وڵاتی بێ دەنگی

  17/02/2021  |    828 جار خوێندراوەتەوە
ئەم بەڵا یە چیە رووی تێكردووین؟

ئەبێت هیچ نەڵێن، ئەبێت بێ دەنگ بین، ئاخر ئەبێت بترسین لە گروپی مێسنجەر و وەتس ئەپ و ڤایبەر، لە نوسەرەوە ئەمان كاتە تیرۆریست .لە خەم خۆری خاك و نیشتیمانەوە ئەمان كاتە دوژمن و تیرۆریست. نەكەن نامەیەك وەڵام بدەنەوە، نەكەن لایكێك بكەن بۆ نوسینێك؟ 

ئەوان ئێمەیان ئەوێت بێدەنگ  بین، زۆر نەرۆن باسی خەمی گشتی بكەن، تەنها بۆمان هەیە دەسكەوتەكان باس كەین، هەموو ئازارەكان بە خۆشی و سەفاوە باس بكەین.

نەكەن پرسیار بكەن، نەكەن باسی گرفتەكان بكەن، سبەی لە دادگا لێت ئەپرسنەوە؟ چۆن داوای موچەت كرد؟ چۆن باست لە دەربار كرد، سەركردەی ووڵات بۆت نیە باس بكەی ، ئێوە تابووری پێنجن ، ئێوە تیرۆریستن!

نەك پرسیار بكەن، خەونیش بۆتان نیە ببینن.. كە خەبەرتان بوەوە، بڵێن ئەوە چی بوو، خوا بمان گرێت ئەم خەوە دەغەزارە چی بوو بینیمان . خۆزگە ئەم پێشكەوتنی تەكەنۆلۆجیایە لە وڵاتی ئێمە نە ئەما، ئاخر بە پەنمان ئەدات .

وڵات ئەبێت بێدەنگ بێت، هیچ نوزەیەك نابێت ببێت، نەوت ئەنێرێت بۆ بەغداد یان نا تۆ بۆت نیە بپرسی، سەركردەمان لە هەموو خەمخۆرترە، موچە دواكەوت بڵێ شوكر بۆ خوا ئێمە بەرگەی هەموو شت ئەگرین بەس سەركردەمان ساخ و سەلامەت بێت.

ئەوەتی دونیا هەیە عەوام هەر بووەو ئەبێت بێ دەنگ بین .. ئەوەتا چاكسازی ئەكرێت ئیتر پرسیاری چیدەكەن . مێسنجەر  بۆتە مەنزڵگای چاكسازی؟ گومان بۆ ئەكەن ، ئەوەتا بەغداد مافمان ناداتێ ، ئێوە بۆ پرسیار ئەكەن ، ئەوانەی گومان ئەكەن ئەبێت دادگایی بكرێت .

ببورن ئەو رۆژە چوومە خۆپیشاندانێك، ببورە نەم پرسی كوا مۆڵەتەكە، دەستم هەڵوەرێ نەمكرد وێنەكان خۆم بیهێنم ، ئەزانم وێنەتان زۆر گرتین بۆ كاتی دادگا؟

ئەوترێت بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا باشترین كار بێ دەنگیە؟ 

لەم دەڤەرە ئاوێنە و هاوڵاتی لە دایك بوو ! 

كە چوونە ئەوبەر مۆبایلەكەت زۆرینەی شت بسرەوە، تەنها لایكی گۆرانی بهێڵنەوە، گروپەكان جێ بهێڵە. 

دەستخۆشی بنێرە بۆ ئەو خانمە كە جوانكاریەكەی وا كردووە گۆرانی شاعیر لە ژێر پەچەوە ئەو هۆنراوە جوانەی نوسی، گەر بمایە ئەبوایە ئێستا چی بۆ ئەم خانمانە بنوسێت؟

لایكت لەوە تێ نەپەرێت .

بێ دەنگبن، ئەوە قسەی سەركردە پر حیكمەتەكانن، وڵات بدەنە دەست سەركردەكان .

نەتان بیستووە كە وەسفی كەسێك ئەكرێت ئەوترێت زۆر بێ دەنگە، نەتان بیستووە كە باسی جوانی خانمێك ئەكرێت ئەوترێت زۆر بە ویقار و بێ دەنگ و شەرمنە .

زۆر حەزتان لە قسەیە بە هێمنی بچنە شوێنیك دوور لە چاوی خەڵك و دەزگاكان ، زۆر باش ئەبێت مۆبایلەكان بكوژێننەوە ، بە بادە خۆتان مەست كرد ، گەر قسەیەك تان كرد پرسیارێكتان كرد ، دواتر بڵێن خوا ئەم بادیە بگرێت، بە پەنی داین و دەردە دڵێكمان كرد.

بێ دەنگ بن ..
ئەمە دوا قسەی ووتەبێژ بوو ..
بێ دەنگ بن ..
ئەمە دواقسەی كۆبوونەوەی دەڤەری ئەو بەر بوو ، ئەوان خەریكی خۆپارێزی هاووڵاتیانن ....
بێ دەنگ بن ..
ئەمە دوا دروشمی قۆناغەكەیە .

زیاتر