پێشنیاری گۆڕانکارییەکانی یاسای کۆچ و پەنابەری بەریتانی

  25/03/2021  |    2004 جار خوێندراوەتەوە

پریتی پەتێڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانی (هۆم ئۆفیس) چەند گۆڕانکارییەکی پێشنیارکرد کە لە یاساکانی کۆچ و پەنابەری ئەنجامی دەدات .

زۆر بە کورتی لە سێ ڕوانگەی سەرەکییەوە (سیاسی، یاسایی، کۆمەلگای مەدەنیە) چەند تێبینیەک بخەینەڕوو .

 سیاسی؛ پریتی پەتێڵ یەکێک لە گەورە سەرکردەکانی پارتی پارێزگارانە چاوی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانە کە وەک دوەمین ژن پاش مارگرێت تاچەر و یەکەمین ژن لە کەمینە نەتەوەییەکانی بەریتانیا بە ڕەچەڵەک هیندی، دەیەوێت لە دەرگای توندوتۆڵکردن و کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچ بگاتە ئەو پۆستە .

بواری کۆچ زۆر هەستیارە و لەوانەیە وەزیرێکی سپی پێست نەیتوانیایە بەو زمانە توندە بەرامبەر کۆچبەر و پەنابەر قسەی بکردایە لە ترسی ڕەخنەی ڕەگەزپەرەستی .

لە هەمان کاتدا پارتی پارێزگاران هەمیشە بەبەراورد بە پارتی کرێکاران زۆر توند و دژە کۆچن بە تایبەتی کۆچی نایاسایی و هەر ئەمانیش بون بە یاریکردن بە هەستی نەتەوەپەرستی و کۆچ بەریتانیایان لە یەکێتی ئەوروپا هێنایە دەرەوە لەبەرئەوە نابێت چاوەڕوانی گەورەمان هەبێت لێیان سەبارەت بە یاسا و بواری کۆچ و پەنابەری بۆ چاکسازییەک خزمەت بە کۆچبەران و پەنابەران بکات .

ئەگەر لە سالەکانی 70 و 80 و تا ناوەڕاستی 90 کانی سەدەی رابوردوو بنواڕین کە پارتی پارێزگاران حوکمڕان بوون تا هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی کرێکاران بەسەرۆکایەتی تۆنی بلێر ژمارەی کۆچبەر یان پەنابەری کورد زۆر کەمبوە و زیاتر بەرە و ئەلمانیا و ولاتانی ئەسکەندەنافی بەتایبەتر سوید ڕۆشتوون .

حکومەتی ئێستاش هەمان سیاسەتی درێژخایەن و ستراتیژی پارتی پارێزگارانە لەو بوارەیا لەبەرئەوەی تا بۆیان دەست بدات توندتری دەکەنەوە. بەڵام؛

یاسایی؛ چی یاسا و پەیماننامە نێوەدەوڵەتییەکان کە بەریتانیا ئیمزای کردون و لە یاسا بەریتانیەکاندا جێ کراوەتە وە چی ئەو یاسا ئەوروپیانەی بەراورد بە یاسا بەریتانیەکان لە بواری کۆچدا لیبراڵ ترن ڕێگر دەبن لە بەردەم گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانی پریتی پەتێڵ دا .

بەهیچ شێوەک بەریتانیا ناتوانێت پەنابەر وەرنەگرێت بەڵام دەتوانێت پرۆسەکە دوورودرێژ و ناڕەحەت بکات یان گۆڕانکاری لە ماوە و شێوەی مۆلەتی مانەوەکەیان بکات .

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی کۆچ و پەنابەری وەک بەشێکی گرنک لە پرۆسەی هەلسەنگاندن و لەبێژنگدانی یاسا دەبنە بەربەست لەبەردەم وەزیری ناوخۆ کە هەموو پلانەکەی بەدڵی خۆی سەربگرێت .

هەندێک لەو پێشنیارانە بخەینە ڕوو لەوانە؛

1. ئەو پەنابەرانەی بەریتانیا خۆی دەیانهێنێتە وڵات مۆلەتی مانەوەی هەمیشەییان پێدەدرێت (گروپی یەکەم) ، وەک سورییەکان کە لە لوبنان و عێراق و تورکیاوە دەیانهێنێت و ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان قەبوڵی کردون. (ئەم هەواڵێکی خۆشە بۆ ئەو ئەو کەسانە توشی کێشە ڕێگا نەبن کە ساڵانە هەزاران کەس لە ڕێگا بە هۆکاری جیاواز گیان دەسپێرن) بەڵام؛

ئەو کەسانەی بە قاچاغ دێن (گروپی دووەم) ئەگەر داواکەشیان قەبوڵ بکرێت هەمان مافی ئەو کەسانەیان نابێت کە حکومەت خۆی هێناونی، ئیقامەکەیان 5 ساڵی دەبێت و لەوانیە هەمان پارەی هاوکاری وەرنەگرن وەک گروپی یەکەم .

2. ناردنەوەی ئەو کەسانەی پەنجەمۆری ولاتانی ئارامیان هەیە، ئەمە زۆر سەختە بۆ حکومەت چونکە تا ئەم ساتە حکومەت هیچ رێکەوتنێکی لەگەل هیچ ولاتێک نیە بۆ گەڕاندنەوەیان بەتایبەت کە بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و ڕێکەوتنامەی دۆبلن نەماوە .

ئەم گۆڕانکاریانە پێوستە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و لە دادگاکان تاقیبکرێتەوە کە تا چەند لەگەڵ یاساکانی تر دەگونجێت، گۆمان نیە کە گۆڕانکاری سەخت بەڕێوەیە بەڵام وەزیریش ئەوەی دەیەوێت بەتەواوی بۆی ناچێتە سەر .

ئەم بابەتە پێوستی بە ڕونکردنەوە و شیکردنەوەی زیاتر هەیە بەڵام زۆر وتنیش لەوانیە تێگەیشتن کەم بکاتەوە .

بەهیوام گەنجە خێر نەدیوەکانی دەستی حوکمڕانی کوردی زیاتر لەوەی هەیانە قورسایی لەسەر ژیانیان دروست نەبێت و ژیانێکی شایستەیان قابیلە چی لە. کوردستان بن یان بەریتانیا .

ئاریان تاوگۆزی - ڕاوێژکاری یاسایی کۆچ و پەنابەری بەریتانیا لە هانسن لۆو .

ماستەر لە دیپلۆماسییەت و یاسا و گۆڕانکارییە نێودەولەتییەکان .


زیاتر