سەرکەوتنی کۆمۆنیستەکان..زیندوبوونەوەی تورکەکان..لە گۆڕنانی خەونی دەوڵەتی کوردی

  19/09/2020  |    638 جار خوێندراوەتەوە

بۆچی سیڤەر جێبەجێنەکرا؟

بەشی دووەم

ڕوخانی ئیمپراتۆییەتەکەی تزاری ڕوسیاو سەرکەوتنی کۆمۆنیستە بۆڵشڤیکەکان بەسەرکردایەتی ڤلادیمێر لینین لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بەهێزبوونی ناسیونالیستە تورکەکان بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال‌و شکستهێنانی بەندو ماددە پەیوەندارەکان بە پرسی کوردستان‌و ئەرمینیا.

ڕوسیا لە شەڕی یەکەمی جیهانی وەک لایەنێکی سەرەکی لەو هاوپەیمانەدا بەشداربوو کە لە دژی ئەڵمان‌و عوسمانییەکان لە جەنگدا بوو. پێش هاتنی کۆمۆنیستەکان بۆ سەر حوکم بەشێکی زۆر لە باکورو ڕۆژهەڵاتی ئەوەی ئێستا پێیدەگوترێت تورکیا لە ئاکامی شەڕ کەوتبوە ژێر دەستی ڕوسەکان، وەک ناوچەکانی قارس، تراپیزۆند، ئەرزڕۆم‌، ئەرزنجان، موش‌، بەتلیس‌و وان‌. ڕوخانی تزار کشانەوەی هێزە ڕوسییەکانی لێکەوتەوە بەمەش ئەو ناوچانە کەوتنەوە دەست هێزە عوسمانییەکان‌و قوڵاییەکی جوگرافی ستراتیجیان بە هێزە سەربازییە شکستخواردوەکەی عوسمانییەکان بەخشی.

هێزەکانی ئەم ناوچانە بەهۆی دووریان لە بەرەکانی شەڕ بە سەلامەتی‌و ڕێکخراوی مانەوە کە دواتر بوون بە ناوکی ئەو هێزانەی کە ناسیونالیستە تورکەکان لە شەڕی ڕزگاری تورکیا کەڵکیان لێوەرگرتن.

 
ئەگەر شۆڕشی ئۆکتۆبەری کۆمۆنیستەکان نەبا بەشێکی زۆر لەو ناوچانە هەر لە ژێر دەستی ڕوسەکان دەمایەوە. ئەگەری داگیرکردنی تەنگەژەی بۆسفۆرو دەردەنیلیش لەلایەن ڕوسەکانەوە هەبوو بەمەبەستی گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست چونکە لە مێژبوو ڕوسەکان لە ئەگەری ڕوخانی عوسمانییەکان کردبوویان بە ئامانجی خۆیان،

هاوکات جۆرە پێکهاتنێکیش لەنێوان ڕوسیاو بەریتانیاو فەڕەنسا لەسەر ئەم ئەگەرە هەبوو. لەپاڵ ئەمانە، ڕوسەکان لە سەروبەندی شەڕدا بەڵێنیان هەم بە کوردەکان هەم بە ئەرمەنەکان دابوو کە هاوکاری‌و کۆمەکی سەربازیان بکەن لە دژی عوسمانییەکان. لەبەرئەوە بەشێکی زۆر لە ئەرمەنییەکان‌و هەندێک لە کوردەکان لەگەڵ ڕوسەکان هاوسەنگەر لەدژی عوسمانییەکان لە جەنگدابوون. بەمەش، کوردەکان‌و ئەرمەنەکان پاڵپشتێکی سەرەکیان لەدەستدا.

 
کۆمۆنیستەکان هەر لەگەڵ هاتنە سەر حوکم پێکهاتنەکەی سایکس-پیکۆی ١٩١٦ ی نێوان بەریتانیاو فەڕەنسەیان لەمەڕ دابەشکردنی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی ئاشکراو شەرمەزار کرد. ئیدی ڕێکەوتنەکە بایەخێکی ئەتۆی تەنانەت لای بەریتانی‌و فەڕەنسەییاکانیش نەما. بەڕوخانی تزاری ڕوسیا، یەکێک لە بکەرە هەرە سەرەکییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، ڕوسیا، لە گۆڕەپانەکە نامێنێت.

ئەمەش سەنگ‌و پێگەی بەریتانیاو فەڕەنسا هێندەی دیکە لە هاوکێشەکان زیاد دەکات بەتایبەت لە دابەشکردنی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی کە کوردستان بەشێک بوو لێی. بەڵام، ئاشکرابوونی سایکس-پیکۆ و نەمانی ڕوسەکان لە گۆڕەپانەکە دەبێتە سەرەتای ململانێکانی نێوان دوو زلهێزەکە لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بەریتانیا تەواوی ولایەتی موسڵ داگیردەکات‌و نایەوێت دەستبەرداری بێت بۆ فەڕەنسییەکان کە بەپێی سایکس-پیکۆ دەبا بەشی هەرە زۆری بەر فەڕەنسییەکان کەوتبا.

 
دوای کۆتایی شەڕو مۆرکردنی ئاگربەستی مودرۆس لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی‌و هێزە هاوپەیمانەکان بەشێکی زۆر لەو ناوچانەی کە بەشێک بوون لە دەوڵەتەکە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی هێزە هاوپەیمانەکان. پاش مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر ئیدی بەریتانیا بە فەرمی میزۆپۆتامیاو باشوری کوردستان‌و ئوردن‌و فەلەستین (ئیسرائیل)و حیجازی بەرکەوت‌.

فەڕەنساش سوریاو لوبنان‌و بەشێکی زۆر لە باشوری تورکیای ئێستای پێدرابوو، وەک ناوچەکانی جەزیرە (لە باکوری کوردستان)و ئەسکەندەرۆنەو سیلیسیە (Cilicia). ئیتاڵیا پێگەی لە ئەنتالیا بوو بەڵام بە قوڵایی تورکیا تا قۆنیاو بورسەی بەرکەوتبوو. یۆنان لە هەموو هاوپەیمانەکان بێهێزتر بوو بەڵام لە هەموویان زیاتر چاوی لە خاکی تورکیا بوو چونکە بە سەرزەمینی شەرعی باوانی خۆی دادەنا، پێگەی سەرەکیان لە ئەزمیر (سمیرنا) بوو بەڵام دەوروبەری هەردوو تەنگژەی بۆسفۆرو دەردەنیلی لێدەرچێت کە هێزەکانی هاوپەیمانانی لێبوو بەشی ئەوڕوپای تورکیای ئێستا، کە ناسراوە بە سرەیس (Thrace) درابوو بە یۆنان.

ئەوەی مابۆوە ناوچەیەک بوو لە خواروی ئەنقەرەوە بۆ کەنارەکانی دەریاش ڕەش لەگەڵ ئەستەمبۆڵ، کە بەپێی سیڤەر بڕیاروابوو ئەو تورکیایەی لەسەر دروست ببێتەوە کە دەبێتە جێگرەوەی دەوڵەتی عوسمانی. دیارە لەو نێوەشدا دوو ناوچەش بۆ کوردەکان‌و ئەرمەنیەکان دەستنیشانکرابوو. دەوڵەتە ئەرمەنیەکەش بڕیاروابوو لە ویلایەتەکانی ئەرزڕۆم‌و تراپیزۆندو وان‌و بەتلیس دروستبکرێت کە ئەمەش مشتومڕی لەگەڵ کوردەکان لەسەر کەوتەوە چونکە بەشێک لەو ناوچانە کوردەکان وەک بەشێک لە کوردستانیان دادەنا.

 
پێش مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر، مستەفا کەمال، ئەفسەر لە سوپای عوسمانی، لە نۆڤەمبەری ١٩١٩ دوای هەڵوەشانەوەی سوپاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیستەمبۆڵ‌و ژێردەستیی‌و داگیرکاریی وڵاتەکەی بە چاوی خۆی دەبینێت. ئەو لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی دیکەی سوپا قسەدەکات‌و بڕیاردەدەن کە بەرەو ئەنادۆڵ بەڕێبکەون بۆ خۆڕێکخستن‌و بەرەنگاربوونەوەی هێزی هاوپەیمانان.

پێش گەیشتنی مستەفا کەمال، تورکەکان لە ئەنادۆل چەندین گروپ‌و ڕێکخراوی چەکدارییان دروستکردبوو، کاتێک دەگاتە ئەماسیا بە خەڵکەکە دەڵێت کە سوڵتان لە ئیستەمبۆڵ ئەسیرەو نوێنەرایەتی گەلی تورک ناکات‌‌. مستەفا کەمال زوو دەچێت بۆ بارەگای جەنەڕاڵ کازم قەرەبەکر، فەرماندەی فەیلەقی پازدە، لە ئەرزڕۆم کە لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا نیشتەجێبوون‌و لەبەر پاشەکشەی ڕوسەکان کەم تا زۆر وەک خۆی مابۆوەو ژمارەیان هەژدە هەزار سەربازێک دەبوو. جەنەڕاڵ قەرەبەکر هەموو هێزەکانی خۆی دەخاتە ژێر فەرماندەیی مستەفا کەمال، ئەمەش بە گرنگترین خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لە شەڕی سەربەخۆی تورکیا.

 
هەر لە ئەرزڕۆم مستەفا کەمال کۆنگرەیەک لە جولای ١٩١٩ دەبەستێت کە وەک سەرۆکی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت. کۆنگرە بڕیار لەسەر سنورێکی نوێ بۆ دەوڵەتی عوسمانی دەدات کە هەموو ئەو ناوچانە لەخۆدەگرێت کە وەک ناوچەی تورکنشین ناویان هاتوەو پێش مۆرکردنی ئاگربەستی مودرۆس لەژێر دەستی عوسمانییەکاندا بووە، ئەمەش تەواوی کوردستانی باکورو باشورو ڕۆژئاوا دەگرێتەوە. حکومەتێکی کاتیش بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال پێکدەهێنرێت‌و ئەنقەرە دەکرێت بە پایتەختی حکومەتەکە.

بەشێکی زۆر لە تورکە ناسیونالیستەکان ئیستەمبۆل بەرەو ئەنقەرە بەجێدەهێڵن‌، لەوانەی عیسمەت‌و فەیزی بەگ کە هەردووکیان لە دوای یەک سەرۆک وەزیران بوون لە ئیستەمبۆڵ، بەمەش سوڵتان هێندەی دیکە شەرعیەت لەدەستدەدات. حکومەتەکەی ئەنقەرە لە ئەپریلی ١٩٢٠ هەڵبژاردنێک ڕێکدەخات‌و پەرلەمانێک پێکدێنن کە مستەفا کەمال بە سەرۆکی دەوڵەت هەڵدەبژێرن، لەو ساتەوە ئیدی حکومەتەکەو بزوتنەوەکەی ئەنقەرە وەک ناسیونالیستە کەمالیستەکان دەناسرێن.

یەکەمین دەوڵەت کە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ دەسەڵاتی کەمالیستەکان لە ئەنقەرە دروستبکات کۆمۆنستەکانی مۆسکۆ بوون. لەسەر بنەمای دوژمنی دوژمنم دۆستمە، حکومەتەکەی مۆسکۆ حکومەتەکەی ئەنقەرەیان وەک دۆستێک تەماشادەکرد. کۆمۆنیستەکان بانگەشەی ڕوخانی سەرمایەداریان دەکرد، لەو سۆنگەیەشەوە هاوکاری‌و پشتیوانی کەمالیستەکانیان دەکرد کە دژی هاوپەیمانە سەرمایەدارەکان لە ململانێ دا بوون‌. کۆمۆنستەکان دەیانویست تورکیا بۆ ئەوان ببێتە بەربەستێک، لەو میانەدا، بارەگاو سەنگەرەکانیان لە ئەرمینیا چۆڵکردو چەک‌و تەقەمەنیان بەخشییە کەمالیستەکان.

ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ شکستی ئەرمەنییەکان لەبەرابەر پشڕەوتی کەمالیستەکان‌و کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشێک لەو ناوچانەی کە لە شەڕ لەگەڵ ڕوسیا لەدەستیاندابوو. بەمەش هیوای دامەزراندنی دەوڵەتە ئەرمەنییەکە، دوو مانگ دوای مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر، زیندەبەچاڵکرا. هێزەکانی کەمالیستەکان بەرەو کوردستانیش خشان، بە خۆشی‌و بە ناخۆشی، کەم تا زۆر، وردە وردە، کوردستانی باکوریشیان خستەژێر دەسەڵاتی خۆیان.

 
جێگیربوون‌و کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەلایەن کەمالیستەکان ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان ئەنقەرەو مۆسکۆ، ئەوەبوو لە دیسەمبەری ١٩٢٠ پەیمانی ئەلێسەندەرپۆل‌و لە مارچی ١٩٢١ پەیمانی مۆسکۆیان مۆرکردو بەفەرمی مۆسکۆ، وەک یەکەم دەوڵەت، دانینا بە حکومەتەکەی ئەنقەرە.

بەپێی ڕێکەوتنەکان ویلایەتی قارس‌و ئەردەهان درانەوە بە تورکیاو هێندەی دیکە قوڵایی جوگرافی دەوڵەتەکەی کەمالیستەکان زیادیکرد. تورکیا هیچ ترسێکی لە ڕۆژهەڵات نەماو هەموو ئەو هێزانەی ئەو ناوچانەی کێشایەوە بۆ بەرگری‌و هێرشکردنە بۆ سەر هاوپەیمانان، بەتایبەتی یونانییەکان. بێجگە لە پشتیوانی سەربازی، مۆسکۆ بای دە ملیۆن روبلی زێر قەردی دا بە ئەنقەرە بۆ کڕینی کەلوپەلی سەربازی.

ڕوخانی تزارو سەرکەوتنی کۆمۆنستەکان‌و کۆمەک‌و یارمەتی‌و پشتیوانییەکانیان بۆ کەمالیستەکان گرنگترین فاکتەرە نەک هەر لە هەڵنەوەشانەوەی یەکجارەکی دەوڵەتی عوسمانی بەڵکو بۆ دروستبوونی تورکیای نوێ بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال‌و نەهاتنەدی خەونی کوردو ئەرمەنییەکان لە دروسبوونی دەوڵەتەکانیان لەسەر خۆڵەمێشی دەوڵەتی عوسمانی.

زیاتر