چیرۆکی ئەو کچەی لە پردەکەی سلێمانی خۆی فڕێدایەخوارەوە

لەنجە خاوێ

پارێزەر
  02/01/2021  |    101217 جار خوێندراوەتەوە
یەكەم ڕۆژی ساڵم چۆن گوزەرا؟
كچەكە جلێكی ڕەنگ سەوزی زەیتونی تاریك باوی پۆشی بوو، چاوەكانی ڕەش و پڕ ترس بوون، خوێن بە ڕووخسار و ڕوومەتەكانی هاتبوونە خوار بە جۆرێك وەك جۆگەلەیەكی بچووك هەتا ژێر ملی هاتبوو،كە ڕەنگی قژە زەردە درێژەكەی بەرەو مەیلەو ڕەش بردبوو. لێرەدا من باسی ئەو كچەت بۆ دەكەم كە ئەم ئێوارە هەواڵی خۆفڕێدانی لە پردی چوارچرای شارەوە بڵاوبووەوە. میدیای كوردی وای لە هەموومان گەیاند كە ئەو خانمەی هەوڵی خۆ كوژی داوە كچێكی نیپاڵیە و ناوی شیلییە.
بەڵام ڕاستەیەكە ئەوەی خانمەكە كوردە و ناویشی ئەوە نییە كە باس دەكرێت. دوای ئەوەی دڵنیابووم كوردە و لە قسەكانم تێدەگات، كەوتمە قسەكردن لەگەڵی، بەهۆی ئەوەی شەویلگەی و چەندین ئێسكی تری گیانی شكابوو، بەهیچ جۆرێك نەیدەتوانی قسە بكات و دەنگی بێتەدەرەوە، بۆیە ئەو كاتەی كە دەیویست شتێكم پێ بڵێت لەناو نۆتی مۆبایلەكەی مندا دەینوسی.
پێشتر پزیشكەكان داوای ژمارەی خێزانەكەیان كردبوو، بەڵام بە هەڵە پێی دابوون و نەیدەویست زانیارییەكان بە ڕاستی ببەخشێت . ترسێكی زۆر لە چاوەكانیدا بوون، لێوەكانی كە هەموو شوێنێكی خوێناوی و تەقەڵ و تەلی عەمەلیات بوو دەلەرزی. دواجار لە شوێنێكدا متمانەی پێكردم و ژمارە ڕاستەكەی خێزانی دا پێم كە لە پارچەیەكی تری كوردستان دەژین. لەگەڵ دكتۆر ئومێد كە بەڕێوبەری خەستەخانەكە بوو، قسەمان لەگەڵ خوشك و دایكی كرد. ئەوان هەر دەگریان و هاواریان دەكرد بەتەنیا جێی مەهێڵن، غەریبە كەسی نیە لەو شارە...
شەو لە نیوە شەو نزیكبۆوە و دوای ئەوەی هاوڕێكانی وھاوسەرەكەی دۆزرانەوە و دكتۆرەكان دڵنیایان دا لە جێگیربوونی باری تەندروستی،ئیتر منیش جێمهێشت. من ناتوانم لێرەدا وەك ئەخلاقی ئیشكردن هۆكار و پاڵنەرەكان باسبكەم كە وای لەو خاتوونە جوانە كرد بەرەو خۆكوژی بچێت، بكەم بەڵام تەنها دێڕێكی قسەكردنی خۆمان دادەنێم كە دەڵێت ؛ لەبەر ئەوە وامكرد ماندوو بووم لە ژیان پەیوەندی بە كەس نییە.لە دڵی خۆمدا وتم؛ مەگەر هەمیشە خەتای كەسێك نییە كە ماندوو دەبین لە ژیان؟ مەگەر دەكرێت مرۆڤێك بێ ئەوەی عەزێت بدرێت دڵی ئاوا بەم توندییە لە ژیان بشكێت؟
یەكەم ڕۆژی ساڵی تازە بۆ من زۆر خۆش نەبوو.هەر كە لەوێ بووم لەبەردەممدا دایكێكی پیر مرد، گریان و لە خۆدانی منداڵە گەورەكانیم بینی. چەندین كەیسی جیاوازم بینی. هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، توڕە و ترساو و گریاو بوون. دكتۆرەكان بە خێرایی بەناویاندا دەهاتن و دەچوون تا بە هەموویان ڕابگەن. هەندێك ئینسانم بینی هیچیان نەبوو تەنها لەبەر بێ سۆزی لەوێ بوون.
فۆتۆی نۆتەكەم كە بەدەستی كچەی گەنم ڕەنگ و تۆراو لە ژیان نووسراوە لە كۆمێنتی یەكەم دادەنێم كە بەدەستی خۆی بە فۆنتی كوردی نووسیویەتی. بۆیە دایدەنێم تا بزانن كە كوردە و میدیای كوردی كوێرانە زانیاری و هەواڵ بۆ ئێوە دەگوێزنەوە. پێم وت لە ڕێگای هەواڵێكەوە زانیم تۆ ئاوات بەسەر خۆت هێناوە. داوایكرد هەواڵەكەی نیشانبدەم بەڵام دڵم نەھات..
لێرەوە پێشنیار دەكەم بۆ لایەنی پەیوەندیدار، تكایە لە كەیسەكانی خۆكوژیدا لە خەستەخانەكان كەسێك دابنێن كە لەڕەگەزی نەخۆشەكە بێت و جلی ئاسایی لەبەر بێت تا نەخۆشەكە هەست بە متمانە بكات لەگەڵیدا و زانیاری خۆی پێشكەشبكات. تا زووتر یارمەتی بدرێت.
زیاتر