عەقدی ١٠٠ملیاردی، لەسەر بەتانیی تەحالوف!

  23/05/2025  |    2040 جار خوێندراوەتەوە

رێبوار کەریم وەلی 

لە مانگی ئایاری ٢٠١٤ دا، مەسعود بارزانی دوای دوایین سەردانی بۆ ئەمریکا و دیدارێکی دە دەقیقەیی لەگەڵ ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری، بە نەشئەی سەربەخۆیی گەڕایەوە کوردستان. ئەوکاتە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.

دیدارێکی فراوان بۆ بەڕێوەبەرانی کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن لەگەڵ سەرۆکی هەرێم رێکخرا. منیش بە نوێنەرایەتیی تۆڕی میدیایی روداو بەشدار بووم. لەوێ بارزانی باسی لە رێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کرد و گوتی: رێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە زۆر گرنگترە لەوەی کە ئەمریکا بنکەی سەربازیی لە هەرێمدا هەبێ؛ ئەمریکا لە حاڵەتی مەترسیدا مەجبورە کۆمپانیاکانی خۆی بپارێزێ…

ئەو کاتە رێکس تیلەرسۆن سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بوو کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپ بووە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.  ئەو زاتە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، راست و رەوان بە دۆگلاس سلێمانی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدای گوتبوو کە تەنانەت وەڵامی تەلەفۆنەکانی بارزانیش نەدەنەوە!تەبعەن دواتریش زۆر بە ئەدەبەوە بە بارزانییان گوت کە دەبێ بکشێتەوە!

ئێستاش بارزانیی کوڕ لە سەر رێچکەی باوکی باس لە هاوپەیمانیەتی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا دەکات. بە دەیان ملیۆن دۆلار پارەیان خەرج کردووە بۆ ئەوەی یەک دوو وەزیر وکۆنگرێسمانی بێکەڵک ببینێ، دڵی دابمرکێ و لەسەر بەتانییەکی  تەحالوف عەقدی ١٠٠ملیار دۆلاری  و دابینکردنی کارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێی  عێراق ئیمزا بکات!

ئەم تەخشان و پەخشانکردنەی پارەی میللەت بە ناوی سەفەری مێژوویی و گرێبەستی ستراتیژی هیچ نییە جگە لەوەی کە مەسرور بارزانی دەیەوێ وا خۆی پێشان بدات  ئەوێش لە گۆڕەپانەکەدایە؛ نێچیرڤان بارزانی لەم ماوەیەی دواییدا لە رووی دیپلۆماسییەوە، سنورەکانی سەرۆکی هەرێمێکی بچوکی بەزاندووە. ئەوەش بوەتە جێی ئیرەیی و مەسرور بارزانی هەوڵ دەدات بەو هاشوهوشە هەم تەرکیز لەسەر فەشەلی خۆی و حکومەتەکەی لابەرێت و هەمیش   بە حیسابی خۆی وەک سەرۆک و رزگارکەر دەربکەوێ.

زیاتر