بودجەی عێراقی ۲٠۲۱، چی بۆ خەڵكی کوردستان تێدایە؟

رێبوار کەریم مەحمود

پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق
  01/04/2021  |    784 جار خوێندراوەتەوە

ئەو بڕگانەی پەیوەندی بە (خەڵك)ی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لەیاسای بودجەی ۲٠۲۱ تەنها ئەمانەیە :

یەکەم :

ماددەی (۱٠) بڕگەی (یەکەم)، کە تیایدا هاتوە :

(پشکی هەرێمی کوردستان بەپێ داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عیراقی دیاریدەکرێت).

سودی ئەمە ئەوەیە پشکی هەرێم لە (۱۲.٦۷٪) دەبێتە (۱۳.۹۳٪)، لەوەدا رێژەی پشکی هەرێم زیاد دەکات .

ئەم بابەتە لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە .

دووەم :

ماددەی (۱۱) بڕگەی (دووەم/ج) کە تیایدا هاتوە :

(دەبێ هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی بداتە حکومەتی عیراقی و دیوانی چاودێری دارایی عیراقیش وردبینی تیادەکات).

سودی ئەمە ئەوەیە کە لانی کەم بەشێکی داهاتی نانەوتی رونبکرێتەوەو ئەو ناشەفافیەتەی کە تیایدایە کەمبێتەوە. هەروەها پارێزگاکانیش داهاتێکی تایبەت بەخۆیان بۆ تەرخاندەکرێت. چونکە ئەو نیوەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاکە تەرخاندەکرێت .

سێیەم :

ماددەی (۱۱) بڕگەی (سێیەم) کە تیایدا هاتوە :

(پێویستە هەرێمی کوردستان لیستی داتای ناوو پلەو رەگەزو ناونیشانی وەزیفی هەمو موچەخۆرانی مەدەنی و سەربازی بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق تا کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ، دواتریش دیوانی چاودێری دارایی عیراق وردبینی راست و دروستی بۆ دەکات).

ئەم بڕگەیە لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوەو سێ سودی هەیە :

١-هەوڵێکە بۆ شەفافکردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێم کە بندیوارێکی بێشوماری تێدایە .

٢- لەساڵی (۲٠۱۱)وە لیستی موچەخۆرانی هەرێم لەبەغدا تەنها (٦۸۲٠۲۱) موچەخۆرە، بەڵام ئەمجارە ژمارەکە بەرزدەبێتەوەو ساڵانەش بەپێی ئەو ژمارە نوێیە پشکی هەرێم دیاریدەکرێت .

٣- لەهەنگاوەکانی داهاتودا بۆ بردنەپێشەوەی پێدانی راستەوخۆی موچە لەلایەن عیراقەوە، کارئاسانییەکی گەورەیە .

چوارەم :

ماددەی (۱۱) بڕگەی (چوارەم)، کەتیایدا هاتوە :

(هەر پارەیەك لەبەغداوە دێت بۆ هەرێم پێویستە پێش هەمو شتێك بۆ موچە بەکاربهێنرێت).

ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی سەپێندراو بەسەر موچەخۆرانی کوردستاندا .

ئەم بڕگەیەش لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە .

پێنجەم :

لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا ماددەیەکی نوێ زیادکرا کە تیایدا هاتوە :

(پێویستە وەزارەتی دارایی عیراق هەمو موچەخۆرانی فەرمانگە فیدراڵیەکانی رەگەزنامەو باری شارستانی و بەنداوو کەشناسی هەرێم بگەڕێنێتەوە سەر حکومەتی فیدراڵ و راستەوخۆ موچەکانیان پێ بدرێت).

ئەمەش چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی موچەی فەرمانگە فیدراڵیەکانە کە راستەوخۆ موچەی فەرمانگەکان لەلایەن بەغداوە دەدرێت .

شەشەم :

لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و لە بڕی (٤) ترلیۆن دیناری تەرخانکراو بۆ هەمو عیراق، بڕی (۱۳.۹۳٪) بۆ پارێزگاکانی هەرێم دێت .

حەوتەم :

ساڵانە لەنێو پرۆژەی بودجە لەدەرەوەی پشکی هەرێم و پەرەپێدانی پارێزگاکان، بڕێك پارە بۆ پرۆژەی مامناوەند لە پارێزگاکان تەرخاندەکرێت، لەم پرۆژەیەدا زیاتر لە (٥٠) ملیار دینار بۆ پارێزگاکانی هەرێم تەرخانکراوە .

ئەم بڕگەیەش لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە .

هەشتەم :

لەماددەیەکی زیادکراودا بەپشتبەستن بە ماددەی (۱٠٦)ی دەستور، بڕیاردرا (دەستەی چاودێری دابەشکردنی داهاتە فیداڵیەکان) دروست بکرێت، کە بەهۆیەوە پێویستە داهاتی  هەرێمیش لەلایەن ئەو دەستەیەوە لەژێر چاودێریدا بێت .

نۆیەم :

لەماددەیەکی زیادکراودا هاتوە کە حکومەتی عیراق پێداچونەوە بەهەمو گرێبەستە نەوتییەکاندا دەکات لە سەرانسەری عیراقدا .

هەندێ لەم بڕگانە دەبنە بنەمای کاریگەر بۆ هێنانەدی ئامانجە ستراتیژییەکان لە قۆناغی داهاتو. بەڵام بڕگەکانیتری پەیوەندیدار بەهەرێمەوە زۆر پەیوەندییان بە (خەڵك)ەوە نیە.


زیاتر