گاندی و عومەر موختارەکەی کورد

  03/05/2023  |    1983 جار خوێندراوەتەوە
کێ هەیە گاندی نەناسێ، کە بەبێ جەنگ و بە بایکۆت چۆکی بە بەریتانیا دادو و تەنها بە مانگرتن لە خواردن شەری نێوان ئیسلام و ئیندوەکانی کۆتایی پێ هێنا
کێ هەیە عومەر موختار نەناسێ کە پەتی قەنارەی هەڵبژارد و ئامادە نەبوو دەست لە خەباتی رزگاری  هەڵگرێ
ئەی کێ گاندی و عومەر موختاری گەرمیان دەناسێ؟
کێ ئەو لاوە گەنجە دەناسێ کە ئامادە نەبوو خۆی و مناڵەکانی رزگار بکات لە نوقم بوون لە ناو لمی بیابان دا؟
ئەگەر عومەر موختار لە تەمەنی هەشتا ساڵی دا مەرگی هەڵبژارد ئەوا حسێنەکەی گەرمیان لە تەمەنی سیو دوو ساڵی دا و لە سەرەتای لاوی دا مەرگی هەمیشە ژیانی هەڵبژارد نەک مردنی هەموو رۆژێک.
شێخ حسێنی هەزار کانی کاتێک لەگەل خێزانەکەی دەستبەسەر دەکرێن و بەرەو مەرگ ئامادە دەکرێن، سەدام حسێن  لێبوردنی تایبەت بۆ شێخ حسێن و خێزانەکەی دەربکات.
کاتێک مەسئولە بەعسیەکە دەچێتە ئەو شوێنەی هاوڵاتیە بێتاوانەکانی لێ کۆکراونەتەوە و  هەواڵی لێبوردن بە شێخ حسێن دەدات ئەوساتە شێخ حسێن دەڵێت "گەر هەموو خەڵکەکە ئازاد دەکەن ئەوا منیش یەکێک دەبم لەوان بەڵام گەر نا ئەوا ئامادە نیم خەڵکەکم بەجێ بهێڵم".
قائد فرقەکە پێی دەڵێت ئەمە فەرمانی قائد سەدام حسێنە.
شێخ حسێن پێی دەڵێت "قائیدی ئێوەیە و فەرمانی بە ئێوە کردوە نەک من".
شێخ حسێن دەڵێت ئامادەم 
"یەک جار بمرم
نەک رۆژانە بمرم"
بەم هەڵوێستە ئاشتیخوازە دوور لە توندوتیژی و شۆرشگێرانەی مێژووی بۆ خۆی و نەتەوەکەی و مورید و پاشکەوتەکانی تۆمار کرد.
شێخ حسێن و خێزانەکەی بەرەو نوگرەسەلمان رەوانە دەکرێن و چەند رۆژێک دواتر هەموویان لە ناو لمی بیاباندا زیندەبەچاڵ دەکرێن.
بەڵام شاردنەوەیان لە ژێر لم ناتوانێت گەشی ئەستێرەی ئەو جوامێرە بشارێتەوە.
زیاتر