بڕیاری ٦٨٨ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و له‌دایكبونی هه‌رێمی كوردستان

عادل باخەوان

کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ
  05/04/2021  |    2222 جار خوێندراوەتەوە

کێ ئەنجومەنی ئاسایشی قەناعەتپێکرد کە کوردەکان لەبەرامبەر سەدام حوسەیندا بپارێزێت ؟ کێ هەلومەرجی دروستبونی هەرێمی کوردستانی دروستکرد ؟ کێ ئەمەریکای ناچارکرد بە دەستتێوەرادن ؟ چۆن هەرێمی کوردستان دروستبوو ؟

١ . لە ٢ ی پەریلی ١٩٩١، فەرەنسا بە فەرمی و بۆیەکەمجار پرۆژەیەکی دابە ئەنجومەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. سەرۆک فرانسوا میتێران داوای لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە سەرکۆنەی داپڵۆسینی کوردەکان بکات و تەنانەت هەڕەشەیکرد کە گەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نەجوڵێت، فەرەنسا بەتەنها بڕیاردەدات و پرۆژەکەی جێبەجێ ‌دەکات و لەبواری مرۆیی و دیپلۆماسیدا بەدەم کوردەکانەوە دەچێت و گوتی : یان لەگەڵمان دەبن بۆ یارمەتی کوردستان یان بەتەنها دەستپێدەکەین .

٢ . جۆن مێجەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش پشتیوانی لە پرۆژەکەی فەرەنسا دەکات و داوادەکات لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەدەم کوردەکانی عێراقەوە بێن و یارمەتیانبدەن .

٣ . سەرۆک جۆرج بۆش لەسەرەتاوە نەیدەویست بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان بکات و دژی هەر هاوکاریەکی کوردەکانبوو. ئەو پێوابوو ئەم جۆرە لە دەستێوەردان گرفتی گەورە بۆ سیستمی جیهانی دروستدەکات. لەسەر ئەم هەڵوێستەی، جۆرج بۆش ڕوبەڕوی چەندین ڕەخنەی توند بووە، تەنانەت لەلایەن خودی جمهوریەکانی هاورێشیەوە .

٤ . پرۆژەکەی فەرەنسا بریتیبوو لە ئیدانەکردنی فەرمیانەی سەدام حوسەین و ڕاگرتنی داپڵۆسینی سەربازیانەی کوردەکان و بەهاناهاتنی مرۆییانەی کوردەکان و ڕزگارکردنیان لە مردنی دەستەجەمعی حەتمی .

٥ .پرۆژەکەی فەرەنسا ڕاڕاییەکی بێسنوری لای وڵاتانی وەک چین، هیند، یەکێتی سۆڤێت و چەندین وڵاتی دیکە دروستکرد و هەمویان پێکەوە دەترسان لەوەی کە لێرە بەدواوە ئەم جۆرە لە بڕیار شەرعیەت بدات بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیاندا .

٦ . بەڵام لە کۆتاییدا دیپلۆماسیەتی فەرەنسی یاریەکەی بردەوە و هەموو لایەکی قەناعەتپێکرد و لە ٥ ی ئەپریلی ١٩٩١ دا، واتە لە ڕۆژێیکی وەک ئەمڕۆدا، ١٠ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، بە یەکێتی سۆڤێتیشەوە، دەنگیان بە پرۆژەکەی فەرەنسا داو بڕیاری پاراستنی کوردەکان بە فەرمی واژوکرد .

٧ . گرنگی ئەم بڕیارە تەنها بریتینیە لە پارێزگاریکردن لە کوردەکان، بەڵکو گرنگیەکەی لەوەشدایە کە لە پاش لکاندنی ویلایەتی موسڵ لە دیسەمبەری ١٩٢٥ دا بە عێراقەوە، ئەمە یەکەم دۆکیومۆنتی نەتەوە یەکگرتوەکانە کە بە فەرمی ناوی کوردەی تیادا دەهێنرێت و کورد وەک گروپێکی سیاسی باسدەکرێن و دەخرێنە سەر شانۆی جیهانی .

٨ . لە ٨ ی ئەپریلی ١٩٩١ دا، بەریتانیا دورتر دەڕوات و بەفەرمی داوای دروستکردنی ناوچەی ئارام بۆ کوردەکان دەکات .

٩ . دوو ڕۆژ دواتر، ئەمەریکیەکان داوادەکەن کە نەک هەر ناوچەی ئارام دروستبکرێت، بەڵکو ئاسمانیش لە فڕینی فڕۆکەکانی عێراق لەو دیوی هێڵی ٣٦ وە قەدەغەبکرێت. هێڵی ٣٦ دەکەوێتە هەمان ئەو ناوچەیەی کە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی لەسەر دراوە و لێرەوە واشنتۆن ناچار نابێت سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان .

١٠ . لە ١٦ ی ئەپریلی ١٩٩١دا هێزەکانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمەریکا لە تورکیاوە دێنە نێو خاکی عێراقەوە و ناوچەی ئارام دروستدەکەن. سەدام حوسەین، بە ئامانجی دروستکرندی بۆشایی دەوڵەتی، دەزگاکانی دەوڵەت لە کوردستان دەکشێنێتەوە و کوردستان دەخاتە ژێر گەمارۆیەکی سەختەوە و پێیی وایە بەم هەنگاوەی کوردستان ناچاردەکات بە گەرانەوە بۆ باوەشی بەغداد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەنگاوەی سەدام حوسەین بوو بە هۆکاری خێراکردنی پرۆسێسی دروستکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک دەوڵەتێک لەنێو دەوڵەتدا کە ٣٠ ساڵە بەردەوامە .


ا
زیاتر