جگەرەکانی مارکس! تێکۆشانی زۆر و دەسکەوتی ناچیز..

بابەکر دڕەیی

بەڕێوەبەرى ڕۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى
  05/10/2020  |    987 جار خوێندراوەتەوە
بنیاتنانی شارستانیەت و عەقلانیەتی نوێ ی ئەوروپا، خەبات و ماندوبونێکی زۆری ویست تا کەوتە سەر سکەی خۆی و پەرەیسەند و سەرانسەری جیھانی داگیرکرد.

راستە ئەم شارستانیەت و پێشکەوتنە لە بواری ئابوری و رەھەندەکانی تری ژیانی کۆمەڵدا ھەنگاوی مەزن و مێژویی نا، و لە ماوەی دو سەدەدا ئاستی ژیان و کلتوری ملیۆنان ئینسانی چەندین پلە بەرزکردەوە و کردنی بە پێشرەوی بێڕکەبەر و تاسەری کۆی کشوەرەکان، بەلام، سەرباری ئەوەش، ماوەیەکە ئەندێشمەندو زاناکان ی ئەوروپا ( و ئەمریکا) ، دیسان لەم سیستمە لێبرالی و کاپیتالیستیە کەوتونەوە تەقەو پێیان وایە گەر ئەندێشمەندان و زاناکان چارەیتر نەدۆزنەوەو فریای ئەم شارستانیەت و سیستمە نەکەون، لەھەردو بواری ئابوری و سیاسیدا گەیشتۆتە مایەپوچی و، لیبرالیزمی سیاسی و کاپیتالیزمی بازاڕ ھیچی پێنەماوە پێشکەشی مرۆڤایەتی بکات.

یەکێک لەو بیرمەندە مەزنانەی رۆلی ئێجگار گەورەی لە پێشخستنی سیاسی و فکری، و کردنەوەی چاوی نوخبەو جەماوەری ئەوروپاو جیھاندا گێڕا بێگومان فەیلەسوف و بیرمەندی ئەلمانی کارل مارکس ە.
مارکس لەسەرەتای لاوێتیەوە کەسێکی وردو زیرەک بو. باوکی پێی خۆش نەبو رو بکاتە سیاسەت و فەلسەفە بەلام ئەو دوای خولیاکانی خۆی کەوت کە گۆڕینی جیھان و داکۆکی لە کرێکاران و کۆی گشتی مرۆڤە بێبەشەکان بو... لەو کاروانەشدا ئازاری بێسنوری چەشت تا ئاستی قوربانیکردنی بەشێکی خێزانەکەی.

ئەوکاتەی لە ئاوارەیی بەسەردەبرد و لە ناوچەی سۆھۆی لەندەن دەژیا، ( سۆھۆ بە پێچەوانەی ئێستاوە کە سەنتەری لەندەنەو گرانترین شوێنە، ھەرزانترین گەرەک بوە) لە نامەیەکدا بۆ ھاوڕێیەکی نزیکی نوسیوە:

"ھاوژینم نەخۆشە، جینی چکۆلەش نەساغە، لینکن یش جۆرێک لە تای دەماری ھەیە، منیش ناتوانم و لە بارما نیە دکتۆر بانگ بکەم چونکە پارەم پێنیە بۆ دەرمانەکان... ئەوە ھەشت تا دە ڕۆژە ھەر نان و پەتاتەم دەرخواردی خێزانەکە داوە..."( کاپیتال.. پێشەکی چاپی wordsworth ٢٠١٣)

سەرباری ئەم ژیانە سەختە کە بوە ھۆی مردنی سێ مناڵی، مارکس بە لێبڕان و سەرسەختیەکی سەرنجراکێشەوە بەردەوام بو لەسەر نوسینی کتێبە مەزنەکەی سەبارەت بە ئابوری سەرمایەداری" کاپیتاڵ - سەرمایە"..

کتێبێک کە جەوھەرو ناوەرۆکی لەسەر ئەوە بنیاتنراوە کە بەرھەمھێنانی سەرمایەداری سەرەنجام وەک سیستم دەگاتە بنبەست و، بەھۆی نامۆکردنی کرێکاران و بەرھەمھینەران لە کۆی سیستمەکەدا، ئاقیبەتی ھەڵوەشان و وێرانبونە ئەگەر شوێنگرەیەکی ھوشیارانەی ئینسانەکان بۆشایی و وێرانی پڕ نەکاتەوە.

کتێبی" کاپیتال" ، بە دانپیانانی دۆست و نادۆست، ھەمان شوێنی لە وەرچەرخانی مێشک و عەقڵی مرۆڤدا گرتوە کە کتێبی "ڕیشەی جۆرەکان" ی داروین لە بواری بیۆلۆژی و رەچەڵەک و سەرچاوەی پەیابونی مرۆڤدا گرتویەتی.

مارکس، سەرباری ھەمو بەدبەختیەکانی ژیان جگەرەخۆرێکی بێئامانیش بوە.
وەک خۆی و نوسەرانی ژیاننامەکەی باسدەکەن، سەرانسەری کتێبی کاپیتال بە جگەرەکێشانەوە نوسراوە...

کتێبێک کە چینی سەرمایەدارو نوێنەرە فکریەکانی لەسەدەی نۆزدەدا خراپترین پێشوازیان لێکرد، بە مردنی نوسەرەکەی ھەناسەی خۆشیان ھەڵکێشا و، لە مەراسمی ناشتنیدا ھیچ کەسیان ئامادە نەبون، و لە ھەمو ئەوانەش خراپتر، لە بەرامبەر پیتۆڵی و ھەڵکەوتویی کتێبە مەزنەکەیدا ساڵەھا بێدەنگی گۆڕستانیان ھەڵبژارد و چوار وشەی باشیان لەسەر نەنوسی.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە : خەبات بۆ عەدالەت و یەکسانی و کۆمەڵگایەکی بێچەوسانەوەو یاسامەند، چ پێش مارکس و چ لە سەردەمی ئەودا کە سەردەمی گەشەی سەرمایەداری بو، تا ئێستاو بێگومان تا گەیشتن بە ئامانجی عەدالەت و یەکسانی، درێژەی ھەبوەو درێژەی دەبێت و کەسانێکی بێشومار بە خۆیەوە ماندو سەرقال دەکات.
ئەم خەباتە لە دەیان ولاتی جیھاندا، کەم و زۆر، بە ئامانج گەیشتوە، تاکی ھوشیاری کۆمەلگاکان و نوخبەی سیاسی ولاتان لەسەر وەدەسھێنانی خواستە جدیەکانی ئازادی و یەکسانی مکوڕن و کەم شوێنی گۆی زەوی ھەیە پێکھەڵپژان و ململانێی زەق و ئاشکرا لەسەر یەکسانی و عەدالەت لەگۆڕێدا نەبێت و ھەوڵی بەردەوام بۆ چەسپاندنی زیاتری نەدرێ.

مارکس رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕا لە چەسپاندنی رۆلی مرۆڤ بە گشتی و کرێکاران بە تایبەتی لە رەتکردنەوەی ستەمی سیاسی و چینایەتیدا... رۆلێکی ستراتیژی وازیکرد لە ھاندانی ستەملێکراوان بۆ لابردنی زوڵم و دامەزراندنی دنیایەکی جوانتر و عادیلانەتر..

ئەوەی لە رواڵەتدا تا چ ئاستێک نوخبەی فکری و سیاسی وڵاتە گەورەو پێشکەوتوەکان ددان بە بایەخ و کاریگەری مارکسدا ئەنێن لە گۆڕینی ئاراستەی ژیان و خۆشبەختیاندا، ھیچ لەو راستیە کەمناکاتەوە کە خەباتی فکری و سیاسی کارل مارکس مۆری خۆی لەسەرجەم بوارەکانی فەلسەفە و ئابوری و سیاسەت و سۆسیۆلۆژیدا چەسپاندوەو، ھەبونی چەندین دەولەت و حزب و، سەدان رێکخراوە و گروپ لە ژێر ناوی مارکس و ئیدەکانی ئەودا، سەلمێنەری ئەوەیە کە مارکس ھێشتاش ھاوسەردەممانە و پێگەی ئەو، تا ئەو ساتەی ستەم و نادادی بمێنێ قایم و چەسپاوە.

لە کوردستان، بە پێچەوانەی ئەوروپاوە کە تێکۆشان بەرھەمی خۆی بەخشی بە ھەموان، زیاتر لە نیو سەدەیە خەبات بۆ عەدالەت و یاسامەندی و دەولەتی مۆدێرن بەردەوامە و ئاکامەکەی بۆ ھیچکەس جێی دڵخۆشی نیە.

ئەم خەبات و تێکۆشانە لەسەر ئاستی تاک و جەماوەر، کێوێک جیاوازە لەوەی کام سەرکردەو کام حزبی سیاسی بەڕێوەی بردوە یان بەرێوەی دەبات، ھەربۆیەش خۆی لە خۆیدا خاوەنی مێژویەکی تایبەتە و، بەدەر لە کەسە دەسەلاتدارەکانی حزبەکان، وەک تاک و وەک مرۆڤی خاوەن ئامانجی روون و عادیلانە، لە کوردستاندا ھەزاران کەس خۆی بۆ کردۆتە قوربانی و ھەزارانیش لەو پێناوەدا ئاوارەو دەربەدەری ولاتان بون.

حزب و رێکخراوە سیاسیەکان، لە سەردەمی دروستبونی پارتی و حزبی شیوعیەوە تادەگاتەوە کۆمەلەی رەنجدەران و دەیان حزب و رێکخراوی جیاواز بە ناوەکانی "کۆمۆنیست" و "سۆسیالیست" و "رەنجدەران" و "چەپ" و ھتد.. لە ھەناوی خۆیاندا ھەلگری کەسانێک بون کە بە دڵێکی پاک و دلسۆزیەکی بێوێنەو قارەمانەتیەکی ئەفسانەییەوە ئامادەبون بەوپەری ئیمانەوە خۆیان لە پێناوی یەکسانی و عەدالەتدا بەرەو فەوتان و نەمان بەرن.
تاکی کورد، وەک مرۆڤیکی ھوشیار ئامادەبوە خۆی فیدا بکات بۆ ئاوات و ئامانجە گەورە و گشتیەکان و لەم پێناوەدا لەھیچ نەترساوە،

بەلام ئەوەی تا چەند سەرکردەو سەرۆک و کاربەدەستی حزب و رێکخراوەکانیان ھەلگری ھەمان ھەست و دلسۆزی و پاکی بوبن مەسەلەیەکی تەواو جیاوازە.

گەر لە لایەکەوە "دەسکەوت" و بەرەنجام و لە لایەکی تریشەو " تێکۆشان" بکەینە پێوەر، بۆمان دەرەکەوێ کە تاکی مییللەت درێغی نەکردوە و ژمارەی قوربانیانی عەدالەت و یەکسانی لە ئاستی گەلانی تر کەمتر نیە، بەلام بێگومان کاتێک سەرەنجام و دەسکەوتەکان بژمێرین بۆمان ساغ دەبێتەوە کە سەرۆک و سەرکردەو کاربەدەستانی حزبە چەپ و بەناو چەپ و سۆسیال دیموکراتەکانی کوردستان، تا چ ئەندازەیەک خۆپەرست و لادەرو وێران و ناپاک بون بۆ ئەو باوەرانەی بانگەشەی ھەڵگرتنیان ئەکرد و ئەیکەن.

بێینەوە سەر جگەرەکەی کارل مارکس و ناونیشانی وتارەکەمان.

مارکس، وەک وتمان، لە دۆخێکی ئێجگار پڕ لە ھەژاری و دەردیسەری و ئاوارەیی و، سەرقاڵی بە خەباتی عەمەلی و ژیانی خێزانیەوە "کاپیتاڵ" ی نوسی.
بەلام ھەر لەو کاتەدا کە مرۆڤێکی مەزنی وەک ئەو دەیزانی چ خەزێنەیەکی فکری دەگمەن و بێوێنە پێشکەشی مرۆڤایەتی دەکات، لە نامەیەکدا بۆ ھاوڕێیەک نوسیویە:
" دەزانم کتێبی کاپیتاڵ پارەی ئەو جگەرانە دەرناھێنێتەوە کە لە نوسینی دا کێشاومن.." .
"capital will not even pay for the cigars l smoked writing it"

لە ڕاستیا خودی ئەو رستەیەی مارکس ھانیدام منیش لێرەدا ئەو چەن وشەیەی سەرەوە بنوسم و لە خۆم و زۆر کەس لە ھاوڕێ چەپ و دلسۆزو وەفادارە راستگۆکانی رێگای عەدالەت و یەکسانی و یاسامەندی ناو کۆی حزبە سیاسیەکانی کوردستان بپرسم:

یەک: ئایا ئەو سیستم و دەسەلاتەی لە کوردستان دامەزراوە ھەمان ئەو سیستم و دەسەلاتەیە کە ئێمە بۆی تێکۆشاین و سێبەشی زیاتری تەمەنمان بۆ بەخشی؟

دو: ئایا ئەو دابەشکردنەی سامانی وڵات ھەمان ئەو دابەشکردنەیە کە لە ولاتە نیمچە پێشکەوتوەکانی دنیادا ھەیە یاخود جیاوازە لەوانیش؟

سێ: ئایا توانراوە پەیوەندی کورد لەگەل ناوەند لە ماوەی ئەم ٣٠ سالەدا بگاتە ئاستێک کە چەسپاوی ئابوری و سیاسی بەخشیبێتە خەلکی کوردستان؟
چوار: ئایا سیستمی پەروەردە و فێرکردن، بەرگری، خانەنشینی، پێشخستنی گەنجان، دامەزراندن و لە ھەمو ئەوانەش گرنگتر ئایا کشتوکال و ئاودێری ولات چۆتە سەر ئەو سکەو شێوازانەی لە ولاتانی پێشکەوتودا ھەن و شارەزاو دلسۆزەکانی خۆشمان داوایان ئەکرد؟
و زۆر پرسیار و داوای تریش ھەن کە دەکرا ریزیان بکەم و لە خۆمان بپرسمەوە:

ئەرێ ئەو خواستانە بۆ نەکران؟
کئ رێگر بو؟
چۆن رێماندا کەسانێک ببنە رێگر؟
ئایا خەبات و ماندوبونی ھەزاران ھەزار کەس ھەر وەک ماندوبونی مارکس بو لەسەردەمی خۆیدا کە سەرباری پێشکەشکردنی بەنرخترین کتێب ھێشتاش پێیوابو کتێبەکەی پارەی جگەرە کێشراوەکانی دەرناھێنێتەوە؟
ئایا ئێمە ی مەعشەری چەپ و یاساخوازو خوازیارانی عەدالەت و یاسامەندی بە تەواوی شکستمان خواردوە و بربرەکانی پشتمان لێکترازاون؟
ھۆکاری ئەم پاشەکشەیەی یەکسانخوازی و عەدالەتخوازی چیەو کێیە؟
خۆمانین؟
ولاتانی ئیقلیمن؟
بارودۆخی سیاسەتی جیھانیە؟
یان ھەرسێکیان پێکەوە؟

جگەرەکێشانی مارکس ئەوەی وەبیر ھێنامەوە چما ئایا ئەوەی ئێمەش لە مەودایەکی چل ساڵیدا( ھەنێ کەس مەودای خەباتیان پەنجا ساڵ تێئەپەڕێنێ) بۆ ئاوات و ئامانجە گشتیەکان ئەنجامماندا بایی پارەی ئەو جگەرانە دەبێت کە لەو تەمەنە دورودرێژەدا سەرفکراون و کێشراون؟
پرسیارێکە خۆم لە وەلامەکەی دڵنیا نیم....
زیاتر