ئایا ئاوارەکان خۆپیشاندەرن یا بەردی شەترەنج!

قائید شنگالی

ڕۆژنامەنووس
  08/11/2020  |    2374 جار خوێندراوەتەوە

ئەو خۆپێشاندانانەی ئەمڕۆ لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا بەڕێوەچوون ئەوەم بەبیرهێنایەوە کاتێک ڕۆژانی یەکەمی جینۆسایدی ئیزدیەکان کە ئێمە هەستاین بە ئەنجامدانی خۆپێشاندانێکئ گەورە لە قەزای زاخۆ بۆ داواکردنی ئازادکردنی خەلکی گوندی کۆچۆ کە ئەو کات لەژێر دەستی داعشدا بوون و هەموو ئەوانەی لە چیای شنگالدا گیریانخواردبوو و چەند داواکاریەکی تر.

هێزێکی ئەمنی لە قەزای سێمێلەوە هات و بلاوەی بە خۆپێشاندانەکەمانی کرد و دەاتیانکرد بە لێدانی ژن و کوڕانی بەشدار لە خۆپێشاندانەکە دا و ژمارەیەک لە هاوڕێکانیشمان دەستگیرکران و ئێمەیان بە مەتڕسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کوردی ناونا.

ئەوەی چێگەی پێکەنین و گریانیشە لەم بابەتەدا ئەوەیە لەشەوی ڕابردووەوە داوا لە ئاوارەکانی شنگال دەکرێت لە لایەن کادیر و ئەندامانی پارتی دەسەلاتدارەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن لە ئەنجامدانی خۆپێشاندانێکی گەورەدا لە کەمپەکانی ئاوارەکان دا بۆ پشتیوانی لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ، ئامادەبوونیش فەرزکرابوو لەسەر کادیر و ئەندامان و لاینگرانی ئەو لایەنە سیاسییە و تەنانەت ئەو خەلکەشیان بە پاس و ئۆتۆمبێل هێنا کە بە بە کرێ لەنێو خانووەکانی دهۆک و ناوچەکانی تریدا نیشتەجێن بۆ ئەوەی لە خۆپێشاندانەکەدا بەشداربن.

من پێم وایە لەگەل هەموو ڕێکەوتنێکدام کە لەبەرژەوەندی گشتی خەلکی شنگالدا بێت ، و لە رێکەوتنی هەولێر و بەغدا دا خالی باش هەبووە سەبارەت بە چارەسەری کێشەی دوو ئیدارەیی لە شنگال و دامەزراندنی ٢هەزار و ٥٠٠ پۆلیس لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەگەر تۆمارکردنی ناوەکان بە شەفافیانە ئەمجامدرابێت و بەپێی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بێت نەوەک بە تەزکیەی حیزبی بووبێت و لەژێر فەرمانڕەوایی پارتی دەسەلاتداربێت ، بەلام لە هەمانکاتیشدا دەبێ داواکاریی کەسووکاری قوربانیان و ئەوانەی کە بەرگریان لە چیای شنگال کردووە و گەلی شنگال بەتایبەتی بۆ ئەوەی ڕێکەوتنەکە لەبەڕژەوەندی هەموویاندا بێی ، ناکرێی لەبەڕژەوەندی لایەنێکدا بێت لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە و ئەگەر حکومەتی بەغداد جددی بێت دەبێت ئالیەتێکی باش دابنێت بۆ ئەوەی ڕێگەنەدات جارێکیتر خوێن لەنێوان ئێزدیەکاندا بڕژێت ، چونکە لەبەرژەوەندی هەموومانە شنگال ئاوەدانبکرێت و گەڕانەوەی ڕرۆح بۆ گیانی ئەو قەزایە دوای دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرەتای و دانانی ئیدارەیەکی نووێ بەلام لەبەرژەوەندی ئئمەدا نییە ئێزدیەکان ڕابکێشرێن بۆ بۆ دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆیی لەبەینیاندا وەک لاینگرانی حەشدی شەعبی و و یەکینەکانی بەرخودانی شنگال باسی لێوەدەکەن ئەگەر ئەوانیش لایەنێک نەبن لەنێو ڕێکەوتنەکەی هەولێر و بەغدادا وە بە هەمان شێوە لە شنگال پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە هەموو ڕێکەوتنێک ڕەتدەکەنەوە لەسەر ئیدارەی هاوبەش لەشنگال و گەڕانەوەی پێشمەرگە چونکە ئەوانیش لەلایەنی دەرەوە هاندراون بۆ ئەوەی جارێکیتر شنگال بگەڕێننەوە ژێر دەسەلاتی خۆیان ئەوەش لەسەر حیسابی خەلکی شنگال و کەسوکاری قوربانیان ، دەبێت ئەوانیش زیاتر ڕۆلیان هەبێت لە سیاسەت دا چونکە ئەوان لایەنێکی ناکۆکن لە هاوکێشەکەدا.

بۆیە ئەوەی لەبەرژەوەندی هەمووماندایە ئەوەیە هەموو ئاوارەکان بە ئەمن و ئارامییەوە بگەڕێندرێنەوە شنگال و خزمەتگوزاریەکانی ژیان پێشکێشیان بکرێت و کەشێکی لەبار دروستبکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بۆ ئەوەی جارێکیتر شنگالیەکان بە سەربەرزییەوە لە شوێنەکانی خۆیان بە ئارامی بژین.


زیاتر