وه‌كان هه‌رچییه‌ك بێت،ئه‌وا له‌ مه‌وقیفێكی لاوازه‌وه‌ ده‌بێت،به‌ڵام هێشتا ده‌كرێت له‌ ئێستا باشتر بێت كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ یه‌ك رۆژ ناكرێت و به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی دوور مه‌ودایه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ داهاتوودا به‌كاریبهێنێت، كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ناوخۆییه‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌م كار كه‌ پێویسته‌ هه‌رێم ئه‌نجامی بدات،ئه‌وه‌یه‌ كاردانه‌وه‌كانی ده‌بێت فه‌رمی و سیمای حوكمرانی پێوه‌ بێت،نه‌ك به‌ عه‌قڵیه‌تی حزبی و هه‌ژمونگه‌ری وه‌ڵام بداته‌وه‌، روونتر بڵێین نابێت له‌ ژێر سیاسه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵام بداته‌وه‌، كه‌ له‌ژێر هه‌ژمونی توركیایه‌و دژی ئێرانه‌،چونكه‌ ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ناكات،توركیاش هاوشێوه‌ی ئێران به‌ڵكو زیاتر هێرش ده‌كات، ناكرێت بۆ توركیا بیانوو بهێنرێته‌وه‌ و بۆ ئێران خۆ گیڤ بكه‌یته‌وه‌،ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته‌ رای گشتی دروست ناكات له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆ، له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ش لاواز ده‌بین، بۆیه‌ ئه‌م كاردانه‌وه‌ تونده‌ی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به‌ توركیا، بۆته‌ خاڵی لاواز.

كاردانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ئه‌وه‌ بوو ژوری بازرگانی هه‌ولێر داوای بایكۆتی كاڵای ئێرانی كرد، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌،چونكه‌ تۆ هێشتا ئابوری به‌رخۆرت هه‌یه‌،واته‌  ته‌نها پشت به‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ ده‌به‌ستیت و ناتوانیت پێداویستی ناوخۆ دابین بكه‌یت، ئه‌ی چۆن كاڵا بایكۆت ده‌كه‌یت،ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌هۆی هۆكاری یه‌كه‌م ناتوانیت ئه‌م كاره‌ش بكه‌یت،بۆیه‌ بۆ بایكۆتی كالای وڵاتێك ئه‌وا ده‌بێت ته‌واو ئاماده‌كاریت كردبێت،ئه‌مه‌ش پرسه‌یه‌كی دوورمه‌ودایه‌ هه‌رێم ده‌یتوانی له‌ ماوه‌ی32 ساڵه‌ی رابردوو ئه‌نجامی بدات،به‌ڵام نه‌یكردووه‌ و ئێستاش ناتوانێت باس له‌ شتێكی ناواقعی بكات.

بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزێك گه‌ر خۆت هێزت نه‌بوو،ئه‌وا ده‌بێت پشت به‌ هێزێكی ده‌ره‌كی ببه‌ستیت،واته‌ هه‌رێم ده‌بێت پشت به‌ وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك ئه‌مریكا ببه‌ستێت،به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌مریكا ئه‌و مه‌یله‌ی بۆ كورد نه‌ماوه‌،به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی ئاڵۆزكردووه‌ و له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌م وه‌ك "داگیركه‌ر" ناوی هێناوه‌،ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كونسوڵه‌كه‌ی دروست كرد،ئه‌مریكاش به‌هۆی خراپی به‌رێوه‌بردن وپێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێبینی جدی له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌،بۆیه‌ له‌ ئێستادا هه‌رێم ناتوانێت ئه‌م كارته‌ش به‌كاربهێنێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عێراقیشدا له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و په‌ری لاوازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت،بۆیه‌ گه‌ر عێراقیش هه‌ڵوێستی نه‌بێت،ئه‌وا هه‌رێم هیچی پێناكرێت.

له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی باسمان كرد،هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا هه‌ر كاردانه‌وه‌یه‌كی هه‌بێت،ئه‌وا هه‌ڵگرتنی به‌ردی گه‌وره‌یه‌ و هه‌موو لایه‌كیش ده‌زانێت كه‌ڵكی هاویشتنی نیه‌، بۆ هاویشتنیشی پێویسته‌ له‌ ئێستاوه‌ موماره‌سه‌ی كۆمه‌ڵێك چاكسازی بكات و خۆی له‌ناوخۆ به‌هێز بكات، تا له‌ده‌ره‌وه‌ حساب بۆ كراو بێت،به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا هێزێكی حساب بۆ نه‌كراوی كپ كراوه‌، جگه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی لێدوانی ئاگرینی بێهه‌ڵوێست هیچی دیكه‌ی پێناكرێت.

زیاتر