بودجەی جێندەر- عێراق بەپێش هەرێم دەکەوێ

ئاڤان فارس جاف

چالاکوان و ڕۆژنامەنووس
  08/03/2023  |    1269 جار خوێندراوەتەوە
ئه‌گه‌رچی هه‌رێمی كوردستان و عێراق واژوویان له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی سیداو و بڕیاری 1325ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی ژنان و یه‌كسانی جێنده‌ری كردووه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌ك به‌ فه‌رمی بۆ پێشخستن و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ ته‌رخان نه‌كراوه‌و به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌وه‌، چالاكی و ئه‌ركی زۆرێك له‌و دامه‌زراوانه‌ی بۆ ژنان ئاوا كراون په‌كیان كه‌وتووه‌. ژنه‌ په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراقیش ده‌ڵێت: به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان هیچ بایه‌خێك به‌ بودجه‌ی جێنده‌ری نادات و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، وردە وردە پرسی جێندەر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.
ئاماره‌كانی هه‌رێم
بەگوێرەی دواین ئامار كە لە بەشی تۆماركردنی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان وەرگیراو، لە هەرێمی كوردستان (5121) رێكخراو تۆماركراوە، لەنێوانیاندا نزیکەی (380) رێکخراو بەناوی رێکخراوی ژن تۆمارکراوە. له‌ خوێندنی باڵاشدا ژنان وه‌ك مامۆستا كه‌مینه‌ن، به‌ڵام وه‌ك خوێندكار ژماره‌یان له‌ ره‌گه‌زه‌كه‌ی به‌رامبه‌ریان زیاتره‌. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ژماره‌ی مامۆستایانی ژن (3640)ە، لەکاتێکدا رێژەی پیاوان (10819) کەمترە لە نیوە. بەڵام ژماره‌ی خوێندکاری کچ لە رێژەی کوڕان زیاترە، ژمارەی خوێندکاری کچ (85835)ە لەکاتێکدا ژمارەی خوێندکاری کوڕ (64735)ە، هاوکات سەرۆکی چوار زانکۆ لە هەرێمی کوردستان ژنن.
هێنانه‌ ئارای چه‌مكی جێنده‌رو جێگیركردنی له‌ ده‌قێكی یاساییدا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010 بوو، كه‌ بەشێوەیەکی فەرمی وشەی جێندەر لەنێو یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهاتووە، لە یاسای ژمارە 14 ساڵی 2010 لە ماددەی دووەم، ئەرک و ئامانجەکان بڕگەی دەیەم، بەمشێوەیە:-(بایەخدانی تایبەت بە بوارەکانی کولتورو هونەرو وەرزش و ژنان، کارکردن لەپێناو بڵاوکردنەوەی کولتوری جێندەر (جۆری کۆمەڵایەتی).
وەزیری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. کاوە محمود، باسلەوەدەکات، لە ساڵی 2011، لە وەزارەتی رۆشنبیری، دەستكراوه‌ به‌ کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی یەکسانی جێندەر، پاشان کاركراوه‌ بۆ کردنەوەی یەکەی جێندەر.
بودجه‌ی جێنده‌ری
بودجەی جێندەری "بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی جێندەری بۆ بودجە، جێگیرکردنی دیدگای جێندەری لە هەموو ئاستەکانی پرۆسەی بودجە، و داڕشتنەوەی داهات و خەرجییەکان بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگە.
ژنە پەرلەمانتارێكی كورد رێزان شێخ دلێر رۆژی 31ی مارسی 2021 لەلاپەڕەی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردەوە، تێیدا نووسی بووی: بەپشتبەستن بە مادەی "٢٨" برگەی "٦" پابەندبوونی حكومەت لەسەر بەرنامەو پرسی جێندەرو ژنان لە کۆمەڵگە بۆیە لەسەر داواکاری "ئێـمە لە پرۆژە یاسایی بودجە بڕگەیەک زیادکرا بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ پرسی جێندەرو جێبەجێکردنی بڕیاری "١٣٢٥"ی ئەنجومەنی ئاسایش بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە ژنانی عێراق. 
ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق، ئەوەیش دەخاتەڕوو  هەموو ئەو بڕیارو پلانانەی تایبەت بە پاڵپشتی ژنە، پێویستیان بە بودجە هەیە، بەگوێرەی ئەو بڕگانەی كە لە یاسای بودجە هەیە، لەهەر شوێنێك پێویستی بە سەرچاوەی دارایی هەبێت دەبێت ئەو بودجەیە هاوكار بیت". رێزان پێیوایە ئەگەر هاتوو بودجەیەك تەرخان نەكرێت، بۆ پەرەپێدانی بەشی جێندەر، ئەو بەشانەی پێویستە ژن بەشداری پێبكرێ ئەوا ئەستەمە بتوانن گەشە بە پرسی جێندەر بدەن. هەروەها رونیدەكاتەوە، تەنها لە عێراق ئەوە بڕگە ماددەیەی بودجەی هەیە، لە هەرێمی كوردستان هێشتا یاسای بودجەمان نیە، بۆیە ئەستەمە ئەو بڕگەیە جێگەی بۆ بکرێتەوە.
بە بۆچوونی رێزان، كاریگەری ئەو بودجەیە ئەوەیە كە وەزارەت و یەكەكانی جێندەرو زۆربەی زانكۆكان كە جێندەرناسی دەخوێنن" زۆر گرنگە بودجەی هەبێت، بۆ پلان و كارەكان و ستراتیژو سیاسەت  پێویستی بە بودجە هەیە، بەداخەوە کوردستان ئەو بودجەییەی نیە، هیچ گرنگییەكی پێ نادرێت. وردە وردە پرسی جێندەر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.
هه‌رێم خه‌ریكی چییه‌
پلانی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پەیوەست بە "ژن، ئاشتی، ئاسایش. 1325" بۆ 2021-2024  لە كۆلەگەی رێگرتن/ ئەنجام2. جێگیركردنی چەمكی رێگرتن لە بارودۆخە تەنگژەئامێزەكان لەناو چواچێوەی دامەزراوەییەكاندا، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، وەزارەتی پلانادانان كراوە.هەروەها هەڵسن بە داڕشتن و ئامادەكردنی بودجەی ساڵانە لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی جێندەر، لە بەشێكی دیكە هاتووە پێویستە: تەرخانكردنی رێژەیەك لە پرۆژەكانی وەبەرهەمهێنان بۆ ژنانی بێ هاوسەرو ئەو ژنانەی لە كاتی تەنگژەكاندا زەرەرمەند بوون.
د. خانزاد ئەحمەد، لەمیانەی بەشداری لە وۆرکشۆپی یەکەی جێندەری وەزارەتەکان لە 20ـی 2ـی2023 لە هەولێر وتی: بەپێی بەرنامەی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، پێویسته‌ یەکەکان لەکاتی دانانی بودجەدا، چالاکانە رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کچان لە بودجەی وەزارەتەکەدا رەنگبداتەوە. هه‌روه‌ها وتی: راهێنانەکان نابێت تەنیا بۆ ژنان و کچانی ناو وەزارەت بکرێت، بەڵکو دەبێت، هەر دوو رەگەزی ستافی وەزارەت تێیدا بەشدار بن، یەکەکان دەبێت لەکاتی دانانی بودجەدا، چالاکانە رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کچان لە بودجەی مانگانە/ ساڵانەی وەزارەتەکەدا رەنگبداتەوە".
بودجه‌یان بۆ دیاری نه‌كراوه‌.. لە په‌یكه‌ری ئیداریدا نین
تریفە فەریدوون، بەرپرسی یەكەی جێندەر لە پارێزگای سلێمانی ئەوە دەخاتەڕوو، كە هیچ بودجەیەكی دیاریكراو تەرخان نه‌كراوە، وتی: ئێمە سەر بە دیوانی پارێزگاین و ڕاستەوخۆ سەر بە پارێزگارین، بودجەی تایبەتمان نیە چونکە لە په‌یكه‌ری ئیداریدا نین بەڵام خەرجیمان لەسەر بودجەی پارێزگایە.
تریفە ئەوەشدەخاتەڕوو کە هەبوونی بودجەی تایبەت بە جێندەر كاریگەری زیاتر دەكاتە سەر چالاكییەكانمان و دەتوانین یەكەكان بەرەوپیش ببەین.
راهێنەر لە بواری جێندەر (پەیڕەو ئەنوەر) دەڵێت" بودجەی تەرخانكراو بۆ پەرەپێدانی جێندەر، رۆلێكی گەورەی هەیە لە پاراستنی خێزان و گەشەپێدانی كۆمەڵگە، ئەو بودجەیە تەنها تەرخان ناكرێت بۆ ژن، بەڵكو بە واتای تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ سەرجەم سەرچاوە مرۆییەكان بە یەكسانی".
راهێنەری بواری یەكسانی ئەوەش دەخاتەڕوو" تەرخانكردنی بودجەی جێندەر بەشێكە لە پرۆژەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، هەردوو رەگەزەكە بەشدار دەبن لە كۆمەڵگە و سودمەند دەبن لەو بودجەیە، بەتایبەت لە پرسی ئابوری سەربەخۆ، لە ناوەندی بڕیارو پرسی سیاسیی، ئەم سەرچاوانە تەنها ئابوری نیە، هەندێجار بۆ بابەتی هۆشیارییەوە، چۆن لەناو بودجەدا رێگایەك دەكەیتەوە بۆ سەرچاوەكانی نێو كۆمەڵگە.
ژیا عەباس، پسپۆری بواری كۆمەڵناسی جێندەر، پێیوایه‌ تەرخانكردنی بودجە بۆ گەشەپێدانی جێندەر رۆڵێگی گەورە دەبینێت لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، چونكە كەلێن و بۆشایی زۆر لەو روەوە هەیە. ئه‌و وتی: ئەو بابەتە  لەنێو كۆمەڵگەی كوردستان هێشتا وەك پێویست كاری لەسەر نەكراوە، پێویستی بە پلانی درێژخایەن هەیە، راستە هەوڵ و بنەما هەیە، بەڵام بەبێ تەرخانكردنی بودجە ناگەین بەمەبەست و دەرئەنجامی گرنگ.
وتیشی:" حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016 بە بریاری ژمارە (98) تێدا پەسەندی "پرۆژەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان 2016-2024" كردووە.
كردنەوەی یەیەكانی جێندەر وەك میكانیزمێك بووە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژە، لە ئێستاد لە 8 وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەی یەكسانی جێندەر هەیە.
خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی خانمان و گەشەپێدان لەمیانەی وۆركشۆپی پلانی ستراتیژی بۆ یەكەكانی جێندەر لە 20ـی فێبریوەری ئەوەی خستەڕوو" بەپێی پەیڕەوی نوێی ئەنجومەن، گرنگی بە ٨ وەزارەت دراوە کە دەبێت یەکەکانیان چالاکتر بکرێن. ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە یەکەکانی تر لەبیر دەکرێن، پرسەکە بەس ئەولەوییەتە. بۆیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە ئەرکی یەکەکان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە".
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری رێكخراوی لێكۆڵینەوەو زانیارییەكانی جێندەر رەمزییە زانا باس لەوە دەكات کە دابینكردنی بودجەی جێندەر كاریگەری خۆی دەبێ بەتایبەت لەڕووی پێگەیاندنی كارەكتەرەكانی یەكەو ناوەندەكانی تایبەت بە جێندەر زۆر گرنگە، رەنگە لەكاتی دامەزراندنی یەكەو خوێندنی جێندەر بیر لەوە نەكرابێتەوە بودجەی بۆ تەرخان بكرێ بەڵام زۆر گرنگە لە داهاتوو بیر لەوە بكەینەوە بوودجەی بۆ تەرخان بكەین.
حكومه‌ت فه‌رامۆشیكردووه‌
یوسرا كه‌ریم موحسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تواناسازی خانمان له‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ باسی لەوەکرد کە لەناو په‌یكه‌ری وەزارەت و پارێزگاکان بەشی بەهێزکردن و پشتیوانی لە ژنان دانراوەو جێگیرکراوە، بەڵام وەک بودجەی تایبەتی تەرخان کراو نیە، بەڵام  لەهەموو بودجەی پرۆژەو سێکتەرەکان بڕێک دیاری دەکرێت بۆ جێندەر". بەگوێرەی بەدواداچوونەكان لەناو هیچ بڕگەو ماددەیەكی تەرخانكراو لە حكومەتی هەرێم  بڕگەی تایبەت بە گەشەپێدانی جێندەر بوونی نیە.
ئاری ره‌فیق كۆمه‌ڵناس و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ئافره‌تان و خێزان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رەتیدەکاتەوە له‌سه‌ر ئاستی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم هیچ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت هەبێ بەناوی بودجه‌ی جێنده‌ر. 
ئه‌و وتی: ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بودجه‌یه‌كی دیاریكراومان نییه‌ له‌ژێر تایتڵی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پرسی جێنده‌ری، به‌ڵام به‌شێكی بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دیاریكراوه‌ بۆ ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كه‌ كار له‌سه‌ر روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی و تواناسازی ئافره‌ت ده‌كه‌ن.
هه‌رێم چه‌ند ساڵێكه‌ یاسای بودجه‌ی نییه‌
عەلی حەمە سالح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، خولی پێنجەم لیژنەی دارایی و ئابوری، دەڵێت" لە ساڵی 2013 بودجە نەهاتۆتە پەرلەمانی كوردستان"، وەک ئەو وتی" رەشنوسی بودجەی ساڵانی دیكەم لەبەردەست بێت هیچ بڕگەیەك ماددەیەكی تێدا نیە، باس لەوە بكات بودجەی تەرخانكراو هەبێت بۆ گەشەپێدانی جێندەر".
لە 10ـی دێسمبەری 2022 هاوپەیمانی ژنانی كوردستان گردبوونەوەیه‌كیان دژ بە جیاكاری جێندەرو نەبوونی بودجەی جێندەرو كۆمەڵێك پرسی دیكە رێكخستبوو، لە بەیاننامەیەكدا كە لەبەردەم ئامادەبووانی گردبوونەوەكە خوێندرایەوە، لە خاڵێكدا ئاماژە بەوە كرابوو كە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو 220 ژن لە كوردستان كوژراون.
پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، لەبارەی بودجەی جێندەر لە كوردستان و عیراق، رونیدەكاتەوە" ئەمە چەند ساڵێکە (لە ٢٠١٤)وە یاسای بودجە نیە لە کوردستان واتە بودجە (لەسەر ئاستی فەرمی) لە ھیچ بوارێکدا بەیاسا ڕێک نەخراوە، لەلایەکی دی یاسای بودجەی کوردستان کە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراق داڕێژراوە دواکەوتوترین داڕشتنی ھەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بیستەکانی سەدەی رابردوو، تەنھا دو جۆر بودجە دیاری دەکات: بودجەی بەکارخستن (تەشغیلی)و بودجەی وەبەرھێنان (استثماری) ئەم شێوازە ئێستا لە جیھاندا زۆر کەم کاری پێدەکرێت.
سەبارەت بە بودجەی جێندەری، ئاشكرایدەكات" لە ساڵی  ٢٠١٢ بە ھاوکاری UN Women ئەنجومەنی خانمان و وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرقاڵی ئەوە بوون کە جێگای بودجەی جێندەر بکەنەوە لە یاسای بودجەدا، لە ئێراقیش ھەمان بەرنامە ھەبوو".
ئەوەشدەخاتەڕوو" ھەوڵدرا بۆ دابینکردنی بودجە ھیچ نەبێت بۆ یەکەکانی جێندەرو پاشان بۆ سەنتەرەکانی جێندەر، ھەوڵەکان بەردەوام بوون، دیارە لە ٢٠١٤وە کێشەی دارایی ھەیە بەوھۆیەوە ھەندێک جار روبەڕووی ھەڵوێستی نەخوازراویش دەبوین لەو ھەوڵانە، ئەنجومەنی خانمان ھەرگیز بودجەی تایبەتی خۆی نەبووە لەبەر ئەوەی قەبارەیەکی مەعنەوی نیە، بەڵکو بەشێکە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەگەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو هەرێمانەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، واژووی لەسەر رێککەوتننامەی سیداو كردووە، بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەك لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها بەهێزكردنی ژن لە بواری ئابوری و سیاسی. به‌ڵام لە ھیچ دامەزراوەو دەزگایەکی فەرمی بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ژنان نەبووە، یەکجار لە ٢٠١٣ لە ١٣ پرۆژەی وەزارەتی پلاندانان سیانی خرایە سەرپەرشتی ئەنجومەنی خانمان و بەھاوکاری ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی UN لە ٢٠١٤و لەگەڵ قەیرانی دارایی (بڕینی بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتی مالیکی ئەوکات، وەزارەتی پلاندانان نەیتوانی شایستە داراییەکانی بەرامبەر UN جێبەجێ بکا پرۆژەکان کە ماوەیان سێ ساڵ بو کورتکرانەوەو ھەندێک قۆناغی تێپەڕێنرا.


زیاتر