دیسانەوە شەقاوەكانی حزب
06/02/2024
|
753 جار خوێندراوەتەوە
هاوكێشەكە خۆماندووبونی ناوێ، كە هەیبەتی دەوڵەت نامێنێت و دامەزراوەكانی مۆركی پارێزەری گروپی سیاسی وەردەگرن نەك پارێزەری كۆمەڵگاو دەوڵەت، هەڵكوتانە سەر ماڵان بەچەكی مۆڵەتپێدراو بەرگی رەسمی هێزە ئەمنییەكان بە مەبەستی دزی و سەرانە وەرگرتن ، ئاساییە ببێتە مانشێتی یەكەم هەواڵ.
كە یاسا لەژێر پێڵاوی خاوەن چەك و هێز بێت، بكوژەو ببڕە و بڕۆ، ئەنجامەكەی ترسناك نییە، چونكە سەرۆكی عەشیرەت و مەكتەبی سیاسی یان سەركردەیەكی دیاری حزبەكەت، بە سوڵحی عەشایەری، دەتپارێزێت.
ئێمە وەزراەتێكمان هەیە بەناوی وەزارەتی ناوخۆ، شەڕی چەكی بێمۆڵەت دەكات و دەڵێت كۆیاندەكەمەوە، لەملاوە لێكەوتەو و تاوانەكانی چەكی مۆڵەتپێدراو بووە بە تایبەتمەندی دیوەخانی عەشایەری حزبەكان، نە وەزراەت رونكردنەوەی لەسەر دەدات، داواكاری گشتیش خۆی پێوە ماندوو دەكات.
لەناو ئەم دیمەنانەدا هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە، ئەم جۆرە لە (شەقاوە) سەرهەڵبدات، لەگەڵ هەندێ جیاوازی و تایبەتمەندی شەقاوەكانی سەردەمی پێشوو.
كاتێك لەسەردەمی حوكمی عوسمانییەكان كەنەیتوانی لە هەموو پارچەیەكی دەسەڵاتەكەی لە عێراق، یاسا وەك یەك بەسەر هەمووان جێبەجێبكات، ئیدی سەرانە سەندن و گەندەڵی و دزی تەشەنەی كرد، هاوكات دیاردەییەكی كۆمەڵایەتی بەناوی (شەقاوە)یش سەریهەڵدا.
شەقاوە بەو كەسە دەوترا، كە یاسای هێزی لەناوچەیەكی دیاریكراو پەیڕەو دەكرد، بێ ترس لەیاسا چەقۆ یان قەمەیەكی هەڵدەگرت كە بۆی هەڵكەوتایە دەیوەشاند، لای خۆمان سەردەمێك قەمە یان چەقۆی ئەبو ئەڵقەی پێبوو، بۆ تۆقاندن.
ئێستا لەم سەری كوردستان بۆ ئەوسەری، لەبری چەقۆی ئەبو ئەڵقە، ئێم فۆڕی پێییەو ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەی جام ڕەش نەبێت، یان گوللەبڕ نەبێت، ئەوا بە مۆڕەكردنیان لە شوفێرانی تر، یان شكاندنی یاسای هاتوچۆ، یان شكاندنی شكۆی مرۆڤێكی تر لەسەر شەقامەكان، دەناسرێنەوە.
ئەوەی شەقاوەكانی سەردەمی پێشوو لە شەقاوەكانی حزب جیادەكاتەوە، ئەوسا هاوپشتی درواسێ و كوڕو كچانی گەڕەك بوون، كێشەكانیان بۆ ناوخۆ كەمتربوو، ئێستا دەست ناپرێزن.
بەڵام لە هەندێ میكانیزمی ساختەكردن دوو رووی یەك دراون، بۆ نمونە لەشوێنی وەك قوماركردن و یانەی شەوانە و شوێنی رابواردن، یان لە كۆمپانیاكان (خاوە : سەرانە) وەردەگرن، هەندێ جاریش لە بەرامبەر پارەدا شوێنەكانی لەشفڕۆشی دەپارێزن.
بە هۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی پەیوەندی و تەكنەلۆژیا، هەڵسوكەوتی شەقاوە تازەكانی حزب لە نمایشی پاسەوان و ئۆمبێلی گرانبەها و دروستكردنی تەلارو باخی گەورە و ژیانی رۆژانە و پێشێلكردنی ماف و سوكایەتی بەیاساكان بێسنورە، بێدەنگی داڵدەدەرانیشیان سەرنجڕاكێشترە.
دادو هاوار بۆ كێ بەرین؟
|