پێویستە کارەساتە چاوەڕوانکراوەکان یەکمان بخەن

قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆکی حکومەت
  05/06/2024  |    574 جار خوێندراوەتەوە

لەم رۆژانەدا بابەتی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە بناری شاخی گۆیژەی سلێمانی (کە رەنگە لە هەموو عێراقدا جوانترین و ناوازەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون بێت)، بوو بە مایەی مشتومڕێکی زۆر و دانیشتوانی شاری دابەشی دوو بەرە کرد. بەرەیەک دژی پڕۆژەکەن و پێیانوایە زیانی ژینگەیی هەیە و بەرەیەکی دیکەش پێیانوایە ئەگەر پڕۆژەکە زیانی ژینگەییشی هەبێت، لەو ئاستەدا نییە پڕۆژەیەکی ناوازەی بۆ پەکبخرێت کە سیمای شار دەگۆڕێت.

مەبەستم نییە لێرەدا باسی لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم پڕۆژەیە بکەم، ئەمە ئەرکی پسپۆڕانی بوارەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانە. بەڵکو ئەم پڕۆژەیە و ئەو مشتومڕەی دانیشتوانی سلێمانی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە و لەڕۆژی جیهانی ژینگەدا، دیمەنە گەورەکە ببینین.

ئەم موناقشە گەورەیەی لەناو سلێمانی لەسەر پرسی ژینگە دروستبووە، هەرچەند بەشی زۆری رەخنەکان بەندە و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی شار دەگرێتەوە، بەڵام هەستی شانازی و گەشبینی لە مندا ورووژاند، ئاخر یەکەمجارە دەبینین لە کوردستان و عێراقدا پرسی ژینگە دەبێتە جێی مشتومڕێکی لەم ئاستە و هاوڵاتی دەیەوێت لەڕێگەی پرسی ژینگەوە فشار لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری دروستبکات.

بۆیە لە قوڵایی دڵمەوە بەم هەستیاری و فشاردروستکردنەی هاوڵاتییان خۆشحاڵ و گەشبینم و هیواخوازم هەموو کورددستان و عێراق بگرێتەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆرە هەموومان ئاگاداری مەترسییە پێشبینی کراوەکانی گۆڕانی کەشوهەواین و ساڵانە راپۆرت و توێژینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هۆشداری روودانی کارەساتی گەورە و قەرەبوونەکراومان پێ دەدەن، کەچی سیاسەت و حکومڕانی ئێمە لە عێراق و کوردستاندا تا رادەیەکی زۆر بێباک بەلایدا تێپەڕ دەبێت.

دەمەوێت بە راشکاوی بڵێم، هەتا هاوڵاتی و کۆمەڵگای مەدەنی بە ئەندازەی پێویست فشار دروست نەکەن، بڕوا ناکەم سیاسەت خۆی بەم پرسە چارەنووسساز و پڕ لە هەڕەشەیەوە سەرقاڵ بکات. ئەوە نییە کۆچی ناچاری دەیان هەزار خێزان لە باشور و ناوەڕاستی عێراق و خێراتربوونی پرۆسەی بە بیابان بوون و لەناوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمکردنی مەترسیداری ئاوی سەر زەوی و ژێرزەوی و چەندین کارەساتی دیکە بە بەرچاوی هەمووانەوە روو دەدات و هەمووانیش کپ و بێدەنگ، وەک بڵێی ئەم کارەساتانە لە هەسارەیەکی تر روو دەدات.

بەبێ دوودڵی دەڵێم مەترسی تێکچوونی ژینگە چەندین قات لە مەترسی تیرۆر گەورەترە. تیرۆر قۆناغێکی راگوزەرە و تێپەڕ دەبێت، کەچی تێکچوونی ژینگە قەرەبوو ناکرێتەوە و هەڕەشەیە بۆسەر هەموو نەوەکانی داهاتووش. ڕوونتر لەوەش، تێکچوونی لەوەزیاتری ژینگە، خۆی سەرچاوەی ناسەقامگیری داهاتوویە.

 ١٠٠ ساڵە لە عێراقدا سیاسەت لەژێر دروشمی دادپەروەری بەڕێوەدەچێت و بەدیش نەهاتووە، بەڵام ڕەنگە تێکچوونی ژینگە دادپەروەرییەکی نەخوازراومان بەسەردا بسەپێنێت. دادپەروەری لە دابەشبوونی یەکسانی ئازار و نەهامەتیدا، بەو مانایە کە لێکەوتەکانی تێکچوونی ژینگە بە شێوەیەک نییە کە بەرۆکی ناوچەیەک و خەڵکانێک بگرێتەوە و ناوچەکانی دیکە و خەڵکانی دیکە لێی بێ بەری بن.

نەمانی دەرفەتی ژیان لە باشوری عێراق، لە ڕێگەی کۆچی ناچاری و دواتر ناسەقامگیرییەوە، ئازارەکەی بەر ناوەڕاست و تەنانەت بەر هەرێمی کوردستانیش دەکەوێت. یان نمونەیەکی روونتر، کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک پاشماوەی ژەهراوی لە تانجەرۆی سلێمانی، تەنها زیانی بۆ ژینگە و تەندروستی هاوڵاتییانی سلێمانی نییە، بەڵکو ئەو خۆڵ و خاشاکەی تانجەرۆ بووەتەهۆی پیسبوونی ئاوی رووباری تانجەرۆ کە دەڕژێتە ناو بەنداوی دەربەندیخان و لەوێشوە مەترسییەکانی ئەم پیسبوونە لەڕێی رووباری سیروانەوە بەرەو ناوەڕاست و باشور دەڕوات.

بۆیە ئەگەر لە زۆر سیاسەتدا ناکۆک بین، دەبێت پرسی ژینگە کۆمان بکاتەوە، بەندە وەک بەرپرسێک لە هەرێمی کوردستان چەندە خەمی چارەسەرکردنی کێشەی تانجەرۆمە، دەبێت بە هەمان ئەندازەش بەرپرسێکی حکومەتی فیدراڵ لەبەغداد و بەسرە و ئەنبارە خەمی چارەسەرکردنی کێشەی تانجەڕۆی هەبێت. بە پێچەوانەشەوە بەندە و هاوڕێکانم لە هەرێم دەبێت خەمی زۆنگاوەکانی باشورمان هەبێت، چونکە ئەگەر وانەکەین بەر دادپەروەرییە نەخوازراوەکەی ژینگە دەکەوین.

لەناو هەر تاریکییەکدا تروسکاییەک هەیە بەرەو راستەڕێ ئاراستەمان بکات. پرسی ژینگەش چەندە مەترسییە، ئەوەندەش دەرفەتە بۆ هەموومان، دەرفەتە بۆ تێگەیشتن لە هاوچارەنووسیی، دەرفەتە بۆ تێگەیشتن لە ئازار و مەترسییەکانی یەکتر، دەرفەتە بۆ کرانەوەی دەرگای تێگەیشتمان بەڕووی هەڕەشە و مەترسییە هاوبەشەکانی داهاتوومان، دەرفەتە بۆ تێگەیشتن لە پێویستیی پێداچوونەوە بە سیاسەت و حکومڕانی.

لەم سۆنگەیەوە وەک دەستپێک دەستپێشخەرییەک بۆ لایەنە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم رادەگەیەنم و بانگێهێشتیان دەکەم بۆ کۆنفڕانسێک. لەو کۆنفڕانسەدا بە دیاریکراوی هاوکات لەگەڵ کێشەی تانجەڕۆ، چەند شوێنی دیکەش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستنیشان دەکەین و پلانی چارەسەرکردنیان بۆ دادەنێن تا لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت و پلانی چارەسەرکردنیان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گرنگی هەنگاوێکی لەم چەشنە و سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە هاندەرمان دەبێت بۆ کاری هاوبەشی زیاتر لە ساڵانی داهاتوودا.

زیاتر