دینار لە خۆیەوە نەشکا

  08/02/2023  |    521 جار خوێندراوەتەوە

بەبێ ئەوەی بە کۆمەڵێک میکانیزم دینار بەهێز بکەن، سەقامگیریی بەهاکەی لە ماوەی درێژ خایەندا زەحمەتە و زۆر گران دەوەستێت. یەکێکیان ئەوەیە هانی پاشەکەوت لە بانکەکاندا بە دینار بدرێت بەرامبەر بە نرخ(یان رێژە)ی سوودێک(سعر الفائدە)ی گونجاو. هاوکات بانکی مەرکەزیی گرەنتی سەلامەتیی پاشەکەوت بکات لە بڕێکی دیاریکراودا. بۆ نموونە، هەر کەس تا پەنجا ملیۆن دینار پاشەکەوت بکات، ئەگەر بە زروفێک فەوتا، بانکی مەرکەزیی قەرەبووی کەسەکە دەکاتەوە. ئەم سیاسەتە لە ئەمریکا زۆر سودی هەبوو بۆ دروستکردنەوەی متمانە بە بانکەکان. 

بەڵام نرخی سوود رێ و شوێنی شەرعیی ئەوێت مادام بەشێک هەن بە حەرامی ئەزانن. 

بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی دارایی و بانکەکان بەشێکی تری ئیشەکەیە. 

سیاسەتی داراییش دەبێت هاوکار بێت. حکومەت، بەحکومەتی هەرێمیشەوە، کێشەی کۆکردنەوەی کاشی هەیە، لەوانە قەرزەکانی. بۆیە زۆرجار دینار زیاتر لە پێویست بە دەست خەڵکەوەیە. زۆر کارئاسانیی هەیە دەکرێت بیری لێ بکرێتەوە تا سیاسەتی داراییش چالاکتر بێت و سودیش بە بەهای دینار بگەیەنێت، بەوەشەوە کە دانەوەی قەرز بە حکومەت زۆر ئاسان بکرێت. 
لەسەروو هەموویەوە، هۆکارێکی هەڵئاوسان کەمیی بەرهەم و زۆری تێچووەکەیەتی. چەند مۆدێلی بەرهەمھێنان باشتر بکرێت، ئەگەری سەقامگیریی بەھای دراو زیاد دەکات. 

بەردەوام نزیک بوون لە بازاڕ و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر گۆرانکارییەکانی بازاڕ، لەسەر ئەوەی چی لە دۆلار دەکەن و دینار بۆ کوێ دەچێت، پاشان رێوشوێنیتر بۆ پڕکردنەوەی کونوکەلەبەرەکانی دزینی دۆلار سودی بۆ سەقامگیریی دینار زۆر دەبێت. 

لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا، پێویستە حکومەتی هەرێم ھاوکار بێت و بە عەقڵیەتی شکستهێنان بە عێراق و لاوازکردنی بیر نەکاتەوە دەنا زەرەر دەکەین، وەک چۆن پێویستە راوێژی پێ بکرێت و حسابی بۆ بکرێت. 

دینار لە خۆیەوە نەشکا. ئەوە ئاماژەیەک بوو بۆ لاوازییەکانی سیاسەتی نەختینەیی(پارە) و پاشان دارایی. کە روویدا لە ناکاو دێت و بە خراپیی دەستی خۆی دەوەشێنیت. لە ئایندەدا بەهای دینار دەشکێتەوە ئەگەر تەنها پشت بە هەبوونی دۆلار ببەستین، ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو ئیجرائاتی تر نەکرێت و کۆمەکی زۆر لایەنی تیادا نەبێت و گەشە بە سەربەخۆیی و تواناکانی بانکی مەرکەزیی نەدرێت.
دنیای تازە ئەپدەیتی پلان و پێشخستنی تواناکان و کۆمەکی فرە لایەنی دەوێت.

زیاتر