ئایا دەکرێ فرسەت سۆفی کوژرابێ؟

کاوە شێخ عەبدوڵا

ڕۆژنامەنووس
  20/11/2020  |    56048 جار خوێندراوەتەوە

ئێستا دوای سێ ڕۆژ لە مردنی د. فرسەت سۆفی، بێ ئەوەی بەڵگەیەک یان سەرەداوێک هەبێ، گومانکردن لە مردنەکەی بووەتە باسی ناو خەڵکی ئاسایی و شتەکە لەوە دەرچووە گومانی چەند کەسێکبێ کە لە هەموو شتێکی پارتی بەگومانن .

زۆر کەس دەپرسن: تۆبڵێی ڕاستبێ کە فرسەت کوژرابێ؟

سادەترین پرسیار کە لە گیانلەدەستدانی فرسەت سۆفیدا دروست دەبێ ئەوەیە: کێ دەتوانێ کوڕی مەسعود بارزانی لەناو هەولێردا بکوژێ وەکو لە پەیامی هاوخەمییەکەیدا، بارزانی بە کوڕی خۆی، وەسفی فرسەتی کردبوو؟

وەڵامەکەی ئاسان نییە بۆ کەسێک کە نەتوانێ بێبەڵگە و لە ختوخۆڕایی تۆمەت و تاوان ببەخشێتەوە چونکە لانیکەم ئێستا بچووکترین بەڵگەی سەلمێنەرت لەبەردەستا نییە کە نیشانی بدات د. فرسەت سۆفی کوژراوە .

بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارە زەحمەت نییە کە بۆچی دەبێ فرسەت سۆفی بکوژرێ؟

فرسەت پارێزگاری پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو، ئەم پارێزگایە لە هیچ پارێزگایەکی تری عێراق و هەرێمی کوردستان ناچێ لەڕووی گەشە و ئاوەدانیی و لەخۆگرتنی ملیاران دۆلار لە پڕۆژەی وەبەرهێنان و پیشەسازیی و بزنسدا. تەنانەت لەم ساڵانەیشدا کە قەیرانی سیاسی و ئابووری هەرێم لە ترۆپکدا ماوەتەوە .

لەناو ئەم پارێزگایەدا بەرژەوەندی و ئابووریی دوو جەمسەری بەهێزی ناو بنەماڵەی بارزانی ...نێچیرڤان و مەسروور بارزانی... لە بەریەککەوتنێکی ڕاستەقینە و سەختدان .

تورکیا بە قورساییەکی گەورەی ئابووریی و سیاسی و ئیسختباراتییەوە، چاوی لەسەر هەولێرە بێ ئەوەی بۆ یەک چرکەیش چاو لەو بەرژەوەندییانە بخڵافێنێ .

ئەو هەموو پڕۆژەیەی هەڵڕژاوەتە ئەم پارێزگایەوە، ئەو ملیاران دۆلارەی سەرفکراوە یا هێشتا سەرمایەگوزاریی تێدا دەکرێ، بە کەمی تیایاندایە نەئاڵابن بە گەندەڵیی.. قۆرغکاری.. دزی و خۆسەپاندنەوە. هەزاران مەتر زەوی و سەدان پڕۆژەی گەورە و زەبەلاح هەن بە ناقانوونیی و بەرتیل و واسیتە دراون بە خاوەن پڕۆژەکان. بێگومان لە ژینگەیەکی وادا تاقم و پێڕی مافیا ئاسیا هەڵدەتۆقن و ئامادەن تا لێواری مردن و کوشتن، پارێزگاری لەو دەسکەوتە ناشەرعیی و ناقانوونییانەیان بکەن کە بەئاسانیی دەستیانکەوتووە .

لە پەیامی مەسروور بارزانی بۆ مردنی د. فرسەت ئاماژەیەک بەوە دەدات کە د. فرسەت زۆر هاوکاری بووە لە پڕۆژەی چاکسازییدا .

خۆ دیارە چاکسازیی لە پارێزگای هەولێردا، تەنیا چاککردنی رۆتیناتی فەرمانگەو کەمکردنەوەی خەرجیی و زۆرکردنی داهات نییە. بەڵکو وەکو دارژەندنە لە شێری برسی کاتێ دەمی لەناو کەلاکی ئاسکێکی ناسکدایە .

د. فرسەت سۆفی تا زیندووبوو، وەکو پارێزگاری هەولێر چ بەئاشکرا و چ بەناڕاستەوخۆ چەندبارەی دەکردەوە: لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی و قۆرغکاریدا جدین و چاوپۆشیی لە هیچ کەسێک ناکەن !

قۆرغکار و سەرەزلەکانی گەندەڵیی لە هەولێر، بە ئەستەم خەڵکی کەم دەسەڵات و بێ پشتوپەنان. فرسەت باش دەیزانی لە بن کێوێک لە قۆرغکار و گەندەڵاندا وەستاوە، بەڵام پشت ئەستووربوو بە پشتیوانییەکانی مەسروور بارزانی وەکو جەمسەرێکی گەورەی ململانێکانی ناو پایتەخت .

فرسەت سۆفی کە پارێزگاربوو، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر لەو وێنانەی بڵاودەکرایەوە کە دەچووە ناو خەڵکی سادە و هەژاران، بەڵام لە ئۆفیسەکەی خۆی لەگەڵ ئەو سەرەزلانە چەلەحانێی دەکرد کە چنگیان لە خێروبێری هەولێر گیربووەو نایانەوێ بەناوی چاکسازییەوە، شتێک لەدەست بدەن. هەرگیز ئەمانە نیشان نەدەدران لە میدیا .

کەواتە ئەگەر فرسەت سۆفی کوژرابێ، کێ دەوێرێ بیکوژێ؟

لەو شوێنانەی پارەی زۆر بە ڕێگای ئاسان دەست مفتەخۆران دەکەوێ، لەو شوێنانەی یاسا وەکو گریس رێگای گەندەڵیی و دزی بێسنوور چەور دەکات، لەو شوێنانەی سەروبنی بەرژەوەندی تێکەڵ دەبن و هیچ هێز و حکومەتێک ناتوانێ لێکیان بکاتەوە، زۆر ئاسانە پێڕ و تاقمی مافیا، گروپی ترسناک لەگەڵ مەسڵەحەتە زەبەلاحەکان ببنە شەریک و هەموو ئاستەنگ و مەترسییەکان ڕابماڵن. ئیتر با ئاستەنگ و مەترسییەکە کوڕی سەرۆکیشبێ .

من هێشتا دڵنیا نیم د. فرسەت سۆفی کوژراوە یان بە کۆرۆنا مردبێ چونکە هیچ بەڵگەیەکم لەبەردەستا نییە، بەڵام دڵنیابووم رێگای فرسەت لە هەولێر پەڕینەوەبوو بەناو مینی شاراوەو ئاشکراو هەندێکی تەوقیتکراودا .

هەولێر تەنیا پایتەختی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو شتێکە هاوشێوەی عەممانی پایتەختی ئەردەن، کە تێیدا وڵاتانی رۆژئاوا لە عەممانەوە چاودێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. بارەگا و ئۆفیسەکانیان لەو شارە مۆڵداوە، بەرژەوەندییەکانیان لەوێوە دابەش دەکەن و بووەتە ماڵی دووەمیان لەمبەری زەریا و ئۆقیانووسەکانەوە. بۆیە عەممان تەنیا شاری ئەردەنییەکان نییە بەڵکو لەژێرەوە شاری ئاڕاستەکردنی مەسڵەحەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکایە .

هەولێریش بووەتە ماڵێکی تر بۆ بەرژەوەندی سیاسی وئابووریی و ئیستخباراتیی وڵاتانی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی، بۆیە ئەو ملیاران دۆلارەی هەڵڕژاوەتە ئەم شارە بێخاوەن نین و سەرەزلەکان بزانن ملیاران دۆلارەکەیان لە مەترسیدایە، قۆڵی لێهەڵدەماڵن و پێکەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکانیان دەبنەوە .

ئەگەر د. فرسەت بە کۆرۆنا مردبێ شتێکی ئاساییە وەکو مردنی ئەو ملیۆن و چەند سەد هەزارەی لە جیهاندا بە کۆرۆنا مردوون. خۆ ئەگەر کوژرابێتیش ئەوە شتێکی ئاساییە وەکو ئەو دەیان کەسەی لە جیهاندا لە پێناو تێکنەچوونی بەرژەوەندی سەرەزلەکاندا سەریان داناوە .

دیسان دەیڵێمەوە، هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستا نییە کە کوژرابێ، بەڵام هیچ ئەگەرێکیش دوور نییە کە گومانەکە لەجێی خۆیدابێ. بەس کێ بکوژە و بۆچی کوژرابێ وەڵامەکەی سەخت و ئاڵۆزە بەقەدەر ئەو بەرژەوەندییە ئاڵۆزاوانەی لە هەولێردا بەناو یەکترداچوون !


زیاتر