بەداخەوە هەنگاوێکی تر بۆ دواوە !

کاوە عەلی

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە
  24/09/2020  |    1266 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان سایتی  پێشووی ناکرێتەوە و هەموو ئەو بەڵێنانە و پڕۆژە و  بودجانەی بەڵێن درابوو لە سایتی نوێدا بونیان نییە و دانەنراوەتەوە ! هەنگاوێکی ترە بۆ نا ڕوونی و لادان لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆ .

لەهێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕگەی یەکەم (بواری چاکسازی) خاڵی شەشەم ( شەفافیەتە!)

چەند ساڵێکە وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بودجەی تەرخان کردووە بۆ کۆمەڵێک ناوچەی جیاجیا لە هەرێم و بە پاساوی قەیرانی دارایی و کێشەی نێوان حکومەت و بانکی ئەهلی زۆربەی نەکەوتونەتە بواری جێبەجێکردن و تەنها بەڵێندراو بوو بەنمونە ئەمانەی خوارەوە :

١- پڕۆژە تایبەتەکانی هەڵەبجە 200 ملیۆن دۆلار

٢- پڕۆژە تایبەتەکانی گەرمیان 380 ملیۆن دۆلار تەنها 200 ملیۆنی خەرجکراوە .

٣- فرۆکەخانەی دهۆک 80 ملیۆن دۆلار ......

ئەمانە و کۆمەڵێک پڕۆژە کە گوژمەکانیان بە بڕی 3,3 ملیار دۆلار بووە و تەنها 2,1 ملیاری خەرجکراوە و 1 , 2 ملیاری خەرجنەکراوە وەک هاوپێچە .

هەرچۆنێک بێت وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە سایتی فەرمی وەزارەت تا ماوەیەک لەمەوپێش  و بە درێژایی کابینەی هەشت و ساڵێکی کابینەی نۆ  لە ژێر ناوی بنیاتنانی تواناکان بە ئینگلیزی و کوردی ئاماژەی بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارانە کردووە لە کاتی واژووی گرێبەستەکان وە بەڵێنی خەرجکردنی دابوو .

بەڵام ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان سایتی وەزارەتی ئەپدەیت کردووە و هیچ لەو زانیاریانە نەماوە و ئەو بودجانە بۆ هەندێک شوێن یان هەندێک پڕۆژە خەرج بکرێت یان نەکرێت ئەوەندە ناڕونە هیچ کەسێک نازانێت کراوە یان نا! کە دەبوو ئەم کابینەیە وەک لە هێڵە گشتیەکان ئاماژەیان پێکردووە زیاتر بەرەو شەفافیەت بچێت نەک پێچەوانەکەی !

ئەو بودجانەی خوارەوە پێکەوەن و حکومەتی هەرێم کاتێک بۆ ناوچەیەک بودجەیەک خەرج دەکات کە سەرەتا وەرگیراوە لە کۆمپانیا نەوتیەکان بۆ مەبەستی پرۆژە و هەبووە، بەنمونە کە بڕیارە فڕۆکەخانەی دهۆک بەخۆشحاڵییەوە دەست پێبکاتەوە کە لە ڕیزبەندی چوارەمە لە خشتەکە واپێویستە لە ڕیزبەندی دووەمیش کە پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجەیە چەند پرۆژەیەک بچێتە بواری جێبەجێکردن.


زیاتر