دیار کردنی بەشێک لە كورسییەکانی پەڕلەمان بۆ کۆتای تایبەت بە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ، بە پێی بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق گرنگ و پێویست بوو. ئەوەی بەدی دەکرێت وردە وردە بەربەستەکانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لادەدرێن، ئێدی هۆکارەکان نامێنن بۆ ئەوەی ئەو تاک و لیست و لایەنە سیاسییانەی ویستی بەشدارکردنیان لەو پڕۆسە گرنگە هەیە ئامادەکاری خۆیان نەکەن.
ئەنجامدانی هەڵبژادنێکی سەرتاسەری پاک، بە دوور لە تەزویر و ترساندن ، دیار کردنی نوێنەرانی باش و بە توانا، گەڕاندنەوەی مافە بۆ خاوەن ماف کە لێرەدا گەلی کوردستانە. بەڕێگای بەکار هێنانی ئەو مافە سیاسییە گرنگەی هەڵبژاردنە کە گشت لایەنە سیاسی و پێکهاتەکان دەتوانن لە پڕۆسەیەکی دادپەروەرانەی بە یاسا ڕێکخراو نوينەرانی خۆیان بۆ پەڕلەمان بۆ ماوەیەکی کاتی (چوار ساڵ) دیاری بکەن، لەو کاتدا وڵات دەبێتە خاوەن پەڕلەمان و دەزگای جێبەجێکاری شەڕعی بەرپرسیار.
ئێستا هەرێمی کوردستان بێ پەڕلەمانە و حکومەت کاربەڕێکەرە و لە مەفهومی سیاسی و یاسایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ناقص الصلاحیە ئەژمار دەکرێت .
بۆیە گرنگە دیموکراسی خۆمان لە هەرێم بە هەڵبژاردنێکی باش و جیاواز، نوێ بکەینەوە ، ئەم ساڵ ساڵێکی بێ وێنەیە لە مێژووی مرۆڤایەتی و لە زۆر وڵات هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و دەدرێت، بۆیە گرنگە ئێمەی گەلی کوردستانیش لەم ساڵەدا بتوانین یەکێک بین لەو گەلانەی کە لەم ساڵە مێژووییەدا هەلبژارن ئەنجام دەدەن و ناومان بچێتە پاڵ گەل و وڵاتانی تر . چونکە هەڵبژاردن کڕۆکی دیموکراسی و حوکمڕانی مودێڕنە