هەندێک لەو کەسانەی لە بازگەکانی هەولێر دانراون شۆراونەتەوە لە ئاداب، بەڵام دەسەڵات ناپرسێت بۆ؟

ھاوڕێ مەلا ستار

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
  03/03/2023  |    2949 جار خوێندراوەتەوە
ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەم لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی لە بازگەی هەولێر بۆ پیرمام، تەماشام کرد سەدان ئۆتۆمبێل ڕاگیراوە و چەند ئەفسەر و پۆلیسێک زۆر بەبێ ڕێزییەوە لەگەڵ شۆفێرەکان مامەڵەیان دەکرد بەبێ ئەوەی هۆکارەکە بۆ خەڵکە ڕاگیراوەکە ڕون بکەنەوە. ئەم مامەڵە ناپيشەیەش بێ جياوازي بەسەر ئۆتۆمبێلي هەڵگري تابلۆی ژماره سلێماني و ژماره هەولێر پياده دەكرا.

كاتێك لە هۆکاري ڕاگرتنی خەڵک و ئەو خۆشێواندنەیانم پرسی. چەکدارێکیان كه هێشتا بۆنی شەڕی ناوخۆی لێدەهات، زۆر زۆر به ئاست نزمي وتی دەبێ هەموو بووەستن چونكه سەرۆکی حکومەت لێرەوە تێدەپەڕێت. هەر لەوێدا هەر قسەیەک بە خەیاڵمدا هات پێم وت و بەو ڕەفتارە زۆرە ملێیەشیان ڕازي نەبووين، کەس ئاماده نييه چركەیەک بە زۆر لە سەر كەسێک ڕابگيرێت گەر ئەو کەسە ئامادە نەبێت ڕێز له سەرەی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتيان بگرێت.
بۆیە پێمانووتن،  ئێمه یەک چرکە له كاتي خۆمان لەم قەرەنتینە قەرەقووشييەدا ناكوژين، 

ڕێزگرتنيش کردەیەکی خۆ ڕسکە نەک بە زۆرە ملێ و بێزاركردنی خەڵک بتانەوێت ميللةتێك زەليلي تابووري ڕەتلي ئۆتۆبێلی كەسێك بكەن، كە تێكڕاي ڕەتڵەکەی بە پارەی خەڵکی هەژاری كوردستان کڕدراوە. هەر بۆیە دەست بەجێ ڕەتلی سەیارەکەیانمان ڕاگرت، کە بە ناياسايي رێكخرابوون و، لەو بازگەیەش نەوەستاین كه دەيويست به پێشێل كردني ياسا و لێخورِين بەسەر خەڵکدا ، خۆی بۆ سەرۆکەکەی شيرين بكات.

پرسیارەکە ئەوەیە: بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئەو بێ ڕێزیی کردنە نابينێ؟
بۆ ناپرسێ هۆکاری ئەو قەرەباڵەغیە چیيە؟ چۆن ڕێگە بەخۆي دەدات كە ئەو هات هەموو ڕاوەستن !، 
خۆ خوانەخواسته شاڵاوي جەيشوجاش و زەبري كيمياويي و مەنعتەجەول نييه!
ئەويش زاتێكە وەكو دەيان هەزار شۆفێری تر. ئايا ئەو جياكارييەی کە لەهەموو بوارەكاني ژياني گشتی دا دەیکەن، بەس نييه؟ 
ئيللا دەبێت لە تێپەڕيني سەیتەرەشدا جياوازبن! 
ئەگەر جياوازيي لە هەر کایەیەکی تردا جوان و پێویست بێت، بەڵام جياوازيي سەرۆکی حكومەت لة میلەتەکەی، ئەو پەڕی شکستی دەسەڵات و ناشريني حوکومڕانیی بەرجەستە دەکات و مامەڵەی ئەو کارمەندە پێماندەڵێت له هەرێمی كوردستان كەسێك خۆی بە سەرۆکی حكومەت دەزانێت كە تەنانەت لە وەستان لە سەيتەره و بازگەكاني حزبەکەي خۆيشيدا دەترسێت!
زیاتر