سۆرانی  |  بادینی  |  English      

بەڵێ، پارتی شۆڕی دەکاتەوە !

  02/07/2021  |    2234 جار خوێندراوەتەوە

وێستگەی یەکەم: هەموو چەند هەفتەیەک بەر لەوی دکتۆر بەرهەم ساڵح لە ١٩ ئەیلولی ٢٠١٨(بە رەسمی) و بە بەڵێنی نووسراو سەبارەت بە کردنی بە سەرۆککۆماری عێراق، بگەڕێتەوە ناو یەکێتی، ئیمزای خستە سەر مەحزەرێکی چارەنووسساز .

کۆبوونەوەی گۆڕان، ھاوپەیمانی، کۆمەڵ و یەکگرتوو .

بابەتی کۆبوونەوە تەزویری یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولە و تێیدا دەگوترێ کە یەکێتی بەتەمای تەزویرکردنی ٢٠٠ ھەزار دەنگە. هەمووان ئیمزای دەکەن. هەر ئەوەش بوو کە وایکردبوو کاک بەرهەم بیانوو بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان بێنێتەوە و قەوارەکەی نەخاتە هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلولەوە .

هێشتا زۆری ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان، بەڵام مەحزەری ئیمزا کراو زۆری پێنەچوو کەوتە دەست پارتی .

هەموو دەڵێن کە یەکێتی بەتەمای تەزویرە، بۆیە پارتی چەند سەعاتێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن، لە رێگەی کۆمیسیۆنەوە بە حازرییەکی تەواوەوە مەرجی هەبوونی رەگەزنامەی باری شارستانی بۆ دەنگدان فەڕز دەکات! تەق... تازە دە رۆژە کە کاک بەرهەم وەک جێگری سکرتێری گشتی بە تاقی تەنیا گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی !

پارتی کەتنی خۆی کرد. یەکێتی دەمودەست رایانگەیاند کە دان بە ئەنجامەکاندا نانێن ...

مەحزەری ئیمزاکراو بە ئیمزای جێگری سکرتێری گشتی و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، خرایە بەردەم ماڵباتی تاڵەبانی! دوای دوو سەعات ئەنجامەکەیان قەبوڵ کرد .

زۆرینەی پەرلەمانی تەسلیمی پارتی کرا، قابیلە فازڵ میرانی بکەنە سەرۆکی حکومەت!؟

وێستگەی دووەم: ئێ ئەوەیان چوو، ئەدی ئەوەیان؟

هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە پەرلەمان .

یەکێتی بە هەموو لایەکەوە نێچیرڤان بارزانی دەناسن و دەزانن چەندیش گرنگە کە بە چەند دەنگ لە پەرلەمان ببێ بە سەرۆک.

سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دیارە کە کێیە و کەمتازۆریش داهاتووی پەیوەندییەکان دیارە. بەڵام دیسان خەتێک ژێر بەژێر لە بەغداوە لە دەرەوەی سیاسەتی یەکێتی ھەوڵی شکاندنی نێچیرڤان بارزانی و دڵخۆشکردنی هەندێکی دیکە دەدەن. نابێ نێچیرڤان بارزانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بێنێ !

پەرلەمانتارانی یەکێتی هەر بۆ فشە، بایکۆتی دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم دەکەن و دوای دەنگدانیش وەک نە بای هاتبێ نە باران دەچنەوە پەرلەمان! کەچی رۆژی دەنگدان بەم حکومەتەی ئێستا، یەک کەسیشیان غایب نییە !

ئێستا کێ قوربانییە و کێ جەللاد؟

چاوەڕێی پارتی بن، شۆڕی دەکاتەوە ...


زیاتر