سۆرانی  |  بادینی  |  English      

لە پرسی جولەکەوە بۆ پرسی فەلەستین

  14/05/2021  |    960 جار خوێندراوەتەوە
ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەگوترێت پرسی فەلەستین لە ئەساسدا پرسی جولەکەکان بوو. لەڕاستیدا ‏پرسی فەلەستین لە ١٩٤٨ لەگەڵ دابەشکردنی فەلەستین لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان سەرھەڵدەدات و تەمەنی کەمتر لە سەد ساڵە. 

بەڵام ‏پرسی جولەکەکان بەو غەدرە دەستپێدەکات کە نەبوخوزنەسەری دووەم، پاشایەکی بابلییەکان، ‏لە جولەکانی دەکات‌و تەمەنی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵە. نەبوخوزنەسەر لە ٥٨٦ ی پێش زاینی ‏بەزۆرەملێ جولەکەکان لە ئیسرائیل دەگوێزێتەوە بۆ کەنارەکانی شاری بابل لە میزۆپۆتامیا. ‏

ھاوکات، نەبوخوزنەسەر زێڕو زیوی ئەو پەرستگایەی جولەکەکانیش دەدزێت کە لە ماونت ‏تێمپڵ (پەرستگای سەر شاخەکە، ناوەکەتان لەبیرنەچێت) لە ٩٥٧ ی پێش زاینی  ‎ ‎  ‏ ‏دروستکرابوو، دواتریش پەرستگاکە وێران دەکات. لە گۆرانییەکی تیپی بۆنی ئێم کە لە ‏‏١٩٧٩ گوتراوە ئەم نەھامەتییە خراوەتەڕوو. ‏ 

جولەکەکان بۆ سەدان ساڵ لەسەر دەستی فیرعەونەکانی میسر ئازارو دەربەدەری زۆریان ‏چێشت، لەوێ فڕێ دەدرێن بۆ ئەوێ، وەک تۆپ. لەگەڵ ھاتنی ڕۆمانەکانیش بۆ ناوچەکە ئیدی ‏دەردەسەری جولەکەکان ئێجگار گەورە دەبێت بەتایبەتی کە ڕۆمانەکان تەبەنی دینی کرستیانی ‏دەکەن‌و لە شوێنی پەرستگاکەی سەر شاخ کڵێسایەک دروستدەکەن.

کاتێک موسڵمانەکان دێن، ‏عومەری بن خەتاب و یاوەرانی کڵێساکە دەڕوخێنن‌و مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر ھەمان ئەو ‏گردەی کە پەرستگای جولەکەکانی لێبوو لە شوێنی کڵێساکە دروستدەکەن. چەند ساڵێک دواتر ‏عەبدولمەلیک بن مەروان قوبەتلسەخرە دروست دەکات ڕێک لەسەر ئەو شوێنەی کە ‏پەرستگای سەر شاخەکەی لێدروستکرابوو، لەسەر نیمچە ئەشکەوتێکی بچوک کە گوایە ‏پێغەمبەری موسڵمانان سەردانی کردوە. ‏ 

بێجگە لە گرنگی پەرستگاکە بۆ جولەکەکان، ھەر ئەو شاخەی، کە ئەو ھەموو پەرستگاو ‏مزگەوت‌و کڵێسەی لەسەر دروستکراوە، لای جولەکەکان پیرۆزییەکی تایبەتیی ھەیە. ‏جولەکەکان پێیانوایە کە ئەو شاخەی کە پەرستگاکەی لەسەر دروستکراوە یەکەمین بەردی، یان ‏بناغەی، دروستکردنی زەوییە لەلایەن خواوە. 

ئەمەش شاخەکە دەکات بە چەقی زەوی، چەق ‏لێرە مەبەست ناوکی زەوییە نیە. بەڵکو ئەو خاڵەیە کە بنیاتنانی زەوی لێیەوە دەستپێدەکات‌و نزیکترین ‏خاڵە لە ئاسمان. ھاتنی پێغەمبەری موسڵمانان بۆ قودس، بۆ سەر ئەم شاخەو لەوێش چوونی بۆ ئاسمان لە ‏ئیسراو میعراج ھەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاخەکە چەقی زەوی‌و نزیکترین خاڵە لە ئاسمان، ‏بۆیە گوایە پێغەمبەری موسڵمانان ھاتۆتە ئەم شاخەو لەوێشەوە چووە بۆ لای خوا. ‏ 

کاتێک خاچپەرستەکان دێن، مزگەوتی ئەلئەقسا دەکەن بە تەویلەی وڵاغان‌و کڵێسا کۆنەکە ھەر ‏لەسەر شاخەکە دروستدەکەنەوە. کە سەلاحەدینی ئەیوبی خاچپەرستەکان دەردەکات لە قودس، ‏مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر کڵیسا کاوڵبووەکە نۆژەن دەکاتەوە. ‏ 

لەم ھینەو بەردەدا جولەکەکان لە ھەمووان زیاتر زەرەرمەند بوون چونکە ئەوەی ڕووخاوەو ‏تێکدراوەو دروستکراوەتەوە لەسەر ئەو شاخە دروستکراوە کە جولەکەکان یەکمجارو یەکەم ‏پرستگای دینی خۆیان لەسەر بنیادنابوو. 

ئێستا پەرسگاکە کەوتۆتە بنی بنەوە بەتایبەتی دوای ‏ئەوەی کە موسڵمانان قوبەتولسەخرەیان لەسەر دروست کرد. لەو نێوەدا جولەکەکان لە ‏ھەمووان زیاتر، لە سەردەمی نەبوخوزنەسەر تا وەعدی بەلەفۆر، بێدەسەڵاترو ‏دەربەدەرکراوتر بوون. ‏ 

لەمانەش گرنگتر، ئەو ھەموو شەڕو ماڵوێرانیە لەسەر خاک‌و شاخ‌و پەرستگاکەی جولەکەکان ‏بووە مایەی ئاوارەیی ھەزاران ھەزار جولەکە بەسەرتاسەری دنیادا. لە ئاوارەییدا، بەگشتی ‏جولەکان لەلایەن موسڵمانەکان باشتر داڵدەدراون لەوەی کە کرستیانەکان لە ڕۆژئاوا مامەڵەیان لەگەڵ ‏کردون. ‏ 

لە سەدەکانی ناوەڕاست لە تەواوی ئەوڕوپا بەتایبەتی لە ئیسپانیا بەشێکی زۆر لە جولەکەکان ‏بە زۆروزۆرداری کران بە کریستیان، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە دنیای موسڵمانان ‏کردەوە بەتایبەتی لەوەی ئێستا پێیدەگوترێت فەلەستین‌و مەغریب. 

لە سەدەی بیستیش لەلایەن ‏نازییەکانەوە نزیکە شەش ملیۆنیان لێ جینۆساید کرا. بەڵام پێش جینۆسایدکردنیان ‏جولەکەکان لە شاری بازل، لە سویسرا، کۆنفرانسێک دەبەستن‌و بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتێک ‏بۆ خۆیان دەدەن لە نیشتیمانی ئەژدادو ئابائیان. ‏ 

ھەوڵەکانی جولەکەکان بە سەرۆکایەتی ھێرتزل وەعدی بەلفۆری لە ١٩١٧ دا لێ شین دەبێت، ‏کە بریتانیای مەزن بڕیاردەدات پشتیوانی جولەکەکان بکات لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆیان. ‏جینۆسایدەکەی نازییەکان وایکرد کە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پشتیوانی لە بیرۆکەکەی ‏جولەکەکان لە گەڕانەوەیان بۆ ئیسرائیل‌و دروستکردنی دەوڵەتێک بکات. ‏ 

لەگەڵ ھاتنی بەریتانیا بۆ ناوچەکەو دەرپەڕاندنی عوسمانییەکان، ئیدی جولەکەیەکی زۆر ‏لەسەر داوای سەرکردەکانیان گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل، ھەم ھێزی سەربازیان بنیاتنا ھەم خاک‌و ‏زەویان لە عەرەبەکان کڕی. لەوانەش گرنگتر لە کارە دیبلۆماسییەکانیان بەردەوام بوون.‏ 

کاتێک بەریتانیا لە ١٩٤٧ بڕیاری کشانەوە دەدات لە فەلەستین، ئیدی پرسەکە ڕادەستی نەتەوە ‏یەکگرتوەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری دابەشکردنی فەلەستین لە ١٩٤٨ دەدات. ‏نزیکەی نیوەی خاکی فەلەستین درا بە عەرەب‌و لە نیوی کەمێک زیاتر درا بە جولەکەکان، ‏بەڵام زیاتر بیابان بوو ئەوەی بەر جولەکەکان کەوتبوو.

فەلەستینیەکان پێشنیارەکەیان ‏قەبوڵنەکردو جولەکە قەبوڵیان کرد. لەم نێوەدا عەرەبەکان شەڕیان بە جولەکەکان فرۆشت‌و ‏جولەکەکانیش لەبەر ئەوەی باشتر خۆیان بۆ شەڕ ئامادەکردبوو ئیدی خاکێکی زۆریان لە فەلەستینیەکان داگیرو زەوتکردو بە ‏ملیۆنانیان لێ ئاوارەکردن. لەوکاتەوە، واتە لە ١٩٤٨، ئەوەی وەک پرسی جولەکە ناسرابوو ‏ئیدی بوو بە پرسی فەلەستینییەکان.‏ 

لە بەشی داھاتو، قسە لەسەر پرسی فەلەستینیەکان دەکەم لە ١٩٤٨ ـەوە تا ئێستا. لە بەشی ‏سێیەمیش قسە لەسەر دوا پێشھاتەی شەڕی حەماس‌و ئیسرائیل دەکەم.‏
زیاتر