پارتی و بنەماڵە لەهەوڵی شێواندنی بارودۆخەکەدان

  15/10/2024  |    891 جار خوێندراوەتەوە
پارتی و بنەماڵە، بەشێکی نەوت و گاز و گومرگیان بەدەستەوە نەماوە؛ تاڵانی مووچە و هەژمارەکەیان نەچۆتە سەر، خەریکە بەشێکی پۆستەکانیان لەدەست ئەدەن. بۆ ڕزگاربوون لەو ڕەوشە، لە هەوڵی شێواندنی بارودۆخەکەدان.
قەڵای ورەیان بە جۆرێک هەرەسی هێناوە، میدیاکانی پارتی لە ئێستاوە سیناریۆ دائەڕێژن و  زەمینەسازی ئەکەن بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
یەکێک لە ئامرازەکانیان بریتیە لە پەرتکردنی کۆمەڵگای کوردی، لە ڕێی برەودان بە ناوچەگەرێتی و شارچێتی.
بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ، میدیا نەوتاویەکانی پارتی لە بۆسەدان بۆ دۆزینەوەی ڕوداوی ناخۆش و نائومێدکەر و  پەخشکردنی لە بارەی ناوچەکانی (سلێمانی و شارباژێڕ و شارەزور + هەڵەبجە و هەورامان + پشدەر و بیتوێن و دوکان + کەلار و کفری و چەمچەماڵ و دەربەندیخان + کۆیە).
ئەمانە گوایە هەڵگری ناسنامەی کوردایەتی و پارێزەری قەوارەی هەرێمن؛ بەڵام دیارە کەرەستەی پاراستنی قەوارەکە لای ئەوان بریتیە لە ناوچەگەرێتی و شارچێتی و لێکترازان؟!!!
حزبێک باسی لوتبەرزی و خۆنەچەماندن دەکات، بۆ تەفرەدانی خەڵک و داپۆشینی ئەجێنداکەیان کە خزمەتە بە سوپای داگیرکەر. هەواڵی کوشتنی کوردانی باکور، وەکو سەرکەوتن بڵاودەکەنەوە و لێدانی خەندەق بۆ دابڕینی کوردستانی ڕۆژئاوا بە دەستکەوت دەزانن.
سەبارەت بە حکومڕانی ناوچە داگیرکراوەکانی دوای ٣١ ی ئاب؛ لە هەموو دونیادا جیاوازی چینایەتی هەیە، بەڵام ئەوەی لە هەولێری پایتەخت دەگوزەرێت سروشتی نیە، کە بریتیە لە گرنگیدان بە ناوچەیەکی دیاریکراو و زۆنی ئاڵتونی و پشتگوێخستنی گەڕەکە کۆنەکان و خەڵکە ڕەسەنەکەی هەولێر.
گەڕەگە سەربەرزەکانی (ئازادی، باداوە، بنەسڵاوە، بەستەپیازە، تەیراوە، تەعجیل، تۆپزاوە، خانەقا، ڕوناکی، سەیداوە، سێتاقان، کوران، کوردستان، مامۆستایان، مەنتکاوە، و نەورۆز) بەدەست بێ ئاوی، بێ کارەبایی، و کەمی خزمەتگوزاریەوە دەناڵێنن.
بە هەمان شێوە قەزاکانی (دەشتی هەولێر، مەخمور، و خەبات) و ناحیەکانی (بەحرکە، خەلیفان، قەسرێ، دارەتوو، قوشتەپە، کەڵەک، ڕزگاری، سیدەکان، سێگردکان، شەمامک، شۆڕش، قەراج، و کەسنەزان) فەرامۆش کراون.
خەلکی ڕەسەنی پارێزگای هەولێر سودمەند نین لە کۆشک و باڵەخانە بەرزەکان و مۆڵ و بازاڕە هاوچەرخەکان؛ بەڵکو چینێکی مشەخۆر بەسەر خەلکی هەولێرەوە پێی دەوڵەمەند بوون.
پێویستە خەڵکی کوردستان وەڵامی سیاسەتی نادیموکراتی و ناکوردستانی پارتی بدەنەوە؛ هەڵبژاردن بکەنە وێستگەیەک، بۆ ڕێککردنەوەی باڵانسی هێز و کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی.
زیاتر