دەمامك فرۆش

دابان محەمەد

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
  22/08/2020  |    1111 جار خوێندراوەتەوە

ئیتر لە پێش هەر فەرمانگەیەك، دەمامك فرۆشێك یان دەستگێڕێكی دەمامك پەیدا دەبێت

كارگەی دروستكردنی دەستكێش هەبوایە سزاكەی دوو ئەوەندە دەبو!

كار وا بڕوات بڕیارەكانی ئەم حكومەتە تەنیا بۆ‌ چەند گەڕەكێكی هەولێرە!

حكومەت خۆی ڕێكارێكی خۆ پارێزی هەڵگرتوە، بە وتەی خۆیان لە دوای 15 ی مانگ كۆرۆنا وەك پەتایەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت(( فرۆكەخانەكان، سنورەكان، دەوامی حكومەت و فەرمانگەكان، بازاڕ و شوێنە گشتیەكان)) ئاساین، دەرگا بەڕوی دەیان هەزار گەشتیار كراوەتەوە، بەڵام سزای نەبەستنی دەمامك 20 هەزار دینارە، كە دەڵێین دۆخی كەرتی تەندروستیش باش نیە، نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت زیندو دەكرێتەوە و لە 500 هەزار بەرەو ژور داخڵبونی هەر نەخۆشێكی كۆرۆنایە، ئەوانەشی كە دەڵێن با حكومەت دەمامك بە خۆڕایی دابین بكات، دور نیە حكومەت گرێبەستێك لەگەڵ كارگەكەدا بكات! دواجار هەر پارەی میللەتە.

خۆپارێزی كۆرۆنا ئەگەر تەنیا دەمامكە، كەواتە ئەو سێتی جل و بەرگەی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لەبەری دەكەن لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا لە پێناو چی! دڵنیام ئەگەر كارگەی دروستكردنی دەستكێش هەبوایە، ئەوا سزای لەدەستنەكردنی دەستكێش دوو ئەوەندە دەبو، چالێنجەكانی بەستنی دەمامك (( كاكە ئارین، سەرۆكی حكومەت و وەزیری تەندروستی)) چەند كاریگەریان هەبو، ئەم بڕیارەش هەر ئەوەندە، كار وابڕوات بڕیارەكانی ئەم حكومەتە بە بێ پاڵپشتی یاسایی و خوێندنەوەی واقیع، تەنیا لە چەند گەڕەكێكی هەولێر جێبەجێ دەكرێت!

ئەم بڕیارە، زیاتر پەیوەستە بە وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتەوە، ئەو هاوڵاتیانەی مامەڵەیان بەڕێوەبەرایەتیەكاندا هەیە، ئیتر لە پێش هەر فەرمانگەیەك دەمامك فرۆشێك، یان دەستگێڕێكی دەمامك دروست دەبێت، لەوەش زیاتر ئەگەر زۆر جدی بن لە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بۆ بازاڕ و شوێنە گشتیەكان، ڕەنگە بەشی پۆلیسی دەمامك دروستبكرێت.

زیاتر