هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی پارتی و چەند سەرنجێک !

  16/07/2024  |    1075 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ دووشەمە، هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵەح بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی لە ڕێگەی بۆمبی لکێنراوەوە شکستی هێناو سەرباری لێکەوتەی میدیایی، بەڵام کاردانەوەکانی دوێنێ بەرامبەر ڕووداوەکە تا ڕادەیەک لاوازبوون. ئەمڕۆ سێشەمە دوای ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکوەزیران جارێکی تر دۆسیەکە گەرم بوویەوە.

هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵەح ڕوونە، بەتایبەت گەر دیقەتی ڤیدۆی کاتی تەقینەوەکە بدەین، دەردەکەوێت بە موعجیزە ڕزگاری بوو، ئەمە جگە لەوەی لەکاتی قسەکردنیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان شڵەژاوی وشپرزەیی پێوە دەبینرا، ئەمانە ئاماژەن بۆ جدییەتی ڕووداوەکە.

زانیارییەکان چی دەڵێن؟
دەزگا ئەمنییەکان کامێرای شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی لقیان هەڵگرتووەتەوە، بەپێی کامیراکان ئەو بۆمبە دوێنێ لە شوێنی حەوانەی دانەنراوە، بەڵکو پێشتر لە شوێنی تر دانراوە. 

ئەوان هێشتا سەرقاڵی بەدواداچوون و هەڵگرتنەوەی کامیراو پشکنینی ئەو شوێنانەن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسی لق پێیدا تێپەڕیووە، بەڵام چۆنیەتی کردەوەکە جێ دەستی خەڵکی پسپۆڕو شارەزای پێوە دیارە، نەک خەڵکی ناشارەزاو خەڵکی ئاسایی، بەتایبەت لە ئەنجامدانی کردەوەکەدا شوێن پێی جێنەهێشتووە. 

سەرباری هەموو ئەوانەش، ڕەنگە هەندێک شت و هەندێک گومان هەبن، ئیشی ئێمە نەبێت قسەی لەسەر بکەین تا دوای یەکلایی بوونەوەی دۆسیەکە.

کێ کردەوەکەی ئەنجامدا؟
بێگومان کردوەکە دوورە لە یەکێتییەوە، چونکە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی ئەنجامدراوەو پارتی خەریکە تەوزیفیشی دەکات، کاتێک دەڵێت ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە تۆمەتباران بدۆزنەوە.

پاشان کردەی وا لە بەرژەوەندی یەکێتی نییە وەکو حزب، بەوپێیەی سەدان بەرپرسی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی لەکاردان و نایەوێت دەست بۆ بەرپرسی پارتی ببرێ، ئەمە جگە لەوەی ئەکرەم ساڵەح ڕەمزێکی وا گەورەی پارتی نییەو تەنانەت گەر تیرۆریش بکرایە، یەکێتی هیچ سودێکی نەدەبینی و دەبووە مایەی سەرئێشەش بۆی.

لە دیوی ترەوە پەنجەی تۆمەت بۆ پە. پە.کە  درێژ دەکرێ، گریمان پە.کە.کە  بۆی بکرێ، خواستی کردەوەیەکی وای هەیەو ئەنجامی دەدات، بەڵام لێرەشدا پرسیار دێتە پێشەوە:
کوا کەی پە.کە.کە لەگەرمیان هێندە بەهێزە ڕیزی پاسەوانی بەرپرسێک ببەزێنێ و بەنێویاندا بڕوات و بۆمب بلکێنێتە سەیارەکەیەوە؟ 

بەرپرسێک شەوان سەیارەی دەباتە ژوورەوەو تا ڕۆژیش دەبێتەوە پاسەوانی هەیە،  کاتێکیش سەردان ئەنجام دەدات پاسەوان لای سەیارەکەی دەمێنێتەوە، پە.کە.کە لە کوێوە دزەیکردو گەشتە لای سەیارەکەی؟

گومانی تر..
بێگومان لە کاتێکدا ئەم ڕووداوە ڕوویداوە تەنها چەند هەفتەیەک بەسەر کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتیدا لەگەرمیان تێپەڕ دەبێت، کە پڕبوو لە کێشمەکێش و بێنەو بەردە. تۆمەتبارکردنی کادیرە ناڕازییەکانی پارتیش لەگەرمیان بە لای منەوە بێ مانایە، چونکە چۆنیەتی ئەنجامدانی کردەکە خەڵکی شارەزای لە پشتە، نەک کادیری حزبی بێ ئاگا لە کردەی سەربازی وا بەپلان.

هەرچەندە زووە لە ئێستادا پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەکی ناو پارتی و حزبی تر درێژ بکرێ، بەڵام ڕووداوەکە پێمان دەڵێت؛ خەرقی ناوخۆیی پارتی هەبووە، گەر خەرقی ناوخۆیی پارتی نەبێت ، دەستگەشتنە سەیارەی بەرپرس ئاسان نیە.

زیاتر