سۆرانی  |  بادینی  |  English      

بارزانی و سیحره‌كه‌ی شێخ لاهور

  07/02/2021  |    45308 جار خوێندراوەتەوە

قسەیەکی باو لەناو پارتییەکان هەیە:" ماڵی بارزان وەکو ئاگردان وان، زۆر لێیان نزیک بیەوە دەتسووتێنن، زۆریش لێیان دوور بی رەق هەڵدێی". ئەمە بۆ پارتییەکانە. بۆ ئەوانی دیکە، ئەگەر زۆر لێیان دوور بی دەبییە ئانتی پارتی و خەڵک لێت کۆدەبێتەوە، زۆریش لێیان نزیک بی دەبی بە پڕۆ پارتی و وەرەقەت دەسووتێ!

لانیکەم شەست ساڵە مێژووی سیاسی بەو ئاراستەیەدا تێدەپەڕێ کە پێوەری شەعبیەتی لایەنەکانی بەرامبەر بە پارتی، ئانتی پارتی بوونە. تا شلگێڕانەتر دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوەستییەوە، لە ئەنواع قوماش خەڵک چەپڵەت بۆ لێدەدات. تەنانەت پێوەرەکانی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەریش هەر لەو سۆنگەیەوە پێناسە دەکرێن.

پارتی لەو پێناسەدا، دێوێک و زوحاکێکە کە هەر جارە کاوەیەکی ئاسنگەر بەگژیدا دەچێ. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە هەمووان دەبنە قوربانیی هەڵەی مامەڵە لەگەڵ پارتییەوە و لە ئاخیرەکەی ئەوان بە دەستی بەتاڵ  لە هاوکێشەکە دەردەچن. پارتی و بنەماڵەی بارزانی هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. کەچی راستییەکەی ئەوەیە کە پارتی قەت نایباتەوە، ئەوە ئەوانن کە دەیدۆڕێنن.

بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دیداری لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە چوارچێوەی دانیشتنێکی چوار پێنج قۆڵی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانیدا، چەند راستە و چەند دوورە بۆ خۆی باسێکە، بەڵام دیداری لەو شێوەیە و لەو قۆناغەدا زەروورەتە. لە کاتێکدا لەو عەسرەدا، بەرامبەرەکان نەک قسەی رەسمی، بگرە قسەی ناوماڵی خۆشیان بەرامبەر یەکتری  بۆ دەچێتەوە، ئیتر هیچ پاساوێک بۆ نەدیتنی روو بەڕوو نامێنێتەوە، مەگەر سیحرەکە نەبێ.

شوێنی دانیشتن لەکوێیە و چۆنە گرنگ نییە(هاوسەرۆکەکان چەند جارێکی دیکەش بەیەکەوە چوونەتە سەری رەش)، بەقەدەر ئەوەی کە دیداری لەو چەشنە دەبێتە هۆی سەرڕاستکردنەوەی زۆر شت. بەنسبەت لاهور شێخ جەنگییەوە ئەگەر بەشداری لە دیدارێکی وەهادا بکات، نەک سیحری بەتاڵ نابێتەوە، بگرە لە قازانجیەتی و هەندێک تەڵەش دەتەقێنێتەوە.

بەشێکی زۆری سیاسەتکردن لەگەڵ پارتی و لەناو ماڵی پارتیش، پەیوەستە بە مەسافە و جۆری پەیوەندی لەگەڵ لاهوردا و، لەسەر پشتی ئەو بەڕێوە دەچێت. ئەو دوکانانە دادەخرێن! دەرفەتێکە بۆ خودی هاوسەرۆکیش کە بیسەلمێنێ سیحرەکەی لە دژایەتیکردنی پارتیدا نییە، بگرە ئەو دوای هەموو تەجروبەکانی دیکە، دەتوانێ پەیوەندییەکی وای لەگەڵ پارتیدا هەبێ کە وا بکات ئاگرەکە نەیسووتێنێت.

پێککردنی لاهور لە لوتکەی یارییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی نوێدا، بەشێکی ناچارییەو بەشەکەی دیکەشی ئەوەیە کە وردە وردە قەناعەتێک دروست دەبێ کە ناکرێ هەتا سەر کێشچە شەخسییەکان سێبەریان بەسەر بڕیارە سیاسییە گرنگەکانی دیکەوە هەبێت. نانبڕاو لە هەردوولا زۆر دەبن، بەڵام گرنگە کە لاهور ئەوە بزانێت کە ئەوە خۆی لە خۆیدا دەبێتە دانپێدانانێکی گرنگ بۆ داهاتووی خۆی.


زیاتر